ڕۆمانی شایەتییەک: مایکڵ ئارمسترۆنگ، کوڕی کارگەکە
ڕۆمانی "مایکڵ ئارمسترۆنگ، کوڕی کارگەکە" دەڕوانێتە لایەنە تاریکەکانی سەردەمی شۆڕشی پیشەسازی و گەشەسەندنی خێرای کارگە و کانییەکان لە ئینگلتەرای سەدەی ١٩یەمدا.
ناوەندی هەواڵ
ئەم هەفتەیە، چەندین وڵات بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی منداڵانەوە چالاکیی جۆراوجۆریان ڕێکخست. منداڵان زیاتر لە هەر کەسێکی تر بەدەست شەڕ، کۆچبەری، وێرانکاری، چەوساندنەوە، دەستدرێژی، قەیرانی ئابووری و چەندین دیاردەی دیکەوە دەناڵێنن. ئەم ڕاستییە لە هەموو ئامارەکاندا ڕەنگدەداتەوە، بەڵام بۆ پاراستنی منداڵان کارێکی زۆر کەم دەکرێت.
ڕۆمانی مایکڵ ئارمسترۆنگ، کوڕی کارگەکە کە باس لە چەوساندنەوە و هەژاریی منداڵان لە جیهانی کرێکاراندا دەکات، تەنها ڕۆمانێک نییە، بەڵکو شایەتییەکی کۆمەڵایەتییە و چیرۆکی قوربانییە نەبینراوەکانی شۆڕشی پیشەسازی دەگێڕێتەوە. یەکێک لەو بەرهەمانەی کە لە ڕێگەی ئەدەبیاتەوە ئەم ڕاستییەی نیشاندا، ڕۆمانی (Michael Armstrong, Factory Boy)ی نووسەر "فرانسیس ترۆلۆپ"ە.
یەکێک لە یەکەمین ڕۆمانەکان لە بەریتانیا
فرانسیس ترۆلۆپ کە لە ساڵی ١٧٧٩ لەدایکبووە و بە یەکێک لە نووسەرە گرنگەکانی سەردەمی خۆی دادەنرێت، ڕۆمانەکەی لە ساڵی ١٨٤٠دا بە شێوەی بەشی مانگانەی وێنەکێشراو بڵاوکردەوە. هەرچەندە بەرهەمەکە چیرۆکێکی خەیاڵی دەگێڕێتەوە، بەڵام لەسەر بنەمای بارودۆخی ژیانی ڕاستەقینەی ئەو سەردەمە داڕێژراوە. لەم ڕووەوە، بە یەکێک لە یەکەمین ڕۆمانەکانی بەریتانیا دادەنرێت کە باس لە ژیانی هاوچەرخی پیشەسازی دەکات.
ڕۆمانەکە تیشک دەخاتە سەر چیرۆکی ئەو منداڵانەی کە لە ناو جەرگەی هەژاری و چەوساندنەوەدا بۆ بژێوی ژیانیان تێدەکۆشن. لە سەردەمی شۆڕشی پیشەسازیدا، بە هەزاران منداڵ ناچار کران بە مووچەیەکی زۆر کەم، بۆ ماوەی کاتژمێری درێژ لە کارگەکان، کانییەکان و پیشەسازییە جیاوازەکانی دیکەدا کار بکەن. زۆربەی جار لە خێزانەکانیان دادەبڕان و ناچار دەبوون لە بارودۆخێکی ناتەندروست و مەترسیداردا بژین. بەتایبەت ئەو منداڵانەی لە کارگەکانی ڕستن و چنین (تێکستیل) کاریان دەکرد، لە نێوان ئامێره قورسەکان و لە شوێنە تەنگەکاندا دەستیان بەکار دەکرد و زۆرجار ڕووبەڕووی ڕووداوی دڵتەزێن دەبوونەوە. شوێنی کارەکان کە پڕ بوون لە تۆز و خۆڵ، ڕۆن و دووکەڵ، بڕستیان لە منداڵان دەبڕی و دەبوونە هۆی ئەوەی لە تەمەنێکی گەنجیدا تووشی نەخۆشی ببن.
هۆشیاریی کۆمەڵایەتی دژ بە کارپێکردنی منداڵان بەرز دەکاتەوە
ڕۆمانی فرانسیس ترۆلۆپ کە لەسەر بنەمای تێبینی و تێڕوانینەکانی خۆی نووسرابوو، لە کاتی بڵاوبوونەوەیدا دەنگدانەوەیەکی گەورەی دروستکرد. ڕۆمانەکە نەک تەنها وەک بەرهەمێکی ئەدەبی، بەڵکو وەک تۆژینەوەیەکیش سەیر دەکرا کە بەشداریی کرد لە بەهێزکردنی داواکارییەکان بۆ چاکسازیی کۆمەڵایەتی. دواجار، "کوڕی کارگەکە"ی مایکڵ ئارمسترۆنگ، ئەمڕۆ نەک تەنها وەک ڕۆمانێک، بەڵکو وەک بەڵگەنامەیەکی مێژوویی گرنگیش سەیر دەکرێت کە قوربانییە نەبینراوەکانی شۆڕشی پیشەسازی تۆمار دەکات و هۆشیاریی کۆمەڵایەتی دژ بە کارپێکردنی زۆرەملێی منداڵان بەرز دەکاتەوە.