نوژیان بووە چاو و دەنگی کۆمەڵگەی ئێزدی

نوژیان ئەرهان لە شەنگال بووەتە سەرچاوەی هێز بۆ ئەو ژنە گەنجانەی کامێراکەیان هەڵگرتووە و بوونەتە شوێنهەڵگرەوەی نوژیان وەک چۆن بەدوای بەرخۆدانی ژنانی ئێزدیدا دەگەڕا، هەموو ساڵێک لە یادکردنەوەی دا بەڵێنی خۆیان بۆ نوژیان دووپاتدەکەنەوە.

ئەڤین زیندا

شەنگال- ڕۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٤ چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر شەنگال و هەزاران ئێزدییان کوشت و هەزاران ژنیان ڕفاند و هەزاران ئێزدیش لە چنگی چەتەکان ڕزگارکران و بەرەو چیاکانی شەنگال بەڕێکەوتن، ئەوانەی لە کۆمەڵکوژییەکە ڕزگاریان بوو لەو گەرما سەختەی هاویندا لە چیاکانی شەنگال ژیاون، لەو کاتە سەختەدا توبا ئاکیلمەز، ناسراو بە نوژیان ئەرهان خۆی گەیاندە شەنگالییەکان و بووە ئازیزی ژنانی ئێزیدخان، نوژیان ئەرهان شایەتحاڵی دۆخی سەخت و نەهامەتییەکانی شەنگالییەکان بووە و دەنگیان بە دنیا گەیاند.

 

نوژیان ئەرهان لە ٣ی ئاداری ٢٠١٧دا لە ئەنجامی هێرشی پێشمەرگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکە بۆ سەر کۆمەڵگەی ئێزدی لەسەر ڕێگای نێوان سنونێ و خانەسۆر تیرۆرکرا، زۆرێک لە خێزانە شەنگالییەکان ناویان لە منداڵەکانیان ناوە نوژیان، ژنانی گەنجیش ڕێگای نوژیان ئەرهانیان گرتووەتە بەر و کامێراکەیان هەڵگرتووە تا ئەوانیش ببنە دەنگ و رەنگی کۆمەڵگەی ئیزدی.

 

دایکە بەرفێ ئیلیاس و بێریڤان کەریم بەبۆنەی ساڵیادی نوژیان ئەرهانەوە دەربارەی ژیان و کەسایەتی نوژیان بۆ ئاژانسی نوژنها دووان.

 

"نوژیان ئێش و نەهامەتییەکانی شەنگالی دەنووسییەوە"

دایە بەرفێ ئیلیاس، لەبارەی سەرەتای هاتنی نوژیان ئەرهان بۆ شەنگال وتی: "لە فەرمانەکەدا نوژیان ڕووی لە شەنگال کرد بۆ ئەوەی ئازار و سەختییەکانی کۆمەڵگاکەمان نیشانی جیهان بدات، بۆئەوەی یەک یەک چیرۆکەکانی ژنان و منداڵانی کۆمەڵگاکەمان بنوسێتەوە و بۆ مێژووی زیادبکات، وەک ژنێک فەرمانی کۆمەڵگای ئێمە کاریگەری زۆری لەسەر ئەو هەبوو و بە خواستێکی زۆرەوە ڕووی کردە شەنگال، لێرەدا لەلایەکەوە نەهامەتییەکانی کۆمەڵگای ئێزدی دەنووسییەوە و لەلایەکی دیکەوە لەسەر لاپەڕەکانی مێژوو باسی قارەمانەکانی شەڕڤانانی ئێزدیی دەکرد".

 

 

"کامێرای نوژیان لەسەر زەوی جێناهێڵین"

بێریڤان کەریم ئاماژەی بەوەدا کە کەسایەتی نوژیان ئەرهان کاریگەری کردووەتە سەر و وتی: "لەلایەن هەر تاکێکی ئێزدییەوە ڕەنجی نوژیان دەبینرێت، بۆیە کۆمەڵگاکەمان نوژیانیان زۆر خۆشدەویست، وەک گەنجێک، من خۆم زۆر سەرسام بووم پێی و دەمویست کامێراکەی هەڵبگرم، هەڤاڵ نوژیان وەک هەموو شەهیدێک لە شەنگال تێکۆشانێکی گەورەی ئەنجامدا، چەندین ژنی ئێزدی ناویان لە کچەکانیان ناوە نوژیان، ئێمە وەک ژنانی گەنج تا کۆتایی شوێن پێی نوژیانەکان هەڵدەگرین و هەرگیز ناهێڵین ڕاستی لە تاریکیدا بمێنێتەوە."

 

ت.پ