ڕێگاکان

نیشتمان عەبدولقادر - هۆنەر

(١)

ڕێگاکان چەپک ناکرێن

ھەتا لە تەوقیتێکدا دەرگای بەختیان واڵا ببێ و بکرێنەوە

ڕێگاکان کۆت ناکرێن

نابن بە ماددەی گرەوکردن

بۆ دۆڕاندن یا بردنەوە

ڕێگاکان نمایندەی ئازادین

یەک یەک تاقیئەکرێنەوە

ڕاستەقینەکانیان... لە دەوری حەقیقەت ئەخولێنەوە

ئاڕاستەشیان ڕووەو چەقی بازنەیە

سوڕشیان سوڕی فەلەکئاسا

بەردەوامی ئەدەن بە ژیان بە دنیا

کەفیلیشن بە ڕەواندنەوەی خەم

کەفیلن بە شادی بەخشینەوە

 

(٢)

گەر

چاوەڕێی واڵابوونی ڕێگا بکەی

خۆت لەپێش مەردومەوە ڕێنەکەی

دەست بۆ تابۆکراوەکان نەبەی

خۆت لە قەرەی خەتەر نەدەی

شان بە باری قورسا نەکەی

گوێ بە دەنگی ناخت نەدەی

شەق لە درۆ ھەڵنەدەی

ھەر بە خۆت پێناس بۆ حەڵاڵ و حەرام نەکەی

لە ئێستات غافڵ و بیر بۆ داھاتوو بکەی

ئەوە بزانە

وەک زیندەمردوو ژین ئەکەی

وەک چۆن ھیچ ناھێنیت بۆ دنیا

ھیچیش جێناھڵیت کە ژیانئاوا دەبیت و دەڕۆی

نە پەی بە بوونی خۆت وەک خۆت و

نە پەی بە شادی و باڵابوون دەبەی