جەنگاوەرێکی وونکراو

مارگرێت ژنێکی ئاشووری کوردستانە، لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا وەک یەکەم ژن چووە ڕیزی پێشمەرگەکانی مەلا مستەفای بارزانی، بەڵام دوای ٨ ساڵ خەبات لە شەوی ٢٦ی کانوونی دووەمی ١٩٦٩ بە شێوەیەکی نامرۆڤانە تیرۆری دەکەن و تا ئێستاش بکوژەکانی ئازادن.

ناوەندی هەواڵ

 

مارگرێت جۆرج ژنێکی ئاشووری نیشتمانی بوو، لە ساڵی ١٩٤٢ گوندی دورێی سنوری نێوان باکوور و باشووری کوردستان سەر بە پاریزگای دهۆک لە دایک بووە، گوندی دورێ کە دانیشتوانەکەی ئاشوری و لە سەر ئاینی مەسیحین مارگرێتیش سەر بە ئاینی مەسیحی بووە، خێزانی مارگرێت لە دهۆک پەیوەندییان بە ڕێکخستنی نهێنی شۆڕشەوە هەبوو، بۆیە جۆرج مالیکی باوکی مارگرێت چەک هەڵدەگرێت و پەیوەندی بە ڕیزەکانی شۆڕشەوە دەکات.

جۆرج لە شاخەوە بانگهێشتی مارگرێت دەکات بۆ ئەوەی بچێتە ڕیزی شۆڕشەوە، بەوهۆیەوە لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا لەوکاتەی پێشمەرگەبوونیان بۆ ژن بە قەدەغە دەزانی چووە ناو ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و وەک یەکەم ژنی کورد چەکی پێشمەرگایەتی کردە شان، ڕاپەڕینی خەڵکی باشووری کوردستان  لە ١١ ئەیلولی ١٩٦١ بە ڕێبەری مەلا مستەفای بارزانی کە بە شۆڕشی ئەیلول ناسراوە تا نسکۆ هێنانی شۆڕش لە ساڵی ١٩٧٠ مارگرێت وەک پێشمەرگەیەکی ژن بەشدار بوو، ڕاستە ئەو ئاشووری بوو بەڵام شەڕی لە پێناو کوردستان دەکرد.

یەکێک لە سەنگەرە دیارەکانی مارگرێت قەڵا قومرییە لە چیای مەتینان، ئەو وەک هاوڕێیەکی  شۆڕشگێڕ مامەڵەی لەگەڵ پێشمەرگەکان کردووە و لە پێشکەشكردنی داوای هاوسەرگیری لە لایەن پێشمەرگەکانەوە بەردەوام ڕەتی کردۆتەوە، ئەمەش بۆتە هۆی ناکۆکی لە نێوان فەرماندارانی شۆڕشدا.

مارگرێتی شەنگ وەک کچە ئەسپ سوارەکەی مەتینان دەناسرێت، دەوترێت یەکێک لە سەرکردەکانی ئەو کاتەی شۆڕش داوای هاوسەرگیری لێکردووە، لە لایەن مارگریتەوە ڕەت کراوەتەوە هەندێک لە مێژوونوسان وەک هۆکاری شەهید بوونەکەی لە قەڵەمی دەدەن.

مارگرێت جۆرج لە دوای ٨ ساڵ خەبات، لە شەوی ٢٦ی کانونی دووەمی ١٩٦٩ لە گوندی قەڵا قومری لە بۆسەیەکدا بە شێوەیەکی گوماناوی کوژرا، لە پاش شەهیدبوونی مارگرێت لە میدیا کوردیەکاندا ناوی نەبرایەوە، و گشت خانەوادەکەشی ناچاری کۆچ کردن بوون و ئێستا لە ئەمەریکا ژیان بەسەردەبەن.

 

ت.پ