پەرتوکی ئەمڕۆ: دەروازەیەک بۆ ژنۆلۆژی

 

ژنۆلۆژی بانگەشەی ئەوە دەکات کە هێزی بزوێنەری کۆمەڵگە دێنێتە مەیدان و ڕۆڵ لە نەخشاندنی ڕۆحی سەردەمدا دەگێڕێت، بێ ئەوەی کە کۆمەڵگە بۆ چین و توێژ پۆلێن بکات، ئامانجییەتی بە چەمکی شۆڕشگێڕانە خزمەت بەو هێزە بزوێنەرانە بکات، باوەڕی بەوەیە ژن لە نێو پێکهاتەی کۆمەڵگەیەکی وەهادا بەشێوەیەکی ئازادانە دەکرێت بڕیاربدەن کە چۆن بن، چۆن بژین و چی بکەن.

 

پەرتوکی دەروازەیەک بۆ ژنۆلۆژی، لەلایەن ئەکادیمیای ژنۆلۆژی نووسراوە و پێکدێت لە پەرتوکێکی شیکاری دەربارەی مێژووی ژن و داگیرکاری لەسەر جەستە و کەسایەتی ژندا تا دەگاتە سیستم، لەلایەن نەجیبە قەرەداغی کاری وەرگێڕانی بۆ زمانی کوردی-سۆرانی بۆکراوە.

 

ژنۆلۆژی لەپێناو پێشخستنی تاک و کۆمەڵگەیەکی ئازاددا، ئامانجییەتی کە بە دید و چەمکێکی ژنانە ئەو بەهایانەی لە تەواوی تێکۆشانی ژنان لە نێو هەموو بەشەکانی کۆمەڵگەدا کۆبووەتەوە، ئەزمون و بەسەرهاتەکانیان، بنبەستبوون و توانستی گەشەکردنیان، سەر لە نوێ هەڵسەنگێنێتەوە، گفتوگۆکردن لەسەر گەنجینەی کەم وێنەی کەڵەکەبووی ژنان لەو بوارەدا بە ڕۆحی سەدەی ٢١ و بە بەرپاکردنی شۆڕشی ژن هەنگاوی قەڵەمباز ئاسا هەنگاو دەنێت.