حەپسەخانی نەقیب بە بیرو کردارەکانی بەرەو ئامانجەکانی ڕۆیشت
ئەمڕۆ ٧٢ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی حەپسەخانی نەقیب-دا تێدەپەڕێت، سیاسەتمەدار و پارێزەری مافی ژنان و گەلی کورد بوو، بە خەبات و تێكۆشانەکەی بووەتە ناوێکی درەوشاوە لە مێژووی ژنان.

ناوەندی هەواڵ
حەپسەخانی نەقیب لە ساڵی ١٨٩١ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، هەر لە تەمەنی منداڵییەوە کەسێکی چاونەترس بووە، خولیای دەستکەوتنی زانیاریی هەبووە، ئەو تایبەتمەندییانەی حەپسەخان وای لە باوکی کردووە لەگەڵ خۆی بیباتە کۆڕ و کۆبوونەوەی پیاوە سیاسیی و دەستڕۆیشتووەکانەوە و گرنگیی بە سەرنجەکانی دەدرا، هەر بۆیە ئەو بووە یەکێک لەو ژنانەی کە لە مێژووی کوردا شانازی پێوە بکرێت.
حەپسەخانی نەقیب برای نەبووە، دوای کۆچی دوایی مەعروف بەرزنجی باوکی کە “نەقیب” و نوێنەری سادات و شێخان بووە، کارەکانی باوکی دەگرێتە ئەستۆ و کاروباری دیوەخان بەڕێوەدەبات، بەهۆی لێهاتووییەکەشییەوە پشتگیریی لێکراوە، هەرچەندە لەلایەن پیاوانی میرییەوە دژایەتیی کراوە بەڵام کاریگەری لەسەری نەبووە.
حهپسهخانی نەقیب، ژنێکی سیاسەتمەدار، خێرخواز و چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان بوو، ڕۆڵێکی باڵای گێڕاوە لە چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا، پارێزەرێکی سەرسەختی مافەکانی ژنان بوو، بۆیە ماڵەکەی بووە بە ناوەندێک بۆ کۆکردنەوەی خەڵک و بەتایبەتیش بۆ ژنان، ڕێنوێنی دەکردن و سەبارەت بە خۆپاراستن و جوڵانەوەی ژنان لەناو کورد و نەتەوە جیاوازەکاندا، وانەی دەدا، لەگەڵ ئەوەشدا ژنان لەو ناوەندە هەستی کوردایەتییان چەکەرەی دەکرد و بیری ڕامیارییان لەلا پەروەردە دەبوو.
لەو سەردەمەدا، خوێندن بۆ ژنان شەرم بوو، هەر بۆیە حەپسەخانی نەقیب هەوڵیدا ژنان بخوێنن و ساڵی ١٩٢٦ خوێندنگەی زانستیی کچانی لە گەڕەکی سابوونکەرانی شاری سلێمانی کردەوە، خۆشی ماڵ بە ماڵ گەڕاوە تا خەڵک ڕازی بکات کچەکانیان بنێرنە بەر خوێندن، هەر خۆشی لەگەڵ ئەواندا دەبێتە خوێندکار و خۆیان فێری خوێندەواریی دەکەن.
حەپسەخان لە ساڵی ١٩٣٠ نامەیەکی بۆ کۆمەڵەی گەلان (عصبە الام) لە جنێف نارد و بە ئاشکرا داوای مافی کوردی کرد، هاوکات کاتێک کۆماری مەهاباد دامەزرا، حەپسەخان بە ھەموو توانایەکی دارایی پشتگریی ئەو کۆمارەی کرد، لە بەرامبەریشدا پێشەوا قازی محەمەد، دامەزرێنەری کۆمار سوپاسنامەیەکی تایبەتی بۆ نارد و ڕێزێکی زۆری لێنا.
هەروەها لە ٢٨ـی حوزەیرانی ١٩٣٠ یەکەمین کۆمەڵەی ژنان بە ناوی (کۆمەڵەی ئافرەتانی کورد) دامەزراند و حەپسه عیرفانی کرد بە سکرتێری کۆمەڵەکە و خۆشی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی کارەکانی کۆمەڵەکەی دەکرد.
لە تەمەنی ٦٢ ساڵیدا و لە ١٢ـی نیسانی ١٩٥٣، بە نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد و لە گردی سەیوانی شاری سلێمانی بە خاک سپێردرا، بۆ ڕێزلێنان لە تێکۆشان و هەوڵەکانی، یدروستکردنی پەیکەرێکە لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی، هەروەها لە ١٩ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، لە لایەن سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی بەرزەپردێکی لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیک مەحموود لە نزیك ناوچەی پیشەسازیی سلێمانی بە ناوی حەپسەخانی نەقیب کرایەوە.