حەپسە خانی نەقیب
حەپسەخان یەکەمین قوتابخانەی ژنانی کردۆتەوە لە مێژووی کورددا، سەرۆكایەتی یەكەمین كۆمەڵەی ژنانی بەناوی "كۆمەڵەی ئافرەتانی كورد" کردووە.
ناوەندی هەواڵ
"كۆمەڵەی ئافرەتانی كورد" بە سەرۆكایەتی حەپسەخانی نەقیب دامەزراوە، كاتێكیش كۆماری كوردستان لە ١٩٤٦ لەمەهاباد دامەزرا، حەپسەخان بەهەموو توانایەكی داراییەوە پشتگریی ئەو كۆمارە كوردیەی كرد، یەکەمین قوتابخانەی ژنانی کردۆتەوە لە شاری سلێمانی.
حەپسەخانی نەقیب، كچی مەعروف بەرزنجی نەوەی كاك ئەحمەدی شێخ و ئامۆزای شێخ مەحمود ی مەلیكی كوردستان و ھاوسەری شێخ قادری حەفید، لە ساڵی ١٨٩١دا لە شاری سلێمانی ھاتۆتە دنیاوە. لە ٢٨/٦/١٩٣٠ یەكەمین كۆمەڵەی ژنان بەناوی"كۆمەڵەی ئافرەتانی كورد" بە سەرۆكایەتی حەپسەخانی نەقیب دامەزراوە، حەپسەخانی عیرفانە فەنی خێزانی جەمیل سائیب، سكرتێری بووە و بارەگای تایبەتیشیان ھەبووە.
ساڵی ١٩٣٠، نامەیەكی ڕامیاریی مێژوویی بۆ ڕێكخراوی كۆمەڵەی گەلان لە شاری "ژنێڤ"ی سویسرا نارد، كە بە ناوەندی دیپلۆماسی جیهان دەناسرێت، بە ڕاشكاویی داوای مافی چارەنووسی كوردی كرد لەسەر خاكی كوردستان، ئەو داواكارییەی ئەو ژنە كوردە، دەنگێكی باشی دایەوە، بە تایبەتی لەو سەردەمەدا.
كاتێك كۆماری كوردستان بە سەرۆكایەتی پێشەوا قازیی محەمەد لە ١٩٤٦ لەمەهاباد دامەزرا، حەپسەخان بە هەموو توانایەكی داراییەوە پشتگری ئەو كۆمارە كوردیەی كرد، پێشەوا قازی محەمەد سوپاسنامەیەكی تایبەتی بۆنارد و ڕێزێكی زۆری لێنا.
حەپسەخان یەکەمین قوتابخانەی ژنانی کردۆتەوە لە شاری سلێمانی، تەنانەت حەپسەخان خۆشی بوو بە قوتابی ئەو قوتابخانەیە كە یەكەم قوتابخانەی ژنان بوو لە مێژووی كورددا و خانویەكی خۆی بەخشی كە بكرێت بە قوتابخانە، پاشانیش ئەو قوتابخانەیە كە ماڵی خۆی بوو لەسەر پەروەردەی تاپۆ كرد.
لە چارەسەركردنی ناكۆکیەکانی هاوڵاتیان و ژن و ژن خوازیشیاندا هاوكارێكی باشبووە بۆیان، لە ماڵەكەی خۆیدا وەك هاوسەرێك لەگەڵ شێخ قادری ئامۆزای زۆر تەبا و ڕێزلێگیراو بووە، شێخ قادریش ڕێزی لەو زیرەكی و لێهاتووییەی گرتووە و گوێڕایەڵی سەرنج و تێبینییەكانی بووە.
هەرچەندە لەو سەردەمەدا هەڵوێستی لەو جۆرە بەرامبەر بە ژن زۆر كەم بووە لە نێو كۆمەڵگەی كوردیدا، هەربۆیە "پیرەمێرد"ی نەمر بە "شێخ حەپسە" و "قادرخان" ناوی بردوون، واتە زۆرجار حەپسەخانی خستووەتە جێگەی شێخ قادر.
حەپسە خان لە تەمەنی شەست و دوو ساڵیدا، لە ڕۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی ١٢ی نیسانی ١٩٥٣، بە نەخۆشی شێرپەنجە، كۆچی دوایی كرد و لە گردی "سەیوان"ی شاری سلێمانی بەخاكسپێردراوە.
جگە لەو مێژووە پڕ سەروەرییە، تاكو ئێستا هیچ شتێكی ئەوتۆ لە پاش حەپسەخان بەجێ نەماوە و كاری وا نەكراوە بۆ كۆكردنەوە و بە زیندوو هێشتنەوەی كەلوپەل و شوێنەوارەكانی، یەكێكی تر لەو كارانەی كە بۆ حەپسەخان كراوە، پەیكەرێكی مۆمە كە لە مۆزەخانەی ئەمنە سوورەكە دانراوە.
ت.پ