لە دژی زوڵم چیرۆکێکی بەرخۆدان: شوکوریە یەلدز

دایکی ئاشتی شوکوریە یەڵدز، بە وتنی "ناتوانم لە شوێنێک بژیم کە چەندین گەنج ژیانیان لەدەستداوە" لە گەڤەرەوە چووە ئیستەنبوڵ، لە ٢٥ی گوڵان گیانی لەدەستدا، لەدوای خۆی ژیانێکی پڕ خەباتی بەجێهێشت.

مەدینە مەمەدئۆغڵو

 

جولەمێرگ- دایکی ئاشتی شوکوریە یەڵدز، لە کاتی قەدەغەی هاتووچۆدا لە گەڤەرەوە کۆچی بۆ ئیستەنبوڵ کرد و لەوێ گیانی لەدەستدا، وەکو هەموو ژنانی کورد چیرۆکێکی پڕ لە خەباتی لە دوا بەجێما، هاجەر یەڵدز، باس لە ژیان و تێکۆشانی دایکی دەکات و وتی دایکی دوای قەدەغەی هاتووچۆ کۆچی کردووە بۆ ئیستەنبوڵ، ساڵانێکە بە وتنەوەی "چۆن دەتوانم لەو خاکانەدا بمێنمەوە کە چەندین گەنج ژیانیان لەدەستداوە" بە حەسرەتی وڵاتەکەی خۆیەوە بوو.

 

شوکوریە یەڵدز، لە گەڤەر لەدایکبووە، ساڵی ١٩٩٠ کاتێک هاوژینەکەی دەستگیردەکرێت، بەتەنها ٨ منداڵەکەی بە بەدەستهێنانی بژێوی کارە دەستییەکانی بەخێودەکات، لەو ساڵانەی کە کوشتنی نادیار زیادببون، هەموو بەیانییەک بە هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی خەبەریان دەبووەوە و بە بەرچاوی منداڵەکانیەوە ڕاپێچ دەکرا، شوکوریە چەندین ساڵی تەمەنی لەژێر زوڵمی دەوڵەتدا بەسەربرد.

 

هاجەر یەڵدز، کچی دایکە شوکوریە، ٢٠ ساڵ باوکیان لە زینداندا بوو دایکیان بەخێوی کردوون، باس لە تێکۆشانەکانی دایکی دەکات و دەڵێت: دایکم دایکی هەمووان بوو، هەمیشە هەوڵی دەدا لەسەرپێ بمێنێتەوە و لە تێکۆشاندا بوو، لەژێر زوڵمی دەوڵەتدا بوو، دوو لە منداڵەکانی ئەو زوڵمەیان قبوڵ نەکرد و ڕۆشتن، هەموو بەرە بەیانییەک جەندرمەکان دەرگا و پەنجەرەکانیان دەشکاندین و دەهاتنە ژوورەوە، ئەوکاتە منداڵبووین و ئەو دیمەنە زۆر ترسناک بوو، دایکم دەگیرا و دەبرا ئێمە بەدوایدا دەگریاین.

 

"دایکم سەری بۆ زوڵم و ستەمی دەوڵەت نەوی نەکرد"

هاجەر یەڵدز، باسی لەوەکرد کە دایکی هەرگیز سەری بۆ زوڵم و ستەم نەوی نەکردووە، "دایکم ئەشکەنجەیەکی زۆری جەستەیی و دەروونی بینی، بەڵام هەرگیز پێی نەدەوتین، من هەموو بەیانیەک بە هێرشی پۆلیس لە خەو هەڵدەستام، کاتێک منداڵبووم پۆلیس دەیویست دەستگیرم بکات، هاوارەکەی دایکم هەمیشە لە گوێمایە کە وتی "ئێوە ناتوانن بیبەن" پارێزگاری لێکردم دایکم هەمیشە بەرخۆدێر بوو چەندە لەسەری بڵێم کەمە، دایکم سەرەڕای هەموو ئازار و لەدەستدانی دوو منداڵەکەی هەرگیز سەری نەوی نەکردووە.

 

هاجەر یەڵدز بەسەرهاتی ئەو کاتانە دەگێڕێتەوە کە قەدەغەی هاتووچۆ لە باکووری کوردستان دەستیپێکرد، ماڵەکەیان سوتاندن و ناچاربوون بچنە ئیستەنبوڵ، بەڵام دایکی ٧ ساڵ بە حەسرەتی گەڕانەوەی بۆ شارەکەی خۆی ژیانی بەسەربرد، وتیشی دایکی نەیدەتوانی بگەڕێتەوە بۆ گەڤەر چونکە منداڵەکانی لەوێدا لەدەستداوە، "گەورەترین ئازاری دایکم وێرانکردنی ماڵەکەی و ئازاری ئەو گەنجانە بوو کە لەو خانووە وێرانکراوانەدا گیانیان لەدەستدا، بە ساڵان بیری لەو گەنجانە دەکردەوە، برینەکەی و بیرەوەرییەکانی لە گەڤەر بوون، لەبەر ئەوە نەگەڕایەوە بۆ گەڤەر و دەیوت ناتوانم لە شوێنێک بژین کە گەنجێکی زۆر ژیانیان لەدەستدا تێیدا، بەڵام هەمیشە بە حەسرەتی خاکەکەیەوە بوو تا گیانی لەدەستدا".