پەرتوکی ئەمڕۆ: ژیانی شاراوەی درەختەکان

 

پەرتوکی "ژیانی شاراوەی درەختەکان" لە نووسینی پیتەر وۆڵبینە و نووسەر و سیاسەتمەدار نەرمین عوسمان کاری وەرگێڕانی بۆ سەر زمانی کوردی بۆ کردووە، پەرتوکەکە باس لە ژیانی نهێنی و شاراوەی درەختەکان دەکات کە چەندە گرنگن بۆ مرۆڤایەتی.

 

وەها دەربارەی پەرتوکەکە ناسراوە؛ ئێمە لە چیرۆکە خەیاڵییەکاندا خوێندوومانەتەوە درەختەکان دەموچاوی مرۆڤیان هەیە، دەتوانن بدوێن و هەندێک جاریش دەتوانن بڕۆن، لێم ڕوونە شوێنی ژیانی پیتەر وؤڵبین ناو ئەو دارستانە جادولێکراوەیە، ئەو تێگەشتنە قوڵەی لەسەر ژیانی درەختەکان دەگەڕێتەوە بۆ چەند دەیەیەک لە تۆمارکردنی وردی سەرنج و لێکۆڵینەوەکانی، جیهانێکی زۆر ناوازە ڕووماڵ دەکات، بە خوێندنەوەی ئەم کتێبە دارستانەکانی ئێوەش دەبنە شوێنێکی ئەفسووناوی.

 

پیتەر باسی دەکات کە:  "چەند ساڵێک لەمەوبەر لەو دارستانی درەختی زانەی کە من سەرپەرشتییم دەکرد، پارچە بەردێکی قەوزەییم بەدیکرد، شێوەیەکی نامۆی هەبوو، بیرم کەوتەوە کە چەند جارێک بەلایدا تێپەڕببووم بێ ئەوەی ئاوڕی بەلادا بدەمەوە، بەڵام ئەو ڕۆژە وەستام و چەمامەوە بۆ سەیرکردن و لێ وردبوونەوەی، ئەو بەردە شێوەیەکی نامۆی هەبوو، قۆقز و نەرمبوو و هەندێک چاڵوچۆڵی تێدابوو.

 

بە هێواشی هەندێک لە قەوزەکانم لەسەر بەردەکە هەڵگرت، بینیم توێکڵی درەختێک لەژێریدا بوو، ئینجا زانیم ئەوە بەرد نییە، بەڵکو دارێکی کۆنە، سەرسامی کردم، چونکە درەختی زان تەنها چەند ساڵێکی کەمی پێویستە و لەسەر زەوی شێدار شیدەبێتەوە، ئەوەی زیاتر سەرسامی کردم نەمتوانی درەختەکە زیاتر بەرزبکەمەوە، بە شێوەیەک لە شێوەکان بە زەوییەکەوە نووسابوو، چەقۆیەکم لە گیرفانم دەرهێنا و بە هێواشی هەندێک لە توێژاڵی درەختەکەم لێکردەوە تا گەیشتمە چینێکی سەوز".