ژیاننامەی ئەمڕۆ: ئێبرو تیمتیک تا دوا سات داوای دادپەروەری کرد

ئیبرو تیمتیک ئەو مانگرتنەی لە خواردن دەستیپێکرد بۆ داواکاریی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، گۆڕی بۆ مانگرتن تا مردن و لە ٢٣٨هەمین ڕۆژی چالاکییەکەیدا و لە ٢٧ی ئابی ٢٠٢٠دا کۆچی دواییکرد.

ناوەندی هەواڵ

 

پارێزەر ئیبرو تیمتیک لە ساڵی ١٩٧٨ وەک یەکەم منداڵی خێزانێکی هەژاری شاری دەرسیم لەدایکبووە، خێزانه‌كه‌ی خه‌ڵكی خوزاتی ده‌رسیمه‌ و خۆی لە خارپێت لەدایکبووە و گەورە بووە.

 

ئیبرو تیمتیک لە تەمەنی ٧ ساڵیدا باوکی لەدەستدا، بۆیە ناچار بوو لە تەمەنێکی بچووکدا بخوێنێت و کار بکات بۆ ئەوەی لەڕووی داراییەوە یارمەتی خێزانەکەی بدات. ئەو بێ مافی و نادادپەروەرییانەی کە لە منداڵیدا ئەزموونی کرد، وایلێکرد لە داهاتوودا داکۆکیکاری مافی مرۆڤ بێت، دوای تەواوکردنی خوێندن، وەک پارێزەرێکی گەنج چەندین دۆسیەی پێشێلکردنی مافەکانی گرتە ئەستۆ.

 

لەگەڵ هاوپیشەکانی دەستگیرکرا

٢٠ پارێزەر کە ئەندامی کۆمەڵەی پارێزەرانی هاوچەرخ و ناوەندی یاسایی گەل بوون، بەپێی یاسای سزادان دەستگیرکران، لە ١٢ی ئەیلولی ٢٠١٧دا بە بیانووی لێدوانی شایەتحاڵێکی نهێنی دەستبەسەرکران و دوای ٩ ڕۆژ بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرچوو.

 

١٧ پارێزەر کە لە یەکەم دانیشتنی دادگای ٣٧ی تاوانی قورسی ئەستەنبوڵ ئامادەبوون، ئازاد کران، بەڵام کاتێک تانە لە بڕیارەکە درا، هەمان دادگا تانەکەی قبوڵ کرد و بڕیاریدا جارێکی دیکە پارێزەرەکان دەستگیر بکەنەوە و دەستەی سوێندخواردنیش گۆڕانکارییان بەسەرداهات.

 

دادگا لە ٢٠ی ئاداری ٢٠١٩دا بڕیاری ڕاگەیاند و سزای ١٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی بۆ ئیبرو تیمتیک و ١٠ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی بەسەر ئایتاچ ئونسالدا سەپاند، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە ڕێکخراودا"، هەروەها لەسەر هەمان دۆسیە ١٨ پارێزەر لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کرا و بە کۆی گشتی سزای ١٥٩ ساڵیان بەسەردا سەپێنرا.

 

گوێیان لە ڕاپۆرتەکان نەگرت

ئیبرو تیمتیک لە ٢ی کانوونی دووەم بە داوای دادگاییکردنی دادپەروەرانە دەستی بە مانگرتن لە خواردن کرد لە ٢ی شوباتیشدا پارێزەر ئایتاچ ئونسال دەستی بە مانگرتن لە خواردن کرد، لە ٥ی نیساندا مانگرتن لە خواردن گۆڕدرا بۆ مانگرتن تا مردن، هەردوو پارێزەرە زیندانییەکە سەرەڕای ڕاپۆرتی دەزگای پزیشکی دادوەری کە سەبارەت بە باری تەندروستییان ڕایگەیاندبوو "ناتوانن لە زیندان بمێننەوە"، بەڵام ئازاد نەکران.

 

ئیبرو تیمتیك لە ٢٣٨ەمین رۆژی چالاكییەکەیدا و لە ٢٧ی ئابی ٢٠٢٢ لە نەخۆشخانەی د. سەعدی کۆنوک لە بەکرکۆی شاری ئەستەنبوڵ کە بەزۆر تێیدا زیندانکرابوو، گیانی لەدەستدا.