نووسەر و ڕووناکبیر ڕەوشەن بەدرخان
ڕەوشەن بەدرخان لە ١١ تەمموزی ١٩٠٩ لە کاتێکدا خێزانەکەی-بنەماڵەی بەدرخانییەکان لە زێدی خۆیان دورخراونەتەوە، لە شاری قەیسەری لە تورکیا لەدایکبووە و چوار ساڵی سەرەتای تەمەنی لە ئەستەمبوڵ ژیاوە.
لە ساڵی ١٩١٣ جارێکی دیکە خێزانەکەی بەر هێرشی کاربەدەستانی تورکیا دەکەون و دووردەخرێنەوە، ئەم جارە دەچنە سوریا و لە دیمەشق نیشتەجێ دەبن، ڕەوشەن لە قوتابخانەکانی ئەوێ دەست بە خوێندن دەکات و دواتر پەیمانگای مامۆستایان تەواو دەکات.
لە ساڵی ١٩٢٥ ڕوو دەکاتە ئەردەن و ماوەی سێ ساڵ وەک بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک دەست بە کارکردن دەکات، لە ساڵی ١٩٣٥یشدا ژیانی هاوسەرگیری پێکدەهێنێت.
ڕەوشەن بەدرخان ژنێکی چالاک بووە لە ناو بزاڤی ژنان و ڕۆڵی پێشەنگی بینیوە، هەمووکات یارمەتی ژنانی داوە و هانیداون بۆ فێربوون و خەباتی کردووە بۆ بەدەستخستنی مافەکانی ژنان، پێیوابووە ئەرکی ژنان تەنها بەخێوکردنی منداڵ و ماڵ نییە، بەڵکو دەبێت هەوڵبدەن بۆ دەستکەوتنی زانیاری و پەروەردەکردنی نەوەی داهاتوو.
لە ساڵی ١٩٣٤ بووەتە ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی سوریا، لە ساڵی ١٩٤٤ بە ناوی ژنانی سوریا لە میسر بەشداری کۆنگرەی جیهانی ژنان دەکات، دژی کۆلۆنیالیزمی فەڕەنسی دواوە و پشتگیری دۆزی عەرەبی کردووە.
لە ساڵی ١٩٧١ دەچێتە باشووری کوردستان و بەشداری سێهەمین کۆنگرەی یەکێتی ژنانی کوردستان دەکات، لە هەمان ساڵدا خەڵاتی شانازی کۆڕی کورد وەردەگرێت و بەمەبەستی کۆکردنەوەی ئەرشیفی کورد دەچێتە کتێبخانەکانی تورکیا.
ڕەوشەن خان توانایەکی باشی هەبووە و لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا نووسینی بڵاوکردووەتەوە، زیاتر لە ١٠ کتێبی نووسیوە و کاری وەرگێڕانی بۆ چەند کتێبێک کردووە، سێ کتێبیشی بە زمانی عەرەبی نووسیوە، دواهەمین وەسیەتی ڕەوشەن خان ئەوەبوو کە "یەکتان خۆشبوێت و پشتگیری یەکتر بکەن"، لە ١ حوزەیرانی ساڵی ١٩٩٢ گیانی لەدەستداوە و لە دیمەشق بە خاکسپێردراوە.