پزیشکێک هەموو ژیانی بۆ خزمەتی کۆمەڵگا و منداڵان دابینکردبوو

زوهیرە عەبدین چەندین خەڵاتی لەسەر ئاستی وڵاتی خۆی و نێودەوڵەتی لە پای کار و چالاکییەکانی وەرگرتووە و هەموو ژیانی تا ئەوکاتەی کۆچی دوای کردووە تەرخان کردووە بۆ خزمەت و هاوکاریکردنی منداڵان و هەژاران.

ناوەندی هەواڵ

 

زوهیرە عەبدین لە ساڵی ١٩١٧ لەدایکبووە و لە ماڵێکی ئاست بەرز و ڕۆشنبیر لە قاهیرە گەورە بووە، وەک لە چاوپێکەوتنێکیدا ساڵی ١٩٩٩، ڕوونیدەکاتەوە خێزانەکەی زۆر گرنگی بە لایەنی پەروەردە دەدەن هەر ئەوە وایکردووە حەز و خولیای بۆ خوێندنەوەی کتێبە جۆراوجۆرەکان هەبێت.

 

کار و چالاکییەکانی ئەم پزیشکە تەنها بۆ منداڵان و هەژاران نەبوو، بەڵکو باڵی کێشا بۆ منداڵە بێسەرپەرشت و بەساڵاچوان و ئەو ژنانەی هاوژینەکانیان کۆچی دوایکردبوو.

 

"هەمیشە پلەی یەکەمی بەدەست هێناوە"

زوهیرە عەبدین یەکەم پزیشکی ژن بوو لە زانکۆکانی میسر وانەی دەوتەوە لە پاش گەڕانەوەی لە ئینگلتەرا لە ساڵی ١٩٤٩، یەکەم پزیشکی میسرییە کە لە ساڵی ١٩٤٨دا ئەندامێتی لە کۆلێژی شاهانەی پزیشکی لە لەندەن بەدەستهێنا، تاکە ژنی بە ڕەگەز عەرەبە ساڵی ١٩٩٢ خەڵاتی "ئێلیزابێث نۆرگالی نێودەوڵەتی" پێبەخشراوە.

 

سەندیکای پزیشکان لەبارەی زوهیرە دەڵێت: "ئەو پزیشکە هەمیشە یەکەم بووە لە ماوەی لەدایکبوونی ١٩١٧ تا مردنەکەی ٢٠٠٢، چونکە هەمیشە پلەی بەرزی بەدەستهێناوە".

 

چەندین دامەزراوەی پزیشکی دامەزراندووە

ئەو پزیشکە لە مانای ڕاستەقینەی دەرمان و چارەسەری تێگەیشتووە، پێیوایە دەرمان پەیامێکە بۆ چارەسەری نەک ماددەیەک بێت و بۆ پیشەکەی بەکاربێت، تایبەت بە نەخۆشییەکانی منداڵان و ڕۆماتیزم ١٢٠ پەڕەی پێشکەش بە گۆڤارە زانستییە نێودەوڵەتیەکان کردووە و بڵاویانکردووەتەوە، زوهیرە نەوەستا تا نەیدۆزییەوە هۆکاری دروستبوونی ڕۆماتیزم لە منداڵاندا چییە.

 

لە ماوەی کەمتر لە دوو دەیەدا ڕێژەی مردنی منداڵان بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵەوە لە میسر لە ڕێژەی ٪٤٧ بۆ ٪٣ کەمکردەوە، هەروەها لە ماوەی پیشەکەیدا چەندین دامەزراوەی پزیشکی دامەزراندووە لەوانە، سەنتەری دڵ لە ساڵی ١٩٥٧ و لقەکانی لە سەرانسەری کۆلێژە پزیشکیەکانی میسر، لە ساڵی ١٩٧٥دا پەیمانگای تەندروستی منداڵان لە قاهیرە دامەزراند، لە ساڵی ١٩٨٦ کۆلێژی پزیشکی بۆ ژنانی دوبەی دامەزراند و ماوەی ٧ ساڵ بەڕێوەبەری بوو، هەروەها کۆمەڵەی پزیشکانی میسری دامەزراند.

 

ژنێک بوو وەک ڕابەری کۆمەڵگا وابوو

ئەو پزیشکە لە بواری خێرخوازی و کاری گشتیدا دەستێکی بەڵای هەبوو، چەندین خەڵاتی ڕێزلێنان و سوپاسگوزاری پێبەخشراوە لەلایەن کەسانی سیاسەتمەندار و زانستخوازان لە ئاستی ناوخۆی و نێودەوڵەتیدا.

 

ئەو پزیشکە نازناوی "دایکی پزیشکان"ی میسری وەرگرت و خەڵاتەکەش لەلایەن سوزان موبارەک، هاوژینی سەرۆکی ئەوکاتی میسر لە مەراسیمێکی فەرمیدا لە ساڵی ١٩٩٠دا پێبەخشرا.

 

دوای تەرخانکردنی ژیانی بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگا بە گشتی و منداڵان بە تایبەت، وەرگرتنی چەندین خەڵات لەسەر ئاستی نیشتیمان و نێودەوڵەتیش، دواجار لە ساڵی ١٩٩٢دا تووشی شێرپەنجەی مەمک بوو و لە دوای ١٠ ساڵ لە نەخۆشییەکەی و لە ٦ی ئایاری ٢٠٠٢ کۆچی دوای کرد.