ژیاننامەی ئەمڕۆ: ئیلین جۆنسۆن سیرلیف، سەرۆکی لیبریا

ئیلین جۆنسۆن سیرلیف لەدایکبووی ٢٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٣٨ شاری مۆنرۆڤیای وڵاتی لیبریایە، لە کۆلێژی ڕۆژئاوای ئەفریقا خوێندویەتی و لە ساڵی ١٩٦١ ئیلین چوو بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ خوێندنی ئابوری و بەڕێوبەرایەتی بازرگانی، دوای بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر لە ساڵی ١٩٧١ لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی لە زانکۆی هارڤارد چووە خزمەتی حکومەتەوە لە لیبریا وەک سیاسەتمەدار و ئابووریناس، پاشان بووەتە سەرۆکی لیبریا لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٨.

 

بەهۆی خەبات و چالاکیەکانیەوە ٣ جار بڕیاری لە سێدارەدرانی بەسەردا سەپێندراوە، لە هەڵبژاردنی نیشتیمانی ساڵی ١٩٨٥ هەڵمەتی بۆ کورسی ئەنجومەنی پیران بەئاشکرا ڕەخنەی لە حکومەتی سەربازی گرت، ئەمەش بووە هۆی دەستگیرکردنی و بڕیاری ١٠ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام پاش ماوەیەکی کەم ئازاد کرا و ڕێگەی پێدرا وڵات بەجێبهێڵێت.

 

١٢ ساڵ ئاوارەی وڵاتی کینیا و ئەمریکا بوو، لەو ماوەیەدا لیبریا کەوتە شەڕی ناوخۆوە، ئیلین جۆنسۆن بوو بە ئابووریناسێکی کاریگەر بۆ بانکی جیهانی و سیتیبانک و دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتیەکانی تر، لە ساڵی ١٩٩٢ تا ١٩٩٧ بەڕێوەبەری نووسینگەی هەرێمی ئەفریقای پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو.

 

لە ساڵی ٢٠٠٥دا جارێکی تر خۆی هەڵبژارد بۆ سەرۆک کۆمار و بەڵێنیدا کە کۆتایی بە ناکۆکی و گەندەڵیی مەدەنی بهێنێت و یەکڕیزیی و بنیاتنانەوەی ژێرخانی وێرانکراوی وڵات پێکبهێنێت، لە خولی یەکەمی دەنگداندا پلەی دووەمی تۆمارکرد و لە ١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٦ وەک سەرۆکی لیبێریا سوێندی خوارد.

 

ئیلین بە "ژنی ئاسنین" ناسراوە،  یەکەم ژن بوو کە بە سەرۆکی وڵاتێکی ئەفریقی هەڵبژێردرا، ئیلین یەکێک بوو لەو سێ وەرگرەی لەگەڵ لیما گبۆوی و تەوکول کارمان، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی ٢٠١١یان پێبەخشرا بۆ هەوڵەکانیان بۆ زیاترکردنی بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان.