ژیاننامەی ئەمڕۆ: یەکەمین ژنە زانای گەردیلەناس

سەمیرە موسا، یەکەمین زانای گەردیلەناسی میسر و عەرەبە، کۆلێژی زانستەکانی تەواو کردووە و دکتۆرای لە تیشکی ئێکس ڕایی و کاریگەری لەسەر کەرەستە جیاوازەکان بەدەستهێناوە.

ناوەندی هەواڵ

سەمیرە موسا لە ٣ی ئاداری ١٩١٧ لە گوندی سنبوی گەورەی ناوەندی پارێزگای زوفت لە وڵاتی میسر لەدایکبووە، یەکەمین زانای گەردیلەناسی میسر و عەرەبە.

 

سەمیرە لە منداڵیەوە فێری خوێندنەوە و نوسین بووە، شەیدای خوێندنەوەی ڕۆژنامەکان بووە، خاوەن مێشکێکی بەهێزبووە تەنها بەجارێک خوێندەوەی شتێک لەبەریدەکرد، لەگەڵ ئەوەی نمرەکانی بەرز بووە و کۆلێژی ئەندازیاری وەریگرتووە، بەڵام کۆلێژی زانستەکانی هەڵبژرادووە، لەوکاتەدا وەک ئاواتی ژنێکی گەنج چوونە کۆلێژی ئاداب بوو.

 

بڕوانامەی ماستەری لە بابەتی پەیوەندی گەرمی بە گازەوە بەدەستهێناوە، پاشان گەشتی بۆ وڵاتی بەریتانیا کردووە و لەبواری تیشکدانەوەی ناووکیدا خوێندوویەتی، دکتۆرای لە تیشکی ئێکس ڕایی وکاریگەری لەسەر کەرەستە جیاوازەکان بەدەستهێناوە، سەمیرە پێی وابووە میسر و نیشتیمانی عەرەبی شوێنی پێشکەوتنی گەورەی زانستە، هیوای ئەوە بووە گەردیلە بۆ چاکەی مرۆڤ بەرکاربهێنرێت و بچێتە بواری چارەسەری پزیشکیەوە وتویەتی: "ئاواتمە چارەسەری شێرپەنجە بە گەردیلەیەک بێت وەک ئەسپرین"، هەروەها ئەندامی لیژنەی زانستە تایبەتەکان بووە لەسەروویانەوە "لیژنەی وزە و پاراستن لە بۆمبە گەردیلەیەکان" کە وەزارەتی تەندروستی میسر پێکیهێنابوو.

 

دکتۆرە سەمیرە شەیدای خوێندنەوە بووە کتێبخانەیەکی گەورەی ڕەنگاو ڕەنگی هەبووە و دواتریش بەخشیوویەتی بە ناوەندی نیشتیمانی بۆ لێکۆڵێنەوەکانی ئەدەب و مێژوو، بەتایبەت ئەو کتێبانەی لەسەر ژیاننامەی کەسایەتیە ڕابەریە جیاوازەکانن، جگە لەوەی زانای بواری گەردیلە بووە سەمیرە بەهرەی هونەریشی هەبووە، ئامێری عودی ژەنیوە و هونەری وێنەگرتنیشی هەبووە بەشێک لە ماڵەکەی وێنەگرتووە حەزی بە چنین بووە و دیزان و جلوبەرگەکانی خۆی کردووە و چنیوویەتی.

 

چالاکیە کۆمەڵایەتیەکانی

لەهەموو چالاکیە زیندووەکانی کۆلێژی زانستەکان بەشداربووە ڕێکخەری شۆڕشی خوێندکاران بووە لە ساڵی ١٩٣٢ دژی لێدوانەکانی "سەموێل" لۆردی بەڕیتانیا بەشداری لە کۆمەڵەی خوێندکارانی ڕۆشنبیری گشتی کردووە ئامانجیان نەهێشتنی نەخوێندەواریی بووە لە لادێکانی میسردا، بەشداری کۆمەڵەی بوژاندنەوەی کۆمەڵایەتی کردووە و ئامانجی یارمەتیدانی خێزانە هەژارەکان بووە، هەروەها چووەتە ناو ڕێکخراوی پاراستنی منداڵە ئاوارەکان و پاراستنی خێزانە هەژاراەکان.

 

 مردنی و گومانی تیرۆرکردنی

سەمیرە بانگێشتنامەی لە ئەمریکاوە بۆ کرا، هەلی لێکۆڵینەوەی لە زانکۆی سان لۆیسی ویلایەتی میسوری ئەمریکا بۆ ڕەخسا، پێشنیاری کار و مانەوەی بۆکرا تا لە ئەمریکا بمێنێتەوە بەڵام ڕەتی کردەوە، پێش چەند ڕۆژێک لە گەڕانەوەی بانگهێشتکراوە بۆ سەردانی کردنی تاقیگە ناووکیەکان لە کالیفۆرنیا، لە ڕێگای چوونی ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر بە ئاڕاستەی پێچەوانەوە بە ڕووی ئۆتۆمبێلەکەیدا هاتووە لە ٥ی ئابی١٩٥٢ گیانی لەدەستداوە و لە دەشتێکی چۆڵدا دۆزراوەتەوە و شۆفێرەکەشی بۆ هەتاهەتایە دیار نەماوە، ئەم ڕووداوەش بە تیرۆکردنی سەمیرە دادەنرێت و چەند لایەنێک تاوانبارکران.