ڕێچکە شکێنەکەی خوێندنی کچان؛ حەپسەخانی نەقیب
حەپسەخانی نەقیب، كچی مەعروف بەرزنجی نەوەی كاك ئەحمەدی شێخ و ئامۆزای شێخ مەحمودی مەلیكی كوردستان و ھاوژینیی شێخ قادری حەفید، لە ساڵی ١٨٩١دا لە شاری سلێمانی ھاتووەتە دنیاوە، ژنێک بووە توانیویەتی بە فکر و کردار ئامانجەکانی بەدیبهێنێت، لە سەردەمێکدا کاری کردووە بۆ دەستکەوتنی مافی ژنان، بە دەگمەن هەڵدەكەوت ژنێك بتوانێت بەو شێوەیە تێبکۆشێت.
لە ٢٨ی حوزەیرانی ١٩٣٠ یەكەمین كۆمەڵەی ژنانی بەناوی "كۆمەڵەی ئافرەتانی كورد" بە سەرۆكایەتی حەپسەخانی نەقیب دامەزرا، حەپسەخانی عیرفانە فەنی خێزانی جەمیل سائیب، سكرتێری بووە و بارەگای تایبەتیشیان ھەبووە، هەروەها ماڵەکەی خۆی کردە یەکەمین قوتابخانەی ژنان و خۆشی بوو بە قوتابی ئەو قوتابخانەیە، پاشانیش ئەو قوتابخانەیە كە ماڵی خۆی بوو لەسەر پەروەردەی تاپۆ كرد.
حەپسەخان ژنێکی چالاکوان، سیاسی، مامۆستا، چاکەکار و فێمینیستی کورد بوو، نمونەی ژنێكی بوێر و دەگمەنی كوردە، لەگەڵ خەمی نەتەوەیی و هاوكاریكردنی لایەنە كوردییەكان لە پارچە جیاوزەكاندا، ژنانی لەبیر نەكرد و هەمیشە هەوڵی پێگەیاندنیانی داوە. ئەو سەردەمەی حەپسە خان شانازیی بە ژنایەتییەوە دەكرد، مافی ژن لە ناو كورددا هەر باس نەدەكرا، بۆیە بووە پێشەنگی ژن لە سەدەی ڕابردوودا.
ساڵی ١٩٣٠ نامەیەکی سیاسی مێژوویی بۆ ڕێکخراوی "كۆمەڵەی نەتەوەكان - عصبە الامم" نارد لە جنێف كە بە ناوەندی دیپلۆماسی جیهان دەناسرێت، تێیدا بە ڕاشكاویی داوای مافی چارەنووسی كوردی كرد لەسەر خاكی كوردستان، ئەو داواكارییەی ئەو ژنە كوردە، دەنگێكی باشی دایەوە، بە تایبەتی لەو سەردەمەدا.
حەپسەخان هەمیشە هاوکاری ژنانی کورد بووە، هەرکاتێک ژنێک کێشەیەکی هەبووبێت بە هەموو توانایەوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکەی داوە، هاوکاری هەژاران و نیشتیمانپەروەرانی کردووە، تەنانەت هەندێک کات لە ڕووی داراییەوە هاوکاری هاونیشتیمانیانی کردووە، دواجار حەپسەخان لە تەمەنی ٦٢ ساڵیدا، لە ڕۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی ١٢ی نیسانی ١٩٥٣، بە نەخۆشی شێرپەنجە كۆچی دوایی كرد و لە گردی "سەیوان"ی شاری سلێمانی بە خاك سپێردراوە.