بەرخۆدان و ژیان لە گۆرانییەکانی ژنانی سوداندا
لە کاتێکدا ژنانی سودان ڕووبەڕووی ڕاستیە سەختەکانی شەڕ و فشارە کۆمەڵایەتییەکان دەبنەوە، نەریتی "گۆرانی کچان" ڕێگەیان پێدەدات چیرۆک و ئارەزوو و ناڕەزایەتییەکانیان بەرامبەر بە ڕۆڵی ڕەگەزی لە ڕێگەی مۆسیقاوە دەرببڕن.
ناوەندی هەواڵ
سودان لە جێگەی سەرنجدایە، نەک تەنها بەهۆی ململانێی بەردەوام بەڵکو بەهۆی پێشێلکارییە قورسەکانی مافەکانی ژنان، دەستدرێژی سێکسی، هاوسەرگیری منداڵان، ڕەتکردنەوەی خوێندن و پرسەکانی تر کاریگەری قووڵیان لەسەر ژیانی ژنان هەیە.
لە بەرامبەر ئەم ڕاستیەدا، نەریتێکی کولتووری گرنگ سەرهەڵدەدات، کە دەنگی ژنانی سودان هەڵدەگرێت و بە “گۆرانی کچان” ناسراوە، ئەم گۆرانیانە لەلایەن ژنان و بەتایبەتی ئەوانەی چینی کرێکارەوە دەوترێنەوە، گوزارشت لە ژیانی ڕۆژانە و خۆشەویستی و کار و ئەو فشارانە دەکەن کە پەیوەندییان بە ڕەگەزەوە هەیە.
ژنان لە ڕێگەی مۆسیقاوە ئەزموونە کەسییەکانی خۆیان دەردەبڕن، ئەو ڕۆڵانەی کۆمەڵگە بەسەریاندا سەپاندوو. تێدەپەڕێنن و چیرۆکەکانیان بە دەنگ و وشەی خۆیان دەنووسنەوە، لە نێو نوێنەرانی هاوچەرخی ئەم نەریتەدا ئەلسارا، هونەرمەندی سودانی و گۆرانیبێژی ڕیترۆ پۆپ هەیە کە بەردەوامە لە پاراستنی ئەم میراسە لە مۆسیقای خۆیدا.
ئەلسارا لە بنەماڵەیەکی چالاکوانی مافی مرۆڤ لەدایک بووە، دوای کودەتاکەی ساڵی ١٩٨٩ ناچار بووە لەگەڵ خێزانەکەی بەرەو یەمەن ئاوارەببێت، لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆی یەمەن لە ساڵی ١٩٩٤، وەک پەناخوازێکی سیاسی ڕووی لە ئەمریکا کرد، دوای خوێندنی مۆسیقای ئێتنۆمیوزیکۆلۆژی، لەگەڵ خوشکەکەی نیهاد لە ساڵی ٢٠١٠ گروپی ئەلسارا و نوباتۆنێس”Alsarah and the Nubatones".یان دامەزراند.
ئەو یەکێکە لەو هونەرمەندانەی کە بەشداری کردووە لە ناساندنی مۆسیقای نەریتی سودانی بە بینەرێکی نێودەوڵەتی، پاراستنی ڕەگ و ڕیشەی نەک گۆڕینی بۆ دەنگێکی جیهانی گشتی و بێ ناوەڕۆک.
گۆرانییەکانی ”خۆشەویستەکەم جێی هێشتم” و ”چیاکانی نوبە” کە لەلایەن ئەلسارا و نیهاد پێشکەش دەکرێن، بە بەرهەمێک دادەنرێن کە ڕەنگدانەوەی جیهانی گێڕانەوەی نەریتی "گۆرانی کچان"ن، ئەو دوو گۆرانییە، بەبێ هاوڕێیەتی مۆسیقا، :ئاکاپێلا”یان پێشکەش کردووە، چیرۆکی ژنێک دەگێڕنەوە کە بەدەست بارودۆخێکی سەختی داراییەوە دەناڵێنێت.