"Beguines"... ئەو ژنانەی لە سەدەکانی ناوەڕاستدا ڕووبەڕووی سیستەمی پیاوسالاری بوونەوە

هەرچەندە ژیانی ژنان لە ئەوروپا لە سەدەکانی ناوەڕاستدا زۆرجار سنووردار بوو بە هاوسەرگیری یان پەیوەستبوون بە ژیانی ڕاهیبە بوون، بەڵام "Beguines" "بیگینەکان" توانیان ئەم قاڵبە نەریتیانە بشکێنن و نموونەیەکی ناوازەی سەربەخۆیی ژنیان پێشکەش کرد.

ناوەندی هەواڵ


کاتێک باس لە سەدەکانی ناوەڕاست دەکرێت، زۆرجار وێنەی قەڵا و شوڕشگێڕ و باڵادەستی کڵێسا بەسەر کۆمەڵگەدا دێتە بەرچاو، بەپێی تێڕوانینی باوی ئەو سەردەمە، چاوەڕوان دەکرا ژنان یان هاوسەرگیری بکەن یان پەیوەندی بە بە ژیانی ڕاهیبەوە بکەن، بەڵام هەندێک لە ژنان ڕێگایەکی جیاوازیان هەڵبژارد، لە دەرەوەی ئەم دوو بژاردەیە؛ کە ناسراون بە "Beguines" "بیگینەکان" چیرۆکەکەیان بە یەکێک لە نموونە جیاواز و سەرنجڕاکێشەکانی ئەزموونی ژنان لە مێژووی ئەوروپا دادەنرێت.

 

بزووتنەوەی "Beguines" "بیگینەکان" لە سەدەی ١٣دا سەریهەڵدا، بەتایبەتی لە بەلجیکا و هۆڵەندا و ناوچەکانی دیکەی ئەوروپای ڕۆژئاوا، ئەم ژنانە نە ڕاهیب بوون و نە هاوسەرگیریان کردووە، ژیانێکی ئایینییان هەڵبژارد، بەڵام بەبێ ئەوەی پابەندبن بە یاساکانی ژیانی ڕاهیبەوە یان سەر بە کڵێساکان بن، لە کۆمەڵگەی سەربەخۆی ژناندا دەژیان و هەرکاتێک بیانویستایە دەیانتوانی بەجێیان بهێڵن، هەروەها مافی ئەوەیان هەبووە هاوسەرگیری بکەن و بە شێوەیەکی جیاواز درێژە بە ژیانیان بدەن ئەگەر بیانەوێت، بەم شێوەیە نموونەیەکیان پێکهێنا کە تەواو جیاواز بوو لەو ڕۆڵە نەریتییەی کە ئەو سەردەمە بەسەر ژناندا سەپێنرابوو.

 

نموونەیەکی سەرەتایی سەربەخۆیی ژنان

"Beguines" "بیگینەکان" پشتیان بە کارەکانیان دەبەست بۆ دەستەبەرکردنی بژێوی ژیانیان، کاریان لە بواری بونیادنان و چاودێریکردنی نەخۆشەکان و فێرکردنی منداڵان و یارمەتیدانی هەژاران دەکرد، ئەم ژنانە لە کۆمەڵگەی هاوکاری و پشتیوانی یەکتردا دەژیان، لەوێدا پاڵپشتی ئابووری و کۆمەڵایەتییان بۆ یەکتریان دابین دەکرد، بۆیە زۆرێک لە مێژوونووسان ئەزموونی"Beguines" "بیگینەکان" بە یەکێک لە سەرەتاییترین نموونە مێژووییەکان دەزانن کە هەوڵی ژنان بۆ بونیادنانی ژیانێکی سەربەخۆ بەرجەستە کردووە.

 

بە بیرۆکە جیاوازەکەیان کە دژی نەریت بوو، تۆمەتبارکران

بەڵام سەربەخۆیی و ڕێکخستنیان لە دەرەوەی دەسەڵاتی کڵێسا لەو سەردەمەدا دژایەتییەکی توندی لێکەوتەوە، هەندێک لە "Beguines" "بیگینەکان" بە بیرۆکە جیاوازەکەیان کە دژی نەریت بوو، تۆمەتبارکران و ژمارەیەک ژنیش لەبەردەم دادپەروەردا دادگایی کران، یەکێک لە بەناوبانگترینی ئەو حاڵەتانە مارگریت پوریت بوو کە لە ساڵی ١٣١٠ لە پاریس بەهۆی پەرتوکێکەوە کە نووسیبووی سووتێنرا.

 

 

بەرخۆدانێکی بێدەنگ کە جێپەنجەی خۆی لەسەر مێژوو بەجێهێشت

سەرەڕای ئەو گۆشەگیرییەی کە "Beguines" "بیگینەکان" بەرگەیان گرت، چیرۆکەکەیان کاڵ نەبووەتەوە، تا ئەمڕۆش هەندێک لە نیشتەجێبوونە مێژووییەکانیان لە بەلجیکا هێشتا وەستاون و شایەتحاڵی ئەو کولتووری هاودەنگییەن کە چەند سەدەیەک لەمەوبەر لەلایەن ئەم ژنانەوە دامەزراون.

 

ڕەنگە "Beguines" "بیگینەکان" ڕێڕەوی مێژوویان وەک شەڕەکان یان پاشاکان نەگۆڕیبێت، بەڵام جێپەنجەیەکی قووڵیان بەجێهێشتووە بە نیشاندانی ئەوەی کە ژنان توانای کۆنترۆڵکردنی ژیانیان هەیە، بوونەتە سیمولی بەرخۆدانێکی بێدەنگ و لە هەمان کاتدا کاریگەر لە مێژووی ژناندا