زەینەب موراد: داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا مەترسییە بۆ سەر هاوڵاتیانی باشوری کوردستان

شاندی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان بە سەرۆکایەتی زەینەب موراد، سەردانی باشوری کوردستانیان کردووە و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، ڕێکخراو و کەسایەتییەکاندا کۆدەبنەوە، لە دیمانەیەکدا زەینەب موراد هاوسەرۆکی کەنەکە، ئامانجی سەردانییەکەیان دەخاتە ڕوو.

شاندی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان بە سەرۆکایەتی زەینەب موراد، سەردانی باشوری کوردستانیان کردووە و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، ڕێکخراو و کەسایەتییەکاندا کۆدەبنەوە، لە دیمانەیەکدا زەینەب موراد هاوسەرۆکی کەنەکە، ئامانجی سەردانییەکەیان دەخاتە ڕوو.

هەولێر

 

لە ٢٤ی ئایاری ٢٠٢١ شاندی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان-کەنەکە بە سەرۆکایەتی زەینەب موراد، هاوسەرۆکی کەنەکە، لە شاری هەولێر دەستیان بە زنجیرە کۆبوونەوەیەک کرد لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراو و کەسایەتییەکانی باشوری کوردستان، بۆ نیشاندانی هەڵوێست و یەکڕیزی لە دژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان.

 

لە دیمانەیەکی ژنهادا لەگەڵ زەینەب موراد، هاوسەرۆکی کەنەکە، ئامانجی سەردانییەکەیان بۆ باشوری کوردستان ڕوونکردەوە و ئاماژەی بەوەدا: "ئێمە وەک ئەندامان و هاوسەرۆکی کەنەکە، هەوڵەدەین لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەکان، ڕێکخستنەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسایەتیە دیارەکانی ناو کۆمەڵگادا کۆببینەوە، ئامانجمان لەم سەردانیکردنە کۆکردنەوەی هەڵوێست و بەدیهاتنی یەکڕیزی لایەنەکە دژ بە هێرشە داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی کوردستان".

 

"دەوڵەتی تورکیا مەترسییە بۆ سەر لایەنەکان بێ جیاوازی"

هاوسەرۆکی کەنەکە ئەوەشی خسەڕوو، تورکیا لە ٢٤ی نیسانەوە هێرشە یەک لە دوا یەکەکانی بۆ سەر ناوچەکانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا دەستپێکردووە و هەوڵی داگیرکردنیان دەدات، بۆیە بە پێویستیان زانیووە لە نزیکەوە سەردانی حیزب و لایەنەکانی باشوری کوردستان و ژنان بکەن تا دەنگیان کۆبکەنەوە بە ڕووی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیادا.

 

ئاماژەی بەوەشدا تورکیا ئەو هەنگاوانەی دەینێت وەک دەستپێکێک وایە بۆ داگیرکردنی کوردستان، دەشڵێت: "ئەو داگیرکاریانە مەترسییە بۆ سەر حزب و لایەنە سیاسییەکان بێ جیاوازی".

 

ماوەی شەش ڕۆژە شاندی کەنەکە لە شاری هەولێرەوە دەستی بە کۆبوونەوەکان کردووە، تا ئێستا بەشێک لە پارتە سیاسییەکان و کلدانی و ئاشوورییەکانیان بینیوە، زەینەب موراد دەڵێت: "پێویستە داگیرکارییەکان و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لەیاد نەکەین بەتایبەت ئەوەی لە عەفرین و ڕۆژئاوادا ڕوویدا، دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت هەمان شت بەسەر باشوریدا بهێنێت، بۆیە ئێستاش چاوی خستووەتە سەر باشوری کوردستان و دەیەوێت بەو هەوڵانە مێژوو و خەباتی کوردان لەناو ببات و خاکەکەی داگیر بکات".

 

"سەرباری ناکۆکییەکان خاڵی هاوبەشمان پاراستنی گەل و خاکەکەمانە"

هاوسەرۆکی کەنەکە ئاماژەی بەوەدا کە تا ئێستا هەوڵێکی جددی نەدراوە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو هێرشە داگیرکاریانە، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ هەبوونی ناکۆکی لە نێوان حزب و لایەنە سیاسییەکان و قەیرانەکان: "هەرچەند ناکۆکی هەبێت لە نێوان لایەنەکاندا، بەڵام پێویستە خاڵێکی هاوبەشمان هەبێت ئەویش پاراستنی گەل و خاک و دەستکەوتەکانیەتی".

 

جیاواز لە زنجیرە سەردانەکان، هاوسەرۆکی کەنەکە باسی لەوەکرد پلانیان هەیە و لە هەوڵدان بۆ کۆبوونەوە و چاوپێکەوتن لەگەڵ ژنانی حزب و لایەنە سیاسیەکان، چالاکوانان، هونەرمەندان و ڕۆژنامەنوسانی باشوری کوردستان، ئامانجیش لەم چاوپێکەتنانە کۆدەنگی نێوان ژنانە بە ڕووی ئەو داگیرکاریانەدا، دەشڵێت: "ژنان دەتوانن پێشەنگایەتی پڕۆسەی ئاشتی، داگیرکاری و بەڕەنگاربوونەوەی داگیرکردنی دەستکەوتی گەلەکەمان بکەن".

 

سەردانەکانی شاندی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان تەنها لە شاری هەولێر دەبێت؟

هاوسەرۆکی کەنەکە لە وەڵامدا وتی: سەردانەکانمان لە ناوچەیەکدا سنوردار ناکەین، بۆ ئەنجامدانی کارو چالاکییەکانمان، بەڵکو سەردانی شار و شارۆچکەکانی باشوری کوردستان دەکەین، وەک سلێمانی و کەرکوک و بادینان"، باسی لەوەشکردن ئەگەر مەترسیەک هەبێت بۆ هەموو ناوچەکانە بێ جیاوازی بۆیە سەردانی ناوچەکان دەکەن تا دەنگی هەموو کورد یەک بخەن دژی ئەو داگیرکارییانە، "پاراستنی خاکی کوردستان و دەستکەوتەکانی گەلی کورد ئەرکی هەمووانە".

 

ت.پ