ژنانی سیاسەتمەدار: دەبێت دەسەڵاتداران یەکلا ببنەوە لە بەرەی گەلن یاخود نا

ژنانی چین و توێژە جیاوازەکان بەشداری ڕێپێوانە جەماوەرییەکەی شاری سلێمانیان کرد و داوایان کرد حکومەت بێتە دەنگ و بیسەلمێنێت ڕێکەوتنی ژێربەژێری نییە لەگەڵ دەوڵەتی داگیرکەری تورکیادا.

سلێمانی

 

ئێوارەی دوێنێ بە هەزاران کەس لە شەقامی سالمی شاری سلێمانی ڕێپێوانیان ئەنجامدا و دەنگی خۆیان لە دژی داگیرکاری و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا هەڵبڕی، ژنان بەشێکی سەرەکی ڕێپیوانەکە بوون.

بەشداربووانی ڕێپێوانەکە ئاماژەیان بەوەدا کە داگیرکردنی کوردستان ئەستەمە و داواشیان کرد دەسەڵاتداران هەڵوێست بنوێنن و چیدیکە لە ئاست ئەو لەشکرکێشیانەدا بێدەنگ نەبن.

 

"ئەو هێرشە داگیرکاریانەی دەوڵەتی تورک ناڕەواترین هەڵوێستی داگیرکارییە"

پەروا عەلی، پەرلەمانیاری خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، دەربارەی ئامانجی ڕێپێوانەکە بۆ ئاژانسی ژنها دووا و وتی "ئامانجی ئەم گردبوونەوەیە وەستاندنەوەیە بە ڕووی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، وەستاندنی ئەو لەشکرکێشیانەی تورکیا دەیکات بەرامبەر بە خاکی باشووری کوردستان".

ئاماژەی بەوەشدا، ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا ناڕەواترین هێرشە کە بەرامبەر بە کورد و کوردستان ئەنجامی دەدات، بە پێویستی زانی هەموو پارتە سیاسییەکان هەوڵی ئاشتەوایی بدەن و حکومەتی کوردستان خۆی یەکلابکاتەوە کە ئایا لەگەڵ ئەو لەشکرکێشیە دایە یاخود نا.

 

"با چیتر میللەت نەکرێتە قوربانی بەرژەوەندی حیزبایەتی"

پەروا عەلی وەک ژنێکی سیاسی، پێی باشە بەردەوام ئەم چالاکیانە بوونی هەبێت، چونکە دەنگی میلەتێکە، داوا دەکات، لەشکرکێشیەکانی دەوڵەتی تورکیا بە جیهان بناسرێت تا بزانرێت تورکیای داگیرکەر چ داگیرکاری و هێرشێک دەخاتە سەر خاکی کوردستان و گەی کورد.

لەکۆتایدا باسی لەوەکرد، یەکڕیزی گەلی کورد تا ئێستا کوردستانی بەم جۆرەی ئێستا هێشتووەتەوە، بۆیە دەبێت گەلی کورد لە دژی هەموو داگیرکارییەک یەک هەڵوێست بێت تا داگیرکەر چیدیکە هەوڵی داگیرکردنی نەدەن.

 

"بە ئاشکرا تورکیا دەیەوێت کورد و کوردستان داگیر بکات"

ڕازاو مەحمود ئەندام پەرلەمانی خولی پێشووی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، پێی وایە ئەو هێرش و لەشکرکێشیانەی تورکیا سەلماندنی داگیرکردنی خاکی باشووری کوردستانە، دەڵێت "پەرلەمان دەتوانێت کۆبوونەوە بکات لەسەر ئەم پرسە چارەنوس سازە، چونکە بەڕاستی چارەنوسی گەلێکە کە حکومەت و پەرلەمان لە ئاستیا بێدەنگن"

 

ئاماژەی بەوەشدا تورکیا دەیەوێت دەسەڵاتی عوسمانی زیندوو بکاتەوە و هاوڵاتیان مافی خۆیانە بزانن کە ئایا دەسەڵاتی کورد و کوردستانیان ژێر بە ژێر لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا ڕێککەوتوون یاخود نا.

 

دەربارەی شاندەکەی دایکانی لەچک سپی کەبە مەبەستی ئاشتەوایی دەیانویست سەردانی پەرلەمانی کوردستان بکەن و ڕێگرییان لێکرا لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە، ڕازاو وتی: ئەو ڕێگریکردنە جێگای پرسیارە کە ئایا سەرۆکی پەرلەمان مەبەستی چی بووە لەم ڕێگریکردنە، پەرلەمانێک کە بە مێژوویەکی سەختدا تێپەڕیوە و ئەمڕۆ بەو شێوەیە ئاڕاستە دەکرێت، ئەم هەڵوێستەی مایەی خەم و نیگەرانییە.

 

ت.پ