ژنانی سوەیدا ناناوەندی و خۆبەڕێوەبەری وەک ئامرازێک بۆ ئاسایش باس دەکەن

لە نێوان ئەو گۆڕانکارییە قوڵانەی کە لە سوەیدا ڕوودەدەن،ژنانی سوەیدا دووپاتیان کردەوە کە بیرۆکەی فراوانکردنی ناناوەندی و سەربەخۆیی، لە خواستەکانی بەشێکی فراوانی دانیشتووان نزیکتر بووەتەوە.

ڕۆشێل جونیور

 

سوەیدا-ژنانی سوەیدا دووپاتیان کردەوە کە بیرۆکەی فراوانکردنی ناناوەندی یان تەنانەت سەربەخۆیی، لە خواستەکانی بەشێکی فراوانی دانیشتووان نزیکتر بووەتەوە، کە ئەمەش لەسەر بنەمای پڕۆژەیەکی سیاسی نەریتی نییە، بەڵکو لەسەر بنەمای پەرەسەندنی هەستکردنە بە نائەمنی و بێمتمانەیی دوای ڕووداوەکانی مانگی تەمموز و کوشتن و توندوتیژی و دابەشکارییە کۆمەڵایەتییە قووڵەکان.

 

زۆر کەس پێیان وایە ئەوەی لە چەند مانگی ڕابردوودا ڕوویدا، تێڕوانینی دانیشتووانەکەی بۆ پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی کاتی سووریا گۆڕیوە، ئەمەش وای لێکردوون سەرلەنوێ بە شێوازی کارگێڕی سیاسی و ئەمنی بچنەوە کە دەتوانێت سەقامگیری مسۆگەر بکات و سیمای ناوازەی کۆمەڵگەی ناوخۆیی بپارێزێت.

 

شۆکی سەربەخۆیی و لەدەستدانی متمانە

پارێزەر رەدنیە خەتیب وتی: خەڵکی سوەیدا سەرەتا "بە هیوایەکەوە" پێشوازییان لە گۆڕانکارییە سیاسییەکەی سووریا کرد، سەرەڕای ئاگاداربوونیان لە پاشخانی ئایدیۆلۆژیی ئەو هێزانەی کە هاتنە سەر دەسەڵات، بەڵام ئەم هیوایە وردە وردە دوای ڕووداوەکانی کەناراوەکان و دواتر گرژی و قسەی خێڵەکی لەناو زانکۆکانی سووریادا کاڵ بووەوە و بە ڕووداوەکانی مانگی تەمموز گەیشتە لوتکە، کە بە وتەی ئەو "شۆکێک بوو بۆ هەستی سەربەخۆیی".

 

ڕوونی دەکاتەوە، کە زۆرێک لە دانیشتووان هەستیان کردووە بیرۆکەی هاوبەشی نیشتمانی بەڕاستی داڕماوە دوای ئەو دیمەنانەی توندوتیژی و کوشتن و ئاوارەبوون کە هاتنە ناوەوەی هێزە ئەمنییەکان بۆ ناو سوەیدا، ئەمە جگە لەوەی هەستێکی بەربڵاوی خیانەتیان هەبوو بەهۆی نەبوونی هاودەنگیی گەل یان داواکاری جددی بۆ لێپرسینەوە.

 

دوپاتیشی کردەوە، کەشوهەوای ترس و گۆشەگیری وایکردووە بەشێکی زۆری دانیشتووان بیر لە شێوازی نوێی پەیوەندی لەگەڵ دیمەشق بکەنەوە، پێیان وایە بوونی هێزە ئەمنییەکان چیتر هەستێکی ئاسایش بۆ دانیشتووان نابەخشێت، بەڵکو پەیوەندی بە ترس و دڵەڕاوکێیەوە کردووە دوای ئەزموونەکانی ئەم دواییە.

 

ناناوەندی وەک بژاردەیەکی پاراستن

رەدنیە خەتیب  جەختی لەوە کردەوە، کە کەشی گشتی لە سوەیدا بە ڕوونی خواستی بەرەو بیرۆکەی فراوانکردنی دەسەڵاتی ناوخۆیی یان خۆبەڕێوەبەری دەڕوات، ئەمەش ڕێگە بە دانیشتووانی هەرێم دەدات کاروباری سیاسی و پەروەردەیی و ئەمنی خۆیان سەربەخۆ لە دەسەڵاتی ناوەندی بەڕێوەببەن.

 

لە کاتێکدا دان بەوەدا دەنێت کە بیرۆکەی سەربەخۆیی تەواو ئاڵۆز دەردەکەوێت و بەستراوەتەوە بە داینامیکی دەسەڵاتی نێودەوڵەتییەوە، هەروەها دیالۆگی دەوروبەری ئێستا بە چڕی لەناو کۆمەڵگەدا ئامادەن، بەتایبەتی لەنێو ئەو نەوە گەنجانەی کە لە نێوان شەڕ و قسەی ڕقاویدا گەورە بوون، کەمتر متمانەیان بە ئەگەری گەڕانەوە بۆ شێوازی پێشووی ژیانی کۆمەڵایەتی هەبووە.

 

هاوکات هۆشداری دەدات لە کاردانەوەی ئەو دۆخەی ئێستا لەسەر ژنان و منداڵانی کچانە بەتایبەت دوای گواستنەوەی ناوەندەکانی تاقیکردنەوە و زانکۆکان بۆ ناوچەکانی دەرەوەی سوەیدا، بەردەوامی ئەم بارودۆخانە دەتوانێت ببێتە هۆی دابەزینی دەرفەتی خوێندن و دامەزراندن بۆ ژنان و زیادبوونی دابڕانی کۆمەڵایەتی.

 

وتاری دەوڵەتێکی مەدەنی

چالاکوانی سیاسی سەماهر عەنداری وتی: هەڵوێستەکانی شێخ حیکمەت هیجری لەو گۆڕانکارییە قووڵانەی کە سوەیدا لەم دواییانەدا بەسەریدا هاتووە، جیا ناکرێتەوە. هەروەها ئەو لە "یەکەم دەنگە ئایینییەکان بووە کە داوای دامەزراندنی دەوڵەتێکی مەدەنی دیموکراتییان کردووە لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون و جیاکردنەوەی ئایین لە دامەزراوەکانی حکومەت، ئەم بەڵگەیەی بە سروشتی ژینگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە سوەیدا زانی کە باوەڕی بە دەوڵەتێکی مەدەنی و فرەیی هەیە.

 

ڕوونیکردەوە، ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی شێخ حیکمەت هیجری کراوە بە جیابوونەوە یان هاوکاری، بە بۆچوونی ئەو لەسەر بنەمای لێدوانی ڕاستەقینە نەبووە، بەڵکو لە ڕەتکردنەوەی هەندێک لە هەر وتارێکەوە سەرچاوەی گرتووە کە داوای دەوڵەتێکی مەدەنی دەکات لە دەرەوەی چوارچێوە نەریتیە باوەکان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، گەورەترین شۆک بۆ هاوڵاتیانی سوەیدا تەنها قەبارەی توندوتیژی و پێشێلکارییەکان نەبووە، بەڵکو ئەو بێدەنگی یان بێباکییەی کە لە چینە بەرفراوانەکانی دانیشتووانی سووریا هەستیان پێکردووە، سەرەڕای ئەو کوشتن و ڕفاندن و پێشێلکاریانەی کە لەلایەن هاوڵاتیانی مەدەنیەوە تووشی بووە، ژە ئەمەش کاریگەرییەکی قووڵی دەروونی بەجێهێشت، بەتایبەتی لەسەر گەنجان و خوێندکاران کە لەناو زانکۆکان و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا ڕووبەڕووی قسەی هەوکردن و خێڵەکی بوونەتەوە.

 

ڕوونیکردەوە، ئەمە هەستی زۆرێکە لە هاوڵاتیان بۆ سەربەخۆیی خۆجێی و ناسنامەی کۆمەڵایەتی و ئایینی بەهێزتر کرد، دوای ئەوەی هەستیان بە ئامانج یان پێشوازی نەکردن لەو فەزایانەدا کرد کە بڕیار بوو هەموو سووریەکان لەخۆ بگرێت.

 

پێکەوەژیان و ڕەتکردنەوەی وەدەرنان

سەماهر عەنداری جەختی لەوە کردەوە، کە کۆمەڵگە لە سوەیدا لەسەر بنەمای کەمکردنەوە دامەزراو نییە و پێکهاتەی سوننە و مەسیحی هەن کە لە چوارچێوەی پەیکەری کۆمەڵایەتی شارەکەدا دەژین، دانیشتووان هێشتا باوەڕیان بە پێکەوەژیان و هاوڵاتیبوون و ڕێزگرتن لە هەمەجۆریی هەیە، ئەوەی خەڵکی سوەیدا یەکدەخات بیرۆکەی هاوبەشی کۆمەڵایەتییە نەک خێڵەکی.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ژنان لەنێو ئەو گروپانەدان کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی ڕووداوەکانەوە، بەڵام ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە پاراستنی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی لە قۆناغەکانی گەمارۆدان و قەیرانەکاندا، ژنانی سوەیدا دوو ئەوەندە بەرپرسیارێتی دابینکردنی بژێوی خێزانەکانیان و خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخی سەختی ئابووری و ژیانیان لە ئەستۆ گرت، ئەمەش هەستی هاوبەشی بناغەی بوونیان لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا بەهێزتر کرد.

 

ئاسایشی ناوخۆیی و ڕۆحی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی

باسی لە گەشەسەندنی نیشانەکانی پشتبەستن بە خۆ لە ناو سوەیدا کرد، لە ڕێگەی فراوانکردنی کشتوکاڵ و بەخێوکردنی پەلەوەر و دەستپێشخەرییە کۆمەڵایەتییە بچووکەکان بە ئامانجی بەدەستهێنانی خۆبژێوی، جگە لە هەڵمەتەکانی چاندنی دار و پاککردنەوە و کاری خۆبەخشی کە لەم دواییانەدا بڵاوبوونەتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، سوەیدا شێوازەکانی ناوخۆیی ڕێکخستن و دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی پەرەپێداوە، وەک پاسەوانی نیشتمانی و دەستپێشخەرییە بنەڕەتییەکان، ئەمەش هەستی بەهێزکردنی دانیشتووان و توانای بەڕێوەبردنی کاروبارییانی بەهێزکردووە.

 

لە شارەوە بۆ بیرۆکەی “کیان”

سەماهر عەندارێ، وتی: بۆ زۆر کەس قسەکردن لەسەر ناناوەندی یان خۆبەڕێوەبردن چیتر تەنها دروشمێکی سیاسی نییە، بەڵکو گرێدراوی پاراستنی کۆمەڵگەی ناوخۆیی و پاراستنی کەرامەت و سەقامگیری و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو پێشێلکاریانەی ناوچەکە شاهیدی بووە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی ئەمڕۆ سوەیدا ئەزموونی دەکات، هەستێکی لای بەشێک لە دانیشتووان دروستکردووە کە "کیان"ێک یان هەیە کە توانای ڕێکخستنی خۆیان و بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی هەیە، تەنانەت ئەگەر دەوڵەتێکی سەربەخۆش نەبێت، کە ئەمەش بە ڕەنگدانەوەی گەشەسەندنی ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری ناوخۆیی و ڕۆحی هاوکاری کۆمەڵایەتی لەناو شارەکەدا دەزانێت.