ژنانی عێراق لە نێوان بەشداریکردن و ئامادەنەبوون لە هەڵبژاردنەکاندا

هەڵوێستی ژنانی عێراق جیاوازە لە نێوان ئەو کەسانەی کە بەشداری هەڵبژاردنەکان وەک دەرفەتێک بۆ گۆڕانکاری و پاڵپشتیکردنی ژنانی کاندید دەبینن، لەگەڵ ئەوانەی باوەڕیان بە بەڵێنە سیاسییەکان نەماوە و بڕیاریانداوە بایکۆتی هەڵبژاردنەکان بکەن.

رەجا حەمید ڕەشید

 

عێراق- تەنها چەند ڕۆژێک بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق ماوە، کە بڕیارە ١١ی ئەتشرینی دووەم ئەنجام بدرێت، هەموو چاوەکان لەسەر سندوقەکانی دەنگدانن لەناو کەشێکی دەنگدان کە هیوا تێکەڵ بە وریایی، گەشبینی لەگەڵ گومان دەبێت، بۆچوونی هاوڵاتیان جیاوازە لە نێوان ئەو کەسانەی کە بەشداریکردن وەک ئەرکێکی نیشتمانی و دەرفەتێک بۆ گۆڕانکاری دەبینن، لەگەڵ ئەوانەی باوەڕیان بە بەڵێنی دووبارەبوونەوەی بانگەشەی هەڵبژاردن نەماوە.

 

لە نێو ئەم کەشوهەوادا دەنگی ژنانی عێراق بە ڕوونی و یەکلاکەرەوە دەردەکەون، هەندێک پشتگیری خۆیان بۆ ژنان وەک بژاردەیەکی هەڵبژاردن دەردەبڕن کە توانای هێنانەدی گۆڕانکاری هەبێت، هەندێکی تر پێیان وایە ئەزموونەکانی ڕابردوو ئەو ڕۆڵەیان بە ژنان نەداوە کە شایەنیەتی لە ژیانی سیاسیدا.

 

"من تەنها دەنگ بە ژنێک دەدەم"

ئەسیل عەبدول حسێن، ژنی ماڵەوە، وتی: سەرەتا بڕیارمدا بەشداری هەڵبژاردنی داهاتوو نەکەم، بەڵام بیروڕام گۆڕی و وتم دەبێت بەشداری بکەم، چونکە نامەوێت دەنگەکەم بەفیڕۆ بچێت، ئامانجم گۆڕینی شێوازی ئاسایی بەشداریکردنە لە هەڵبژاردنەکاندا، لە دانیشتنەکانی پێشووی پەرلەماندا زۆرجار پیاوانمان هەڵبژارد، بەڵام ئەمجارەیان، بە ژمارەیەکی زۆر لە کاندیدی ژن، بڕیارمدا بەشداری بکەم و دەنگم بۆ ژنێک بێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ٢٢ ساڵ بەهەمان ڕوخسار و هەمان پیاوەوە تێپەڕیوە، بەڵام هیوادارم ئەم خولەی پەرلەمان جیاواز بێت، ڕەنگە ژنێک سەربکەوێت، چونکە ژنانی ئەمڕۆ ڕۆڵێکی بەرچاویان لە کۆمەڵگەدا وەرگرتووە، ئیتر نیوەی کۆمەڵگە نین بەڵکو بە تەواوی نوێنەرایەتی دەکەن، ژنان بە سروشتی خۆیان بەئەمەک و سەرنج و دیسپلیندارن، ئێمەش وەک هاوڵاتیان لە سەرووی هەموو شتێکەوە ئاواتەخوازین خزمەتگوزارییەکان بەرەوپێش ببەین، بەو پێیەی ژنان گرنگی بە وردەکارییەکان و جوانی لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا دەدەن، بە دڵنیاییەوە هەوڵ دەدەن زیانەکان چاک بکەنەوە و خزمەتگوزاری پێشکەش بکەن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم خولەی پەرلەمان کاندیدی ژنی شایستە و چالاک لەخۆدەگرێت و هەست دەکەیت گەشبینی و ڕۆحێکی نوێ هەیە کە دوای چەندین ساڵ لە وێرانکاری ڕاستیەکە دەگۆڕێت، هەر بۆیە بە دڵنیاییەوە وتی: من تەنها دەنگ بە ژنێک دەدەم، چونکە ژنان تەواوی کۆمەڵگەیەکە، لە کۆتاییدا داوای لە هەمووان کرد، کە بڕۆن و دەنگەکانتان بدەن و هەرکەسێک بە باشترینتان دەزانن هەڵیبژێرن، هەروەها دەنگدان مافێکی نیشتمانی ڕەوایە بۆ هەموو هاوڵاتییەک، لەبەر ئەمەش دەنگەکانتان بەفیڕۆ مەدەن.

 

بەڵێنی درۆ و تێکچوونی خزمەتگوزارییەکان

نوها عەبدوڵا، فەرمانبەری کەرتی تایبەت، دووپاتی کردەوە، کە بەشداری هەڵبژاردنی داهاتوو ناکات، وتی: کاندیدەکان بەڵێنی درۆ دەدەن، خزمەتگوزارییەکان بە خراپی دەمێننەوە، هەروەها دەرفەتی کار بۆ دەرچووانی ژن و پیاو نییە.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە ژنان لە دانیشتنەکانی پێشووی پەرلەمانیشدا پۆستی گرنگیان نەبووە، وەک پۆستی سەرۆکوەزیران، هەروەها ڕۆڵێکی کاریگەریان نەبووە لە دەرکردنی یاسایەک کە ڕێژەی جیابوونەوە یان یاسای باری کەسی سنووردار بکات.

 

وەقار ئینتیسار، بەڕێوەبەری مارکێتینگ، هاوکات ڕەتکردنەوەی تەواوەتی خۆی لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا ڕاگەیاند، هەروەها دژی تەواوی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانە، چونکە زۆربەی کاندیدەکان "هیچیان نەکردووە" بۆ وڵات.

 

ڕوونیشیکردەوە، کاندیدەکان تەنها لەکاتی هەڵبژاردندا پەیوەندی بە هاوڵاتیانەوە دەکەن و بەڵێن دەدەن بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری، بەڵام ئەمانە وەکو بەڵێنێکی بەتاڵ دەمێننەوە کە دوای هەڵبژاردن لەناودەچن، ئێمەش هیچ جێبەجێکردنێک لەسەر زەمینە نابینین.

 

سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان لە پڕۆسەی سیاسیدا ڕوونی کردەوە، کە لە کاتێکدا ژنانی لێهاتوو و چالاک لە بوارەکانی خۆیاندا هەن کە بەشدارییەکی بەرچاویان لە وڵاتدا هەبووە، بەڵام دەرفەتی ڕاستەقینەیان پێنەدراوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرکردایەتی لە دامەزراوەکان یان وەزارەتەکانی سەروەری، هەروەها ژنان لە پەراوێزدا دەمێننەوە و پۆستە گرنگەکان تەنها بۆ پیاوان تەرخانکراوە.

 

عەلیا عەبدوەهاب ڕایگەیاند، کە بەشداری هەڵبژاردن بە ئەرکێکی نیشتمانی دەزانێت،وتی: دەنگی خۆم دەدەم بۆ ڕێگریکردن لە پەراوێزخستن یان ساختەکاری، دەمەوێت بیسەلمێنم  وەک هاوڵاتییەکی عێراقی بەشدارم لە بونیادنانی داهاتووی وڵاتەکەمدا.