"ژنانی هەڵبژێردراو دەتوانن کاریگەری لەسەر سیاسەتی عێراق بکەن"
زۆرێک لە ژنان وەک کاندید بەشداری هەڵبژاردنەکانی عێراق بوون و بەشێکی زۆریشیان سەرکەوتوو بوون، ژنانی سەرکەوتوو دەیانەوێت بەڵێنەکانیان بە گەلی عێراق و ژنانی ناو پەرلەمان نیشان بدەن.
غوفران ئەلرادی
بەغدا- هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ١٠ی تشرینی یەکەم بەڕێوەچوو، دوای کۆتایی هاتنی هەڵبژاردن لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ئەنجامە بەراییەکان لەلایەن کۆمسیۆنەوە بە فەرمی ڕاگەیەندران، لە نێوان دەرچوون و دەرنەچوونی کاندیدەکاندا، ٩٧ ژن توانییان سەرکەوتن بەدەستبهێنن و دەکرێت ئەم ئەنجامەش پاش ٢٠ ڕۆژ کە کۆمسیۆن بۆ ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان دیاریکردووە، گۆڕانی بەسەردابێت.
"پێویستە لە ئاست متمانەی هاوڵاتیدا بین"
عالیە ناسیف، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق کەبە هەڵوێستەکانی لە پەرلەماندا توانی ئەم خولەش زیاتر لە ١٧ هەزار دەنگ بەدەستبهێنێت و ببێتەوە بە پەرلەمانتار، بۆ ئاژانسی ژنها قسەی کرد و وتی: ئێمە توانیمان متمانەی هاوڵاتیان بەدەستبهێنن، چونکە لەناو گەلدا بووین و هەوڵماندا دەنگمان لە پەرلەمان بەرز بکەینەوە، ژن کاریگەری لەسەر سیاسەت هەیە و دەتوانێت پێشەنگایەتی بکات.
ئەو کاندیدە ئاماژەی بەوەشدا کە گەل ڕای خۆی وت و دەنگیشیدا ئیتر کاتی ئەوەیە پەرلەمانتاران لە ئاست داواکاری گەلدا بن و جێی متمانەیان بن، عالیە دەربارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان باسی لەوەکرد کە ڕێژەی بەشداربوون کەم بوو، "هیوادارین لە داهاتوودا ڕێژەکە زیاد بکات، پێویستە ئێمە بێ ئومێدی ژنان لەم هەڵبژاردنەدا لەبەرچاو بگرین".
"ژنان دەتوانن لە عێراقدا، ڕێڕەوی سیاسەت بگۆڕن"
نیسان ئەلزاهیر، لە پارێزگای ناسریە زیاتر لە ٢٢ هەزار دەنگی بەدەستهێناوە و لە ئاستی یەکەمی زۆرترین ڕێژەی دەنگدان دایە، دەربارەی هەڵبژاردنەکان وتی: ئێستا دەستپێکی گەیاندنی دەنگی خۆپیشاندەرانی مەیدانەکە بە پەرلەمان، ئێمە پێویستمان بە کارێکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی بەڕاستی شایستەی متمانەی هەزاران دەنگدەر بین کە لەسەر سندوقەکان دەنگیان دا، دەشبێت ماف و دەنگ و داخوازی هەموو خۆپیشاندەران ئامانجی سەرەکیمان بێت و دروشمەکانی ئەوان دروشمی کارکردن و خەباتمان بێت.
ئەو کاندیدە هەڵبژێردراوە وتیشی: ئێمە دەمانتوانی کورسی زیاتر بەدەست بهێنین، ئەمە لەلایەن شارەزایانەوە پشتڕاست کرایەوە، بەڵام لەبیرمان ناچێت کە ئەزموونێکی نوێیە و کەمی بەشداری لە هەڵبژاردنیشدا قەرەبووی سیاسەتی هەڵەی پێشوو بوو، کاتێک ژنان کاریگەریان لەسەر دەنگدەران هەیە و پیاوان دەنگیان پێدەدەن، واتای ئەوەیە کە ژنان دەتوانن کاریگەریان هەبێت و دەورەی سیاسی لە عێراقدا بەڕێوەببەن.
لەناو ئەو ژنانەی ئاستی بەرزیان بەدەستهێناوە، سروە عەبدول واحیدە کە ٢٢ هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، هەروەها بەدریە ئیبراهیم لە پارێزگای سلێمانی زیاتر لە ١٩ هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، لەناو پێکهاتەی کریستیانەکانیشدا ئیڤان فایەق زیاتر لە ١٠ هەزار دەنگی هێناوە.
ت.پ