ژنان لەنێوان مۆدێل و باڵاپۆشیدا

ڕێکخستنی فێستیڤاڵ و مەراسیمەکان بۆ باڵاپۆشبوونی ژنانی گەنج بووەتە دیاردە، لە بەرامبەریشدا کۆمەڵێک ژنیش بوونەتە مۆدێلین، بەمە ژنان لەنێوان سیستمی سەرمایەداری و ئیسلامی سیاسیدا بوونەتە کاڵا، بۆ سیاسەت و بەرژوەندی تایبەت بەکاردەهێندرێن.

 

 

تەرزە تەها

سلێمانی- کۆمەڵگەی کوردی بە حوکمی ئەوەی کۆمەڵگایەکی ئیسلامە، یەکێک لە ئەرکەکانی ژن لە دینی ئیسلامیشدا باڵاپۆشبوونیەتی، بۆیە لە کۆمەڵگایەکی ئیسلامیدا ئاساییە ژنان ببنە باڵاپۆش، بەڵام لە ئێستادا لەلایەن ئەو ڕێکخراوانەی سەر بە حزبە ئیسلامییەکانن فێستیڤاڵ بۆ کۆمەڵێک ژنی گەنج دەکرێت، لە کاتێکیشدا زۆرینەی ئەو ژنانە باڵاپۆشن و بۆ مەرامی سیاسی بەکاردەهێنرێن.

 

فێستیڤاڵەکان بۆ باڵاپۆشی

فێستیڤاڵی (تاجی زێڕین) تا ئێستا حەوت فێستیڤاڵی ئەنجامداوە، لە مانگی نیسانی ٢٠١٩ لە شاری سلێمانی بە بەشداری ٤٥٠ ژنی گەنج پێنجەم فێستیڤاڵ ئەنجام درا، لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢٠ بەهەمان شێوە لە شاری هەولێر فێستیڤاڵی شەشەمی تاجی زێڕین بۆ ٨٠٠ ژنی گەنجی دیکە ئەنجامدرا.

 

جارێکی دیکە لە سەرەتای ئەمساڵدا فێستیڤاڵی تاجی زێرێن لە مانگی شوباتەوە دەستیپێکرد، لە ١٢ی شوباتی ئەمساڵدا لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە و سەیدسادق و شارەزوور حەوتەمین فێستیڤاڵی تاجی زێڕین بۆ ١٣٥٧ ژنی گەنج ئەنجامدرا کە هاوکاتە بە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی و شۆڕشی ئێران کە ئێران بووە ڕژێمێکی ئیسلامی.

 

لە ١٣ی هەمان مانگدا لە شیلادزێ لە پارێزگای دهۆک بۆ ١٠٠ ژنی گەنج، لە گەرمیان ٢٠٠ ژنی گەنج بەشداربوون و لە ٢٨ی مانگیشدا لە شارۆچکەی خەبات لە هەولێر بۆ ١٠٠ ژنی دیکە فێستیڤاڵەکە ئەنجامدرا.

 

لە ١٢ی ئایاردا لە شارەزوور فێستیڤاڵێکی باڵاپۆشی بۆ ٤٠٠ ژنی گەنج ئەنجامدرا، هەروەها لە ڕۆژی ١٩ی ئایاریش بەهەمان شێوە فێستیڤاڵێک بەناوی (شکۆی باڵاپۆشی) بۆ هەزار و ٦٠٠ ژنی گەنج لە شارۆچکەی قەڵادزێ سەر بە ناوچەی پشدەر ئەنجام درا.

کێ ئەم فێستیڤاڵانە ئەنجام دەدات؟

فێستیڤاڵی (تاجی زێڕین) لەلایەن ڕێکخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی کوردستانەوە کە سەر بە حزبی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ئەنجامدرا، تا ئێستاش حەوت فێستیڤاڵی ساڵانەی ڕێکخستووە.

 

لەبەرامبەر کارەکانی ڕێکخراوەکانی سەر بە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، ڕێکخراوەکانی خوشکانی سەر بە حزبی کۆمەڵی دادگەری کوردستان هەمان چالاکییان بە ناوی (شکۆی باڵاپۆشی) ئەنجامدا، لە دوای بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکانی تاجی زێڕین، ئەوانیش دوو فێستیڤاڵی هاوشێوەیان ئەنجامدا.

 

بەو واتایەی ئەم دوو حزبە دەیانەوێت جێدەستی خۆیان دەربخەن، ژنان بەناوی ئاینی ئیسلامەوە بۆ خۆیان بەکاربهێنن، واتە چۆن ژنان لەناو سیستمی سەرمایەداریدا بەناوی لیبڕاڵیەت و ئازادییەوە بەکاردەهێندرێن، ئیسلامی سیاسی بەناوی دینەوە بەکاردەهێنندرێن بۆ بەرژەوەندییەکان.

دەنگدانەوەی ئەو فێستیڤاڵانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا

بڵاوبوونەوەی ئەم بابەتە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەرزوو چەندین بیروڕای جیاوازی لێکەوتەوە، بەشێک لە هاوڵاتیان بە ئازادی تاکەکەسیان دانا، باڵاپۆشیان وەک بابەتێکی ئاسایی ناوبرد، لەبەرامبەردا چەندین کەسی دیکە ڕەخنەیان لە فێستیڤاڵەکان گرت، پێیان وایە ئەمە گەڕانەوەی گۆمەڵگایە بۆ دواوە، بە بڵاوکردنەوەی بیری توندڕەویی وەسفیان کردووە.

 

بەشێک لەو هاوڵاتیانە، حزبە ئیسلامییەکان بەوە تۆمەتبار دەکەن کە بەم جۆرە کار لەسەر ژنان دەکەن، جارێکی دیکە ئەمە بە بەکارهێنانەوەی ژنان بۆ بەرژەوەندی تایبەت پێناسەدەکەن، لە بەرامبەریشدا بەشێکی دیکە لە هاوڵاتیان ئەمەیان لاپەسەندە.

ژن لەناو سیستمی سەرمایەداری و پیاوسالاریدا

لە سیستمی سەرمایەداریدا، ئەوەی دەسەڵاتی ڕەهای هەیە لایەنێک و کۆمەڵێکی دیارکراون، سەرجەم ئۆرگانەکانی دەسەڵاتیان کۆنتڕۆڵکردووە، ئەم گروپە دیاریکراوە لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان کاردەکەن.

 

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەقڵیەتی پیاوسالاریش تێیدا زاڵە، لەبەر ئەوەش سیستمی سەرمایەداری هەر لەسەر هەمان بنەمای ئەقڵیەتی پیاوسالاری گروپێکی دیاریکراو کاردەکات، ژنانیش لەم سیستمەدا هیچ ڕۆڵێکی ئەوتۆیان پێنەدراوە، تەنها بۆ بەرژەوەندییەکانی هەمان گروپ بەکاردەهێندرێن.

 

ژنان لەم سیستمەدا بوونەتە کاڵایەک بۆ جێبەجێکردنی خواست و ویستەکانی سیستم، لەبەرامبەریشدا ژنان لە سیستمی سەرمایەداریدا دۆخیان باشتر نییە، ژنان لەم سیستمەدا بوونەتە کاڵایەک بۆ تێکردنی حەزەکانی ڕەگەزی بەرامبەر.

 

لەم سیستمەدا ئەوەی بۆ ژنان کراوە بە پێوەر گرنگیدانە بە ڕووکەش، خۆ نمایشکردن و خۆگونجاندنە لەگەڵ خواستی پیاوان، ئیتر ئەوەی گرنگی پێنادرێت ناوەڕۆک و ناخی ژنانە، ئاستی هۆشیاری و ڕۆشنبیری ژنان هیچ گرنگییەکی نییە، ژن بووەتە کاڵای ساغکردنەوەی بەرهەمە جوانکارییەکان تا ڕووکەشێکی جوانیان بەپێی خواستی سیستمەکە هەبێت.

دۆخی ئێستای ژنان

ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە مۆدێلەکان و مەیکئەپ ئاڕتیستەکان دەرکەوتوون، وەک پیشە خۆیان دەناسێنن، لەبەرامبەریشدا فێستیڤاڵە باڵاپۆشییەکان چەند ساڵێکە سەریهەڵداوە، بەڵام لەم ساڵدا زیاتر لە شەش فێستیڤاڵی لەم شێوەیە بۆ ژنانی گەنج ئەنجام دراوە.

 

ژنان لەم دوو ڕێگەیەدا بووتەنە جێبەجێکەری مەرامەکانی حزب و سیستمی سەرمایەداری، ژنانیش بێ ئاگا لە مەرامی ئەم دوو بیرە دواییان دەکەون، زۆرینەی جارەکانیش دەڵێن ئەمە ئازادی تاکە کەسییە، هاوڵاتیان بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون، لایەنگرانی بە کارێکی ئاسایی و جێبەجێکردنی ئەرکێکی ئایینی ناوی دەبەن، بەشێکیش ڕەخنەی لێدەگرن و پێیانوایە باڵاپۆشی کراوەتە ئامرازێک بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجێکی دیاریکراوی سیاسی و حزبی.

 

پەروین ئەحمەد، یەکێک لە ڕێکخرانی فێستیڤاڵی باڵاپۆشی لە پارێزگای هەڵەبجە کە لەلایەن ڕێکخراوی خوشکانی سەر بە کۆمەڵی دادگەری کوردستانە، کە ٤٠٠ ژن بەشدارییان کردبوو، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ژنها ڕەتی دەکاتەوە هیچ مەرامێکی تایبەتیان نییە، تەنها دەیانەوێت کۆمەڵگا لە دین تێبگەینن.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ئەو ژنانە بەخواستی خۆیان بەشدارییان لەو فێستیڤاڵەدا کردووە، نە توندڕەون و نە چاولێکەری هیچ کەسێکیان کردووە.

"ژنان وەک سوپایەک بۆ نیشاندانی دەسەڵات بەکاردەهێندرێن"

سەرباری ڕەتکردنەوەی ئەم بۆچوونە، بەشێک لە چالاکوانانی بواری ژنان پێیان وایە ئەمە تەواو بەهۆی کاریگەری لایەنێکی دیاریکراوەوەیە، لە نێویشیاندا ڕێکخراوی "یەکێتی ژنانی کوردستان" ڕاگەیەندراوێکیان لەو بارەیەوە بڵاوکردەووە.

بەپێی ڕاگەیاندراوەکەی یەکێتی ژنانی کوردستان، کە مانگی شوبات بڵاوی کردەوە، چ ئەوانەی بە ناوی مۆدێلەوە ژنان دەکەنە کاڵا، چ ئەو دوو حزبە سیاسییە ئیسلامییە ژنان بۆ مەرام و نیشاندانی دەسەڵاتی خۆیان ژنان بەکاردەهێنن، لەلایەن دەوڵەتانی ئیسلامی وەک تورکیاوە ئاڕاستە دەکرێن.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەیاندا یەکێتی ژنان، ئەم کارەیان وەک بە کاڵاکردنی ژنان پێناسە کردووە، تێیدا هاتووە: "لە هەرێمدا دیاردەیەكی بێزراوی دوور لە گشت بەهایەكی مرۆڤایەتی و ئاکاری هاتووەتە كایەوە، بەزەوتكردنی جەستەی ژنان، لەلایەك ژنان دەكەنە بوكەڵەی دروستكراو ومۆدیل و نمایش پێكردنیان وەك كاڵایەكی بازرگانی لە تۆرە كۆمەڵایەتییەكان و هەندێ كەناڵی ڕاگەیاندنی نا بەرپرس دەیانكەنە ڕیكلامی بازرگانی و یاریكردن بەجەستەیان، لەلایەكی ترەوە بەناوی ئاینی پیرۆزی ئیسلامەوە دەیانخەنە ناو ئەجێندای هەندێ‌ پارت و گروپی سەر بەوڵاتانی دەرەوەی ناوچەكە و بەكارهێنانیان بۆ مەبەستی تایبەتی خویان و بێبەش کردنیان لەسادەترین ماف، وەك سوپایەك نمایشیان پێدەكەن بۆ پیشاندانی هێزو دەستكەوتی سیاسی خۆیان لەژێر ناوی پیرۆزی ئیسلامدا".

 

هەروەها وەک یەکێتی ژنان هەردوو دیاردەکەیان ڕەتکردووەتەوە، داواشیان کردووە "ژنان بە یەک هەڵوێست بێنە دەنگ و فشاری ڕاستەقینە لەسەر دەسەڵات و سەرجەم سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان بکەن، تا چیتر مافی ژنان نابێتە قوربانی مەرامە سیاسییەکان".

"ئەنجامدانی ئەم فێستیڤاڵانە سیاستی لەپشتە"

سۆزان عارف، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی تواناسازی ئافرەتان لە پارێزگای هەولێر، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ژنها ئاماژەی  بۆ ئەوەکرد، ئەنجامدانی فێستیڤاڵ بۆ کۆمەڵێک ژنی گەنج لە یەک کاتدا واتای ئەوەیە کە ئەم کارە لە ژێر کاریگەری و هەژموونێکی دیاریکراودایە.

 

باس لەوەش دەکات، لەبەر ئەوەی ئەو فێستیڤاڵانە بە کۆمەڵ دەکرێت، واتای ئەوەیە کە سیاسەت و ئەجێندایەتی لە پشتە، کەس کێشەی لەگەڵ ئەوەدا نییە کە ژنێک بە خواستی خۆی ببێتە باڵاپۆش، بەڵام دژی ئەوەن کە ژن بەکاربهێندرێت بۆ مەرامەکانی لایەنێکی دیاریکراو.

 

ئاماژەی بۆ  ئەوەشکرد، ئەم بابەتە دەیسەلمێنێت کە هۆشیاری لاوازە، دەبێت زیاتر هەوڵی هۆشیاکردنەوەی ژنان بدەن و تاک خۆی بڕیار لەسەر ژیانی خۆی بدات، باڵاپۆشبوونی ژنان بابەتێکی سادەیە، پێویست بە فێستیڤاڵ و ئاهەنگ ناکات، لەبەر ئەوەیە بووەتە جێگەی پرسیار.

 

ت.پ