ژنان لە ناوچە داگیرکراوەکان ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە: ئێمە بێدەنگ نین
ڕیحان لۆقۆ، وتەبێژی کۆنگرەی ستار هەڵسەنگاندنی بۆ سیاسەتەکانی دژ بە ژنان لە ناوچە داگیرکراوەکان و بڕیارە نوێیەکانی چەتەکانی فەیلەق شام کرد.
سۆرگوڵ شێخۆ
قامیشلۆ- چەندین ساڵە ژنان لە ناوچەکانی عەفرین و گرێ سپی و سەرێکانی کە لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە داگیرکراون لەژێر هەموو جۆرە کردەوەیەکی خراپدان، بوونی گرووپی چەتەکان لەو ناوچانەدا هیچ بنەمایەکی ڕەوشتی و ستانداردی نییە و ژنان ڕۆژ بە ڕۆژ ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە دەبنەوە، یەکێک لەو کردەوانە بڕیاری چەتەکانی فەیلەق شام بوو، گروپە چەتەکان لە عەفرین ئێستا داوای فرە هاوسەرگیری دەکەن.
بڕیارێکی "فەیلەق شام" هەڕەشەیە بۆ ژنان
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە عەفرین، بڕیارێکی فرە هاوسەرگیری لەلایەن چەتەکانی فەیلەق شام درا، چەتەکان وتیان: قسەی سەرکردەیەک کە گەیشتووەتە ئێمە داوا لە هەموو چەتەکان دەکات کە دووبارە هاوسەرگیری بکەنەوە، ئەمەش بەبیانووی ئەوەی ڕێژەی ئەو ژنانەی لەو ناوچانەدا هاوژینەکانیان گیانیان لەدەستداوە زیادی کردووە، هەروەها داوا لە ژنان دەکات کە هاوژینەکانیان هاوسەرگیری دووەم بکەن، هەڕەشە لەو ژنانە دەکرێت کە ئەم بڕیارە ڕەت دەکەنەوە و پێویستە ئەوان ئاگادار بکرێنەوە، ژنەکە دەستگیردەکەن و دەیخەنە زیندان هەتائەو کاتەی پیاوەکە چوار هاوژینی دەبێت.
"داگیرکردنی عەفرین و سیاسەتەکانی دژ بە ژنان وەڵامێک بوو بۆ شۆڕشی مێژوویی ژنان"
ڕیحان لۆقۆ تیشكی خستەسەر داگیرکردنی عەفرین، ئاماژەی بەوەکرد دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت هێرش بکاتە سەر شۆڕشی مێژوویی ژنان لە سەدەی ٢١ و وتی: لەگەڵ بەهێزکردنی ڕێکخراوەکەیان لەسەر ئاستی هەرێمی و کوردستان و جیهان، ئاستی زانستییان قووڵتر دەکەنەوە و بەرەو یەکگرتوویی دەڕۆن، هێرشی قورس بۆ سەر بوون و ناسنامە و جوگرافیا لە زیادبووندایە، عەفرین نموونەیە، ئەو ژنانەی کە تا ئێستا خەباتیان کردووە بۆ بوونی خۆیان لە ناوچەکانیاندا ڕووبەڕووی چەندین تاوان دەبنەوە، بە زۆرەملێ هاوسەرگیرییان پێدەکرێت، لە جیاتی خوێندنی زمانی دایک، منداڵان لەسەر بیرۆکە و ئایدۆلۆژیای داعش و دەوڵەتی تورکیا پەروەردە دەکرێن.
"بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هاوکاری لەگەڵ تورکیا نیشان دەدات"
ڕیحان لۆقۆ تیشکی خستەسەر لێدوانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە٢ی ئاب و وتی: بەیاننامەکە داگیرکردنی عەفرین بە ڕەوا دادەنێت و سوپاسی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دەکات لەکاتێکدا تورکیا دروستکەری چەتەکانی داعش و هەموو گروپە چەتەکانە، ئەم بەیاننامەیە جەخت لە هەماهەنگی هەموو هێزە هەژموونییەکان دەکاتەوە لە داگیرکردنی عەفرین و ئەو سیاسەتانەی کە ئێستا لەوێ بەڕێوەدەچن، لە هەمان کاتدا، ئەوان ڕۆڵ و هاوبەشیان هەیە لە کۆمەڵکوژی ژنان لە عەفرین و گرێ سپی وسەرێکانی.
"لە ڕۆژی بەیاننامەکەدا، فەیلەق شام بڕیاری لەدژی ژناندا"
ڕیحان لۆقۆ ئاماژەی بەوەکرد، لە بەیاننامەکەدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هانی چەتەکانی فەیلەق شامی داو وتی: بڕیارێکی لەو جۆرەیان داوە کە هەر چەتەیەک دەتوانێت چوار جار هاوسەرگیری بکات، ئەمە دۆخەکە ناسەقامگیر دەکات و نەبوونی ئاسایش لەو ناوچانەدا زیاد دەکات و هەڕەشەی ئازادی و ژیانی ژنان قووڵتر دەکات. لەگەڵ ئەم بڕیارەدا، ئەوان ڕێگای زۆر لەبەردەم ژنان دەگرنەبەر و تەنها ڕێگای هاوسەرگیری دەکەنەوە، ئەو توندوتیژییەی کە هیچ ڕستەیەک ناتوانێت پێناسەی بکات لەو ناوچانەدا ئەنجام دەدرێت. ئەم بڕیارە جینۆسایدێکە لەسەر ناسنامەی ژنان، ئەوە تاوانێکە کە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەتاوان نابیندرێت.
"سەر دانانەوێنین، بێدەنگ نابین"
ڕیحان لۆقۆ جارێکی دیکە هەڵوێستی خۆی وەک ڕێکخراو و بزووتنەوەی ژنان بەبیرهێنایەوەو وتی: ئێمە لە سیاسەتەکانی دژی ژنان لە ناوچە داگیرکراوەکان باش تێدەگەین، بەڵام هەرگیز بێدەنگ نابین و کۆمەڵکوژییەکی لەو جۆرە قبوڵ ناکەین، ئەو بڕیارانەی لە ناوچە داگیرکراوەکاندا دەدرێن کاریگەری لەسەر ژنانی ناوچە ئازادکراوەکانمان نابێت و ترس دروست ناکات، ژنانی ئەمڕۆ پێشەنگایەتی شۆڕش دەکەن و کۆتایی بە داگیرکاری تورکیا و چەتەکانیان دەهێنن، ئێمە ئاستی خەبات و هاوکاری زیاتر بەرز دەکەینەوە لەسەر ئاستی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بە گشتی.