ژنان لە فەلەستین ڕووبەڕووی جیاکاری دەبنەوە لە سیاسەتدا

مونا ئەبو شەعبان، سیاسەتمەدار ڕایگەیاند ژنان لە فەلەستین ڕووبەڕووی جیاکاری دەبنەوە لە ژیانی سیاسیدا و ٣٠%ی کۆتای ژنان کە داواکاریی ئەوان پێکنایەنێت جێبەجێ ناکرێت.

 

نەغەم کەراجە

 

غەزە-هەرچەندە ژنانی فەڵەستینی کە چەندین ساڵە خەبات بۆ مافەکانیان دەکەن لە زۆر بواردا، لە ژیانی کارکردنەوە بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی، لە سیاسەتەوە بۆ ئابووری، بەڵام بەشداریکردنیان لە بڕیاردان و پرۆسەی حوکمڕانیدا بوونی نییە.

مۆنا ئەبو شەعبان، سیاسەتمەداری فێمێنیست تیشکی خستە سەر گرنگی بوونی ژنان لە سیاسەتدا و ئاماژەی بەوە کرد کە بەشداریکردنی ژنان لە حکومەتە یاسایی و ئیدارییەکان و کۆبوونەوەکانی بڕیاردان گرنگە بۆ داهاتوویەکی ئازاد.

 

"پێویستە کۆمەڵگەی مەدەنی پشتیوانی لە ژنان بکات"

مونا ئەبو شەعبان جەختی لەوەکردەوە کە پێویستە مافە سیاسییەکانی ژنان مسۆگەر بکرێت و وتی: پێویستە یاساکانمان لەگەڵ پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی دادپەروەرانە و یەکساندا بن کە پارێزگاری لە مافەکانی ژنان دەکەن، دانانی یاسا بەس نییە. پێویستە ڕاهێنان و کەمپینەکان ڕێکبخرێن بۆ هۆشیارکردنەوە، جیاکاری هەیە کە ڕێگە بە ژنان نادات دەرفەتی یەکسان لە پۆستە سیاسییەکاندا بەدەست بهێنن، دەبێت یەکسانی ڕەگەزی مسۆگەر بکرێت و دەبێت دەسەڵاتی ئابوورییان هەبێت، پێویستە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆمەڵگە لەم بوارەدا یەکبگرن، هەوڵەکانی ژنان گرنگن، بەڵام پێویستە پشتیوانی بکرێت.

 

"هۆشیاری باوکسالاری گەورەترین بەربەستە"

مونا ئەبو شەعبان ئاماژەی بەوەکرد، ئەو عەقڵییەتە پیاوسالارییەی بەناوی دابونەریتی کۆمەڵایەتی سەپێندراوە، گەورەترین بەربەستە لەبەردەم بەشداریی ژنان لە ژیانی سیاسیدا و وتی: کێشە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان کە بە داب نەریتە کۆنەکان نوێنەرایەتی دەکرێن، گرنگترین بەربەستن لەبەردەم بەشداریی ژنان لە ژیانی سیاسیدا، لەبەر ئەوەی پیاوان باوەڕیان وایە کە ژنان لە پۆستی سەرۆکایەتی و بڕیاردان شارەزا نین، هەرچەندە هەندێکیان لە پێگەی بەڕێوەبردندان، بەڵام ناتوانن بە تەواوی خواستی خۆیان دیاری بکەن، بەشێکی گرنگی کۆمەڵگە ئەو بیرۆکەیە ڕەت دەکاتەوە کە ژنان دەبێت خۆیان بۆ هەڵبژاردن کاندید بکەن و پۆستی سیاسی بەرزیان هەبێت وەک ئەنجومەنی شارەوانی و گوندەکان.

 

"٣٠%ی کۆتا بەس نییە"

مونا ئەبو شەعبان ئەوەشیخستەڕوو کۆتا بۆ ژنان بۆ بڕیاردان و زیادکردنی نوێنەرایەتییان لە سیاسەتدا و بەشداریکردن لە جێبەجێکردنی چەمکەکانی دادپەروەری و یەکسانی گرنگە و وتیشی: زیادکردنی کۆتای ژنان بە ڕێژەی ٣٠% بەس نییە بۆ داواکاری و کۆتاکان لەو بوارەدا جێبەجێ ناکرێن، ڕێژەی ژنان لە ئەنجومەنی ناوەندیدا ٢٣%ەو دوای دەست لەکارکێشانەوەی سیاسەتمەدار حەنان ئەشرەوی، هیچ ژنێک لە ئەنجومەنی جێبەجێکاردا بەشدار نەبوو، ڕێژەی ژنان لە ئەنجومەنی نیشتمانیدا ١٩%یە، ١٤%ی کابینەکە و ١١%ی لە کاری دیپلۆماسی، هۆکاری ئەمەش نەبوونی نوێنەرایەتیی ژنانە لە نێو حزبە سیاسییەکاندا.