ژنان: هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا شەرمەزار دەکەین

ژنانی باشوری کوردستان داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا شەرمەزار دەکەن، دەڵێن کە دەسەڵات دەیەوێت دەنگی ئازادیخوازان کپ بکات، بەڵام ئازادیخوازان دەنگیان زۆر لەوە بڵندترە و دەوڵەتی تورکیاش دەیەوێت کوردەکان لەناوببات، لەبەرامبەریشدا حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتە زلهێزەکان بێدەنگن لە ئاست هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیادا.

ناوەندی هەواڵ

 

داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان بەردەوامی هەیە، بەپێی زانیارییەکان تا ئێستاش زیاتر لە ٣٠ کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان، پاش شکستی لە هێرشەکەی بۆ سەر چیای گارە لە مانگی شوبات/٢دا، لە ڕۆژی ٢٣ ئەم مانگەوە جارێکی دیکە هێرشی داگیرکاری دەستپێکردووەتەوە، ئەم جارەش هێرشیەکان بۆ سەر چیاکانی مەتینا، ئاڤاشین و زاپە.

 

بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوەی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە بڵاوی کردووەتەوە، تا ئێستا ٣٣ سەربازی داگیرکەر کوژراون و بەرپەرچی هێرشەکان دەدەنەوە.

 

وەک هەڵوێستێک بەرامبەر ئەو داگیرکارییانەی کە دەوڵەتی تورکیا ئەنجامی دەدات، لە شەوی ٢٥ی مانگدا تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، هاوڵاتیان و ئازادیخوازان بڕیاربوو لە شەقامی سالم لە شاری سلێمانی ڕێپێوانێک ئەنجام بدەن، بەڵام لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە ٥٥ کەسیان لێ دەستگیرکران و لەنێویشیدا ڕۆژنامەنووس هەبوو، تا ئێستاش بەشێک لە دەستگیرکراوان ئازاد نەکراون.

 

ژنان هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا ئیدانە دەکەن

ژنان دەبارەی ئەم ڕووداوانە هەڵوێستیان هەیە، هەر دوێنێ ٢٧ی مانگ ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان بەیاننامەیەکی دژی هێرشەکانی دەوڵتی تورکیا و دەستگیرکردنی ئەو چالاکوانانە بڵاوکردەووە و ئیدانەی هێرشەکانیان کرد، داوای ئازادکردنی ئازادیخوازانیش کرابوو.

بەیان فەرج، وەک ژنێکی باشوری کوردستان، داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و لەشکرکێشییەکانی ئیدانە دەکات، بێ دەنگی دەسەڵات و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هۆکاری بەردەوامی ئەو هێرشە بەردەوامانە دەزانێت، لە بەرژەوەندی دەوڵەتی تورکیادا مامەڵە دەکات و هەر کەسێکیش هەڵوێستێکی بەرامبەر بەو داگیرکارییانە هەبێت هەوڵی بێدەنگ کردنیان دەدەن.

 

"یەک هەڵوێست بن دژ بە داگیرکارییەکان"

بەیان فەرەج، لەجیاتی داواکاری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوا لە حکومەتی عێراقی دەکات کار لەسەر ئەو داگیرکارییانەی دەوڵەتی تورکیا بکات، دەشڵێت: تەنها بەیاننامە و ئاگاداری بەس نییە، حکومەتی عێراق دەبێت بە کردار خەمخۆری خۆی بۆ سنوری وڵاتەکەی دەرببڕێت، لەبەرئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاری دەوڵەتی تورکیا دەکات و هیچ هەڵوێستێکی لەسەر داگیرکارییەکان نییە.

 

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا: "دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ئێستا بۆ شاردنەوەی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا، ڕووداو دروستدەکەن تا هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە سەرقاڵبکات".

بەیان بە پێویستی دەزانێت کە هەموو هاوڵاتیانی ئازادیخواز و چالاکوانان بە یەک دەنگ و یەک هەڵوێست ئیدانەی داگیرکارییەکان بکەن و چالاکی ئەنجام بدەن.

"تورکیا دەیەوێت دەوڵەتی عوسمانی زیندوو بکاتەوە"

کیشوەر شەریف ژنێکی دیکەیە، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ژنها باس لەوەدەکات: "حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام ئازادیخوازان و چالاکوانان دەستگیردەکات، دیارترین نمونەش دەستگیرکردنی چالاکوانانی بادینان و ئازادیخوازانی شاری سلێمانییە، لە کاتێکدا ئەوان هەڵوێستیان لەسەر ئازادی و خاکەکەیان دەردەبڕن، دەسەڵاتیشبۆ بێدەنگ کردنیان ئازادیخواز و چالاکوانان زیندانی دەکات".

 

کیشوەر دەشڵێت: دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت هەر دەنگێکی ئازادیخواز هەبێت کپی بکات، بۆیە بەردەوام هێرش دەکاتە سەر کوردستان، دەیەوێت دەوڵەتی عوسمانی زیندوو بکاتەوە، لەبەرامبەریشدا ئەمریکا و دەوڵەتە زلهێزەکان هیچ هەڵوێستێکیان نییە تا سنورێک بۆ داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا دانانێن.

 

ت.پ