ڕۆژنامەنووسێک: ئەگەر ئاسانکاری نەبێت دەوڵەتی تورک ناتوانێت داگیرکاری بکات
ڕۆژنامەنووس ئەڤین ئەحمەد ڕایدەگەینێت، لە لایەن عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئاسانکاری بۆ دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی تورک لە باشوری کوردستاندا دەکرێت، ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانیش بێدەنگن.
ناوەندی هەواڵ
داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ باشوری کوردستان بەردەوامە، ماوەی دوو ڕۆژە دەوڵەتی تورک بە فڕۆکە و هێزی زەمینی هێرش دەکاتە سەر چیاکانی گارە، گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار بەردەوامن لە وەڵامدانەوەی هێرشەکان، تا ئێستاش نۆ سەربازی دەوڵەتی تورک کوژراون.
هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە حکومەت نیگەرانی داگیرکارییەکانن دەکرێتە سەر چیای گارەی ناوچەی بادینان لە پارێزگای دهۆک، لە بەرامبەریشدا حکومەتی هەرێمی کوردستان وعێراق بێدەنگن.
وەک ئەڤین ئەحمەدی ڕۆژنامەنووس لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ژنها، ئاماژەی پێدەکات، هەموو جیهان بەرامبەر بە دەستدرێژییەکان بۆ سەر کوردستان بێدەنگن، لەنێویشیاندا عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی ڕێکەوتنە ژێر بەژێرەکانیان و تێکنەچوونی بەرژەوەندییەکانیان بێ هەڵوێستن
ئەو ڕۆژنامەنووسە باسی لەوەشکرد، لە لایەن حکومەتی هەرێم و بەغداوە ئاسانکاری تورکیا دەکرێت، دەوڵەتی تورک خۆی دەڵێت لە ناو خاکی هەرێمەوە داگیرکاری دەکەن، ئەگەر ئاسانکاری نەبێت تورکیا ناتوانێت داگیرکاری بکات و سەروەری خاکی عێراق ببەزێنێت.
ئەو دەربارەی هەڵوێستی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش وتی: باوەڕم بە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان نییە تەنانەت ئەوانەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش، چونکە ئەگەر دەنگیان هەبووایە ئەوا ئێستا قەبارەی داگیرکاری بەو ئاستەی ئێستا نەدەبوو، هەروەها بێدەنگیەکی گشتی لەسەر ئاستی ڕای گشتی جیهانی بۆ پرسی کورد هەیە.
ت.پ