ژن هیچ ڕۆڵێکی لە سیاسەتی عێراقدا نییە

هەوڵەکان بۆ ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانی عێراق بەردەوامە، بەڵام حکومەتێک دەبێت کە ژن تێیدا ڕۆڵی نابێت، ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتیش دەڵێت: ئەم حکومەتە تەمەنی زۆر نابێت، ئەگەریش حکومەت دروستببێت و کازمی سەرۆک وەزیران بێت، لاواز دەبێت.

هەوڵەکان بۆ ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانی عێراق بەردەوامە، بەڵام حکومەتێک دەبێت کە ژن تێیدا ڕۆڵی نابێت، ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتیش دەڵێت: ئەم حکومەتە تەمەنی زۆر نابێت، ئەگەریش حکومەت دروستببێت و کازمی سەرۆک وەزیران بێت، لاواز دەبێت.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- هەوڵی لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ بەردەوامە، بەڵام تا ئێستا ڕێککەوتنێکی ئەوتۆ نەکراوە، ٩ی مانگ لە یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراقدا محەمەد حەلبوسی وەک سەرۆکی پەرلەمان لە پشکی سونە و دوو جێگرەکەی دیاریکرا.

 

جگە لە دیاریکردنی سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی، لە هەنگاوی دواتردا بەپێی دەستور دەبێت سەرۆکی کۆمار هەڵبژێردرێت، کە لە پشکی کوردە، پشکی یەکێتی نیشتیمانییە، ئەوانیش لە ئێستادا کاندیدی سەرەکیان بەرهەم ساڵحە.

 

بەپێی دەستور دوای دیاریکردنی سەرۆک کۆمار، دەبێت سەرۆک کۆمار گەورەتین کوتلەی سیاسی ڕاسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت، کە لە پشکی شیعەیە، ئەوانیش دابەش بوون بەسەر بەرەی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی، کە تا ئێستا ڕێکنەکەوتوون، لەبەرئەوەی بەرەی سەدر داوای پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی دەکات، چوارچێوەی هەماهەنگی داوای حکومەتی تەوافوق دەکات، لەبەرئەوە هیچ کاندیدێکیان بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران نییە، بەپێی بۆچوونەکانیش پێناچێت بە ئاسانی ڕێکبکەون.

 

حکومەتی عێراق تەمەنی درێژ نابێت

ڕابیحە حەمەد، ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە بەغدا، لە لێدوانێکی تایبەت بە نوژنها ڕایگەیاند: لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانەوە هەنگاوەکان بۆ دروستکردنی حکومەت نراوە، بەڵام بەشێوەیەکی وا نەچووەتە پێشەوە کە ئومێد بەخشبێت یاخود شێوازی پێکهێنانی حکومەتەکە دەربکەوێت.

 

بەپێی وتەکانی ڕابیحە، مستەفا کازمی چانسی ئەوەی نییە بۆ جارێکی دیکە ببێتەوە سەرۆک وەزیران، چونکە نە کوتلەیەکی پەرلەمانی هەیە و نە هێزی چەکداری بەدەستەوەیە، لە کاتێکدا دەبێت تا مانگی سێ حکومەتی نوێ پێکبهێندرێت، بەڵام پێناچێت تەمەنی ئەم حکومەتە درێژبێت، لەبەر ئەوەی بە ئاسانی ڕێکنەکەون، بەڵکو تەمەنی کەمتر لە چوار ساڵ دەبێت و دوبارە هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکرێت، ئەگەریش کازمی ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران ئەوە حکومەتێکی لاواز پێکدێت، ڕەنگە بۆ ماوەیەکی کاتی عێراق ئارامی بەخۆیەوە ببینێت بەڵام ماوەیەکی زۆر بەردەوام نەبێت، عێراق نابێتە بەهەشتێک بۆ هاوڵاتیان.

 

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەنەکە، خەجت لەوەش دەکاتەوە، کە بەهۆی ئەوەی گۆڕانکاری لە سیستمدا نەکراوە، بۆیە سوودی بۆ میللەت نابێت، چونکە عێراق تووشی "ڤایرۆسی گەندەڵی" بووە، حزبە عێراقییەکان تەنها بەرژەوەندی خۆیان لەبەر چاوە، ئەقڵیەت نەگۆڕاوە و میکانیزمێک بۆ ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی نییە، ئەوانەی لەم خولەی پەرلەماندان هەمان ئەوانەی پێشترن کە لە گەندەڵیەوە تێوەگلاون.

 

کورد دەبێت کێشەکانی یەکلای بکاتەوە

کورد دەیەوێت بە یەک پاکێج بچێتە بەغدا و ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی بەغدا بکەن، کێشەی نەوت و غاز، ناوچە کێشە لەسەرەکان، هێزی پێشمەرگە و ماددە دەستورییەکان یەکلای بکرێنەوە، هەروەها بەرژەوەندی هاوڵاتیان لەبەرچاو بگیرێت.

 

تا ئێستاش پارتی و یەکێتی چەند کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامداوە، بەڵام هەرچەندە یەکێتی تاکە کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بەرهەم ساڵحە، بەڵام پێناچێت پارتی بەو کاندیدە ڕازی بێت، هێشتاش کاندیدی کورد بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار جگە لە بەرهەم ساڵح دیارینەکراوە.

 

ژن ڕۆڵی لە سیاسەتی عێراق ڕووکەشە

هەرچەندە ٩٧ ژن بوونەتە ئەندام پەرلەمان، بەڵام بەشداری ژن لە پڕۆسەی سیاسی عێراقدا لاوازە، وەک ڕابیحە ئاماژەی پێدەکات تەنها ڕووکەشە، ئەمەش دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی هێشتا هەمان ئەقڵیەتییە.

 

"لە ڕاستییدا کۆی حزبە سیاسییەکانی عێراق بە کوردستانیشەوە تا ئێستا ژن بە ڕاستەقینە بوونی تێیدا نییە، بۆ نمونە لە دانیشتن و کۆبوونەوەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت ژن غایبە و زۆر بە دەگمەن هەن، بەداخەوە حزبەکان تا ئێستا هەر هەڵگری هەمان ئەقڵیەتی پیاوسالارین، هەمان ئەوانەی لە کە کۆبوونەوەکان بڕیاردەدەن پیاون".

 

ت.پ