ڕێزان شێخ دلێر: عێراق بەرپرسی یەکەمە لە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک
ڕێزان شێخ دڵێر ڕایگەیاند، لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان، عێراق و ئەمریکاشەوە چاوپۆشی لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکرێت.
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژی ١٠ ئەم مانگە، دەوڵەتی تورک جارێکی دیکە هێرشەکانی بۆ سەر باشوری کوردستان دەستپێکردەوە و بە سەختی تۆپبارانی چیاکانی گارەی لە دەڤەری بادینانیانی سەر بە پارێزگای دهۆک کرد، تا ئێستاش شەڕ بەردەوامە.
هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشوری کوردستان، هەزاران جارە ڕوو دەدەن، بەڵام ئەمجارەش حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق وەک هەمیشە بێدەنگن و هیچ هەڵوێستێکیان نییە.
دەربارەی هێرشەکان ڕێزان شێخ دلێر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ژنها ڕایگەیاند: "ئەوە ئەرکی حکومەتی عێراقە کە هەڵوێستی هەبێت، چونکە ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان بەشێکە لە سنوری عێراق، بەڵام عێراق بێ دەنگە و بەرپرسی یەکەمی هۆکاری داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکە بۆ باشوری کوردستان".
ڕیزان شیخ دلێر چاوپۆشییەکانی عێراقی لە ئاستی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ بوونی ڕێکەوتنی ژێربەژێری دەوڵەتی تورک و عێراق گەڕاندووە، ئاماژەی بەوەشدا تورکیا دەیەوێت هەر چوار پارچەی کوردستان داگیر بکات.
"چاوەڕێ نیم حکومەتی هەرێم هەڵوێستی هەبێت"
ئەو ئەندام پەرلەمانە وتیشی: "دەبووایە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوێستێکی هەبووایە، بەڵام لەبەر ئەوەی پەدەکە پەیوەندییەکی ئاشکرای لەگەڵ دەوڵەتی تورک هەیە، بۆیە حکومەتیش بێ دەنگە، هیچ چاوەڕوانیەکیشم لە حکومەتی هەرێم بۆ هەڵوێست دژی داگیرکارییەکان بۆ سەر خاکی کوردستان نییە".
سەرباری ئەوەی لە باشوری کوردستان،لە لایەن هاوڵاتیانی سلێمانی و گەرمییان و چەندین ناوچەی دیکەوە، چالاکی دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک ئەنجام دراوە، بەڵام تا ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ کاردانەوەیەکی نییە، دەوڵەتی تورکیش بە فڕۆکەی جەنگی ناوچەی گارە تۆپباران دەکات.
ت.پ