ئەو ژنە ڕەشپێستەی وێنەکەی دەخرێتە سەر دۆلار کێیە؟

بە بڕیارێکی جۆ بایدن، وێنەی هاریت توبمان لەسەر دراوی ٢٠ دۆلاری دادەنرێت، کە یەکەم ڕەشپێستە وێنەکەی بکرێتە سەر دۆلاری ئەمریکی.

ناوەندی هەواڵ

 

لە کابینەکەی باراک ئۆبامای ٤٤ـەمین سەرۆکی ئەمریکادا، بڕیاردرا بە خستنەسەری وێنەی هاریت توبمان بۆ سەر ٢٠ دۆلاری ئەمریکی، بەڵام بڕیارەکە جێبەجێ نەکرا، لە کابینەکەی دۆناڵد ترامپیشدا ئەو بڕیارە بەربەستی بۆ دروستکرا تا جێبەجێ نەکرێت، لە ئێستاشدا جۆ بایدن دەیەوێت ئەو کارەی لە دوو کابینەی پێشوودا جێبەجێ نەکرا، جێبەجێی بکات.

 

هاریت توبمان کێیە؟

هاریت توبمان، لە ساڵی ١٨٢٠ لە کێڵگەیەک لە ناوچەی دۆرچێستەری ویلایەتی ماریلاند، لە ئەمریکا لەدایک بووە، دایک و باوکی کۆیلە بوون، هەشت خوشک و برای هەبوو، ئەگەرچی هاریت منداڵێکی پێنج ساڵان بووە، بەڵام دایەنی بۆ منداڵێک دەکرد و لە کاتەدا توندوتیژی زۆری بەرامبەر ئەنجامدرا، هەر لە تەمەنی حەوت ساڵیدا لە چەند کێڵگەیەک کاری کردووە.

 

هاریت هەرگیز خۆی نەداوەتە دەست ئەو ژیانە کۆیلایەتییەی کە هەیبووە، هەر لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا بە شوێن دادپەروەریدا گەڕاوە، لە تەمەنی ٢٧ ساڵیدا لە یەکێک لەو کێڵگانەی کاری تێدا دەکات بەرەو ویلایەتی پەنسیلڤانیا هەڵدێت، دوای ماوەیەکی کەم دەگەڕێتەوە ئەو کێڵگەیەی خێزانەکەی تێیدا کۆیلەن، و پێکەوە ڕادەکەن.

هاریت  توبمان بەردەوام بوو لە ڕزگارکردنی کۆیلەکان و دۆزینەوەی ڕێگاکان تا کۆیلەکانی پێ دەرباز بکات، هانی کۆیلەکانی دیکەشی دەدا تا هەڵبێن و کۆیلایەتی پەسەند نەکەن، تا وایلێهات کۆیلەکانی لە ولایەتی ماریلاندەوە بۆ کەنەدا دەبرد.

 

ئەو یەکەم ژنە، سەرکردایەتی هێرشێکی چەکداری کردبێت و توانیویەتی لەو شەڕەدا ٧٠٠ کۆیلە ئازاد بکات، ئەو تەنها پارێزەری مافی کۆیلەکان نەبوو، بەڵکو داکۆکیکارێکی سەرسەختی مافەکانی ژنان و بەساڵاچوان و کەمئەندامان بووە.

 

هاریت بە هۆی ڕووداوێکەوە تووشی سەرئێشەیەکی بەردەوام و تێکچوونی خەو دەبێت، کە تا کۆتایی تەمەنی بەدەستیەوە دەیناڵێنێت، لە ساڵی ١٩١٣ دا ئەو چالاکوانە کۆچی دوای دەکات و لە گۆڕستانی فۆرت هیڵ لە شاری ئۆبورن لە نیویۆرک بەخاک سپێردراوە، لە کاتی بە خاک سپاردنیشدا بە مەراسیمێکی سەربازی لە پای خزمەتە سەربازییەکەی پرسەی بۆ ڕیکخرا.

 

ئازایەتییەکانی هاریت تا ئێستاش جێگەی شانازییە و لە چەندین خوێندنگای ئەمریکادا ناوی هەڵواسراوە.

ئێستاش پاش ١٠٨ ساڵ لە کۆچی دوای هەوڵدەدەرێت وێنەکەی لەسەر ٢٠ دۆلاری ئەمریکی دابندرێت، ئۆباما ٤٤ـەمین سەرۆکی ئەمریکا لە پلانیدابوو وێنەی هاریت لە جیاتی حەوتەمین سەرۆکی ئەمریکا "ئەندرو جاکسۆن" بکاتە سەر ئەو دراوە، کە ئەندرو بە سەرۆکێکی ڕەگەزپەرست بەرامبەر بە خەڵکی ڕەشپێست ناسراوە.

لە کابینەکەی ترامپدا ئەم بڕیارە ڕێگری بۆ دروستکرا و جێبەجێ نەکرا، ئێستا ئیدارەی جۆ بایدن ڕایگەیاندووە کە دەیەوێت بە زووترین کات ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت و ئازایەتی هاریت توبمان هەمیشە لە یادەوەریدا بمێنێتەوە.

 

ت.پ