یەمەن لە نێوان پەرەسەندن و پەککەوتنی ئاشتیدا... ژنانی ئاوارە باجەکە دەدەن

لەگەڵ فراوانبوونی ڕووبەڕووبوونەوەی پەرەسەندنی سەربازی لە یەمەن، ئازاری هاوڵاتیانی مەدەنی و ئاوارەکان قورستر دەبێت، لە کاتێکدا ژنان ڕووبەڕووی باری قورسی دوو ئەوەندە دەبنەوە کە پەیوەندییان بە پارێزراوی، شوێنی نیشتەجێبوون، تەندروستی، پەروەردە هەیە.

ڕەحمە شەنزور

 

یەمەن ـ لەگەڵ فراوانبوونی پەرەسەندنی سەربازی لە یەمەن، نیگەرانییەکان لەبارەی کاریگەرییەکانی لەسەر هاوڵاتیانی مەدەنی و ژنان پەرەدەسێنێت، لە کاتێکدا وڵاتەکە بەدەست قەیرانە کۆبووەکانی ئابووری، مرۆیی و کۆمەڵایەتییەوە دەناڵێنێت.

 

مەها عەون، چالاکوان و سیاسەتمەداری یەمەنی، ئاماژەی بەوەشکرد، کە خوێندنەوەی دیمەنی سەربازیی ئێستا زۆر ئاڵۆزتر بووە، لە سایەی ئەوەی پەرەسەندنەکە سنوردار نییە تەنها بە بەرەیەک یان ناوچەیەکەوە، بەڵکو درێژبووەتەوە بۆ چەند ناوچەیەک، لە شار تەعز و کەناری ڕۆژئاواوە دەستپێدەکات، تاوەکو حودەیدە، بەیدا، جەوف و مئریب، لەگەڵ پێشبینی فراوانبوون لە ناوچەکانی تردا.

 

ڕوونیکردەوە، کە پەرەسەندنەکە لە قۆناغێکی هەستیاردا دێت، بەتایبەت دوای ئاگربەستی ساڵی ٢٠٢٢، کە شاهیدی هێمنییەکی ڕێژەیی بوو سەرەڕای هەندێک پێشێلکاری، قۆناغێک بوو لە نێوان "نە ئاشتی و نە جەنگ"، کە ڕێگەی بە لایەنەکان دا بارودۆخی خۆیان ڕێکبخەنەوە و پێگەی خۆیان بە شێوەیەکی گەورە دابڕێژنەوە.

 

مەها عەون، وتی: دڵنییای نییە کە پەرەسەندنە سەربازییەکان لە ڕێڕەوە ئابووری، کۆمەڵایەتی و مرۆییەکان جیا بکرێنەوە، بەهۆی کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر هاوڵاتیان، بەتایبەت دانیشتووانی ناوچەکانی پێکدادان و ئاوارەکان.

 

هەڵبژاردەی قورس لە بەردەم هاوڵاتیانی مەدەنیدا

لە ناوچەکانی ڕووبەڕووبوونەوەدا، هاوڵاتیانی مەدەنی خۆیان لەبەردەم بژاردەی سنوورداردا دەبیننەوە، کە هەموویان پڕن لە مەترسی، ڕەنگە مانەوە لە ناوچەکانیان بە ەاتای گەمارۆدان بێت، لە کاتێکدا ئاوارەبوون پێویستی بە گواستنەوەی لەناکاو بۆ ناوچەکانی دیکە هەیە کە مەرج نییە بناغەکانی سەقامگیری یان پێداویستییە سەرەتاییە مرۆییەکان لەبەردەستدا بن.

 

مەها عەون جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم دۆخە لە ناوچەکانی وەک جەبەل حەبشی و موقبنە دەرکەوت، کە تێیدا دانیشتووان ناچاربوون لە نێوان مانەوە لە ژێر گەمارۆدا یان گواستنەوەی لەناکاو یەکێک هەڵبژێرن، بە بێ لەبەرچاوگرتنی گونجاوی پێداویستییەکانیان.

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕەنگە ئاوارەکان خۆیان لە ناوچەگەلێکدا ببیننەوە کە بۆیان نامۆن، لەڕووی سەقامگیری و بەردەستبوونی خزمەتگوزارییەکانەوە، لەگەڵ گەیشتنیان ڕووبەڕووی ئاستەنگی نوێ دەبنەوە کە پەیوەندییان بە شوێنی نیشتەجێبوون و خۆراک و ئاو و تەندروستی و پەروەردەوە هەیە.

 

مەها عەون، وتی: شاری تەعز ساڵانێکە بەدەست کاریگەرییە کۆبووەکانی ململانێیەوە دەناڵێنێت، کە کاریگەری لەسەر دۆخی مرۆیی و ئابووری و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتی و تەندروستییەکان هەبووە، پەرەسەندنی سەربازیی ئێستا ئەم پێداویستیانەی زیاتر کردووە و دۆخی مرۆیی و ئەمنیی خراپتر کردووە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە دووبارەبوونەوەی ئاوارەبوون ئازاری خێزانەکان دوو ئەوەندە دەکات، بە جۆرێک هەندێک لە ئاوارەکان ناچاربن لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی ئاوارەببن  زیاتر لە جارێک، لە کاتێکدا کامپەکانی ئاوارەکان خۆیان ڕووبەڕووی مەترسییەکانی بەئامانجگرتن و تۆپباران دەبنەوە.

 

ژنان لە بازنەی مەترسیدا

کاریگەرییەکانی پەرەسەندن لە لەدەستدانی خانووبەرە یان داهات تێدەپەڕێت، ژنان پشکێکی بەرچاو لە بارگرانی ئاوارەبوون هەڵدەگرن، بەتایبەتی کە بەرپرسیارن لە چاودێریکردن لەناو خێزانەکەدا و لە هەندێک حاڵەتدا، تاکە بژێوی ژیانن.

 

مەها عەون ڕوونیکردەوە، کە ژنان لە ڕووی ئابوورییەوە کاریگەرییان لەسەرە بەهۆی لەدەستدانی کار و سەرچاوەی داهاتەوە، هەندێک لە ژنان خاوەنی کاری بچووک یان کارگەن کە پشتگیری خێزانەکانیان دەکەن، بەڵام پێکدادان و ئاوارەبوون بۆتە هۆی پەککەوتن یان لەدەستدانی تەواوەتی ئەو کارانە.

 

لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ئەو مەترسیانەی ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە زیاتر دەبن، بەتایبەتی لەگەڵ سەختی جووڵە و دەستڕاگەیشتن بە شوێنە پارێزراوەکان، هەروەها تووشی جۆرە جیاوازەکانی توندوتیژی دەبنەوە، لەنێویاندا توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزی، جگە لەو فشارە دەروونی و جەستەییانەی کە پەیوەندییان بە ئاوارەبوونەوە هەیە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، کاریگەرییەکانی پەرەسەندنی درێژدەبێتەوە بۆ خوێندن، چونکە زیانگەیاندن بە دامەزراوە پەروەردەییەکان یان سەختی دەستڕاگەیشتنیان دەتوانێت منداڵانی کچ ناچار بکات واز لە خوێندن بهێنن.

 

لە بەرەی تەندروستیدا، ژنانی ئاوارە، بەتایبەتی ژنانی دووگیان، بەهۆی سەختی جوڵە و دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکانی چاودێری تەندروستی، بەتایبەتی لەکاتی گواستنەوە لە ناوچە شاخاوییەکان یان نائارامەکانەوە، ڕووبەڕووی مەترسی زیاتر دەبنەوە.

 

مەها عەون جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستی بە پەناگەیەکی پارێزراو و سەقامگیرە کە تایبەتمەندی و پاراستن دابین بکات، هەروەها یەکێکە لەو پرسە دیارانەی کە ڕووبەڕووی ژنانی ئاوارە بووەتەوە.

 

پێداویستییەکانی لە زیادبوون و وەڵامدانەوەی سنووردار

لەگەڵ بەردەوامی شەپۆلەکانی ئاوارەبوون، کەلێنەکە لە نێوان پێداویستییە مرۆییەکان و توانای لایەنە کاراکان بۆ وەڵامدانەوەیاندا فراوانتر دەبێت.

 

مەها عەون ئاماژەی ڕوونیکردەوە، کە ژنان تەنها پێویستیان بە خۆراک و شوێنی نیشتەجێبوون نییە، بەڵکو پێویستیان بە چاودێری تەندروستی، پاراستن و سەقامگیری هەیە، لەگەڵ خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتی، تەندروستی و پەروەردەییەکان.

 

ئاماژە بە بوونی هەوڵ و ڕێکخراوەکان دەکات کە دەستیان بە کارکردن کردووە بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری خۆراکی و شوێنی نیشتەجێبوون بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی، بەتایبەت ژنان، بەڵام توانا و سەرچاوە بەردەستەکان هێشتا بەس نین بۆ داپۆشینی پێداویستییەکانی سەرجەم ئاوارەکان، بەتایبەت ژنان.

 

پەککەوتنی ئاشتی و پشتگوێخستنی کێشە ناوخۆییەکان

هاوتەریب لەگەڵ پەرەسەندنی سەر زەوی، مەها عەون پێی وایە پڕۆسەی ئاشتی لە یەمەن ئاڵۆزتر و لاوازتر بووە بەهۆی فرەیی ناوەندەکانی دەسەڵات و بەرژەوەندییە ناوخۆییەکان، جگە لە دەستێوەردانەکانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.

 

پێی وایە ئاگربەستی ساڵی ٢٠٢٢، جگە لە کەمکردنەوەی ئاستی ڕووبەڕووبوونەوەکان، قۆناغێکی پێگەیشتن و ڕێکخستنەوەی دۆخی نێوان لایەنەکان پێکهێنا، لە نێوان کێبڕکێ لەسەر دەسەڵات و سەرچاوەکان، بەرژەوەندییە سەریەککەوتووەکانی دەسەڵاتە ناوخۆیی و دەرەکییەکان.

 

ڕوونیکردەوە،کە پێکهات و شەڕە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، لەوانەش ئەوانەی پەیوەستن بە دەریای سوورەوە، کاریگەرییان لەسەر دۆخی یەمەن هەبووە و دیمەنی یەمەنیان زیاتر ئاڵۆز کردووە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە لە کاتی پرۆسەی ئاشتیدا گرنگی بە بەڕێوەبردنی ململانێکان و دانوستان و نێوەندگیری نێوان لایەنەکان بووە، لە کاتێکدا پرسە ناوخۆییەکان وەک پێویست گرنگی پێنەدراوە، لە هەمووی گرنگتر دۆخی ئابووری و داڕمانی دراو و ئاوەدانکردنەوەی ئابووری و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و مرۆییەکان و کۆمەڵایەتییەکان.

 

جەختی کردەوە، کە ئەم پرۆسەیە بووەتە هۆی پەراوێزخستنی ژمارەیەک هێز و گروپی ناوخۆیی چالاک و پەراوێزخراو و لاواز و بەشدارینەکردنیان بە شێوەیەکی تەواو لە پرۆسەکانی نیشتەجێکردن و بونیادنانی ئاشتیدا.

 

ژنانی ئاوارە... لە پێشینەدا مانەوە

لە سایەی ئەم بارودۆخانەدا، مەها عەون پێیوایە وتاری پەیوەست بە خۆڕاگری ژنانی یەمەنی دەبێت بارودۆخی ژنانی ئاوارە و پێداویستییە رۆژانەکانیان لەبەرچاو بگرێت، هەروەها ژنانی ئاوارە لە ئێستادا بیر لە ئاشتی یان داهاتووی خۆی ناکاتەوە هێندەی ئەوەی سەرقاڵە بە دابینکردنی سادەترین پێداویستییەکانی ژیان، لە شوێنی نیشتەجێبوونی ئارام، خۆراک، ئاو، چاودێری تەندروستی، پەروەردەی منداڵەکانی.

 

مەها عەون، چالاکوان لە کۆتایی قسەکانیدا، جەختی لەوە کردەوە، کە لەم قۆناغەدا دەبێت لەپێشینەکان بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی کۆمەڵگەی مەدەنی و هەوڵە خۆجێییەکان بێت، پشتگیریکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان بە کاروباری کۆمەڵایەتی و کارەوە، بۆ دابینکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکان و یارمەتیدانی ئاوارەکان و ژنانی ئاوارە بۆ گەیشتن بە ژیانێک کە ڕەوشتی پارێزراو و سەقامگیری و کەرامەتی هەبێت.