"ئێمە ناوەستین هەتا رێبەری ئاپۆ لە ناو خۆماندا نەبینین"
سارا خەلیل، ئەندامی کۆمیتەی کەمپەینی "کات کاتی ئازادییە" باسی لە کەمپەینەکە کرد و وتی: "کەمپینەکە ئێستا چووە ناو گۆڕەپانێکی نێودەوڵەتیەوە لەبەرئەوە تێکۆشان بەردەوامە و تا ئازادی جەستەیی رێبەری ئاپۆ بەدەستنەهێنین ناوەستین".
بەرچەم جودی
کۆبانێ- کۆمەڵگەی ژنانی کوردستان-کەژەکە، لە ١٢ی ئەیلولی ٢٠٢٠دا کەمپەینی "کات کاتی ئازادییە"ی لە ئاستی کوردستان و دەرەوەی وڵات ڕاگەیاند لە هەر پارچەیەکی کوردستان بە پێی خۆبەڕێوەبەریی خۆیان بەشداری هەڵمەتەکە بوون و دەستیان بە چالاکی کرد، لە رۆژئاوا-باکور و رۆژهەڵاتی سوریاش پارتی یەکێتی دیموکراتی-پەیەدە پێشەنگایەتی کەمپەینەکەی کرد.
سەبارەت بەپێشکەوتن و ئاستی کەمپینەکە ئاژانسی نوژنها چاوپێکەوتنی لەگەڵ سارا خەلیل، ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی پەیەدە لە هەرێمی فورات ئەنجامدا.
ساڵێک تێدەپەڕێت بەسەر هەڵمەتی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان هەڵمەتەکە چۆن و لە چ ئاستێکدا بەڕێوەدەچێت؟
-ماوەی چەندین ساڵە ڕێبەرمان لە زیندانی ئیمراڵی و لە گۆشەگیرییەکی تونددا دەژی، بۆیە دەستمانکرد بە هەڵمەتی کات کاتی ئازادییە، هەر ڕێکخراو، ڕێکخستن، پارت و بەشێکی کۆمەڵگا بە پێی خۆبەڕێوەبەریی خۆی چالاکی جۆراوجۆری ئەنجامداوە، سەدان چالاکی لە ڕێپێوانە درێژەکان، کۆبوونەوە، لێدوان و سیمینار کراوە و هەڵمەتەکە لەسەر ئاستی کوردستان دەستیپێکرد، بەڵام گەلی کورد و دۆستانمان لە دەرەوەی وڵات بەشدارییان کرد، دەتوانین بڵێین ساڵێکی دەوڵەمەند بوو بە چالاکی کە هەموو کەسێک بە حەماسەتێکی زۆرەوە بەشدار دەبوون، کە تەنها کورد نەبوون، بەڵکوو نەتەوەی عەرەبیش بەشداری هەڵمەتەکە بوون.
سەبارەت بە بەشداری نەتەوەکانی دیکە سارا ئاماژەی بەوەدا کە کۆبونەوەیان لەگەڵ ژنانی عەرەب کردووە وداوایانکردووە لە هەرێمەکانی ئەوانیشدا چالاکی بەڕێوەبچێت، بەمەش دیارە کە کەمپینەکەمان کاریگەری هەبووە لەسەر هەموو پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و خاوەن لە ڕێبەری گەلان دەردەکەون.
جیاوازی نێوان ئەم کەمپینە و کەمپەینەکانی ڕابردوو چیە؟
-کەمپینەکە لەسەر ئاستی کوردستان دەستیپێکرد، بەڵام ئەمڕۆ چووە ناو گۆڕەپانی نێودەوڵەتیەوە، ئەمساڵیش فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ لە سەرتاسەری جیهاندا ناسراوە، ڕێپێوان و خۆپیشاندان لە ئەوروپا لەلایەن خەڵکی ئازادەوە ئەمە پشتڕاست دەکاتەوە، جگەلەوە، کەشتی ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ کە بە وێنەکانی ڕازێندرایەوە و لە یۆنانەوە بەرەو ئیتالیا بەڕێکەوت، هەنگاوێکی زۆر باش بوو کە ئێمە پێی دڵخۆش بووین، لە ئەنجامدا بۆمان ڕوونە کە ڕاستی ڕێبەر ئاپۆ دیارە و تێکۆشانی سەرۆکایەتی بۆ هەموو گەلان سەردەکەوێت، مرۆڤ دەتوانێت ئەم لایەنانە وەک جیاکەرەوەیەک ببینێت.
لە کاتێکدا ئازادی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان بووەتە باسی هەموو جیهان، بڕیار و سزاکانی دەوڵەتی تورک لەسەر ئیمراڵی چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
-دۆخی ڕێبەری ئاپۆ لە زینداندا دەزانرێت، چاوپێکەوتن لەگەڵ خێزان و پارێزەران ئەنجام نادرێت، تەنها کاتێک دۆخی تەندروستی ڕێبەر ئاپۆ ڕوون نەبوو، دەوڵەتی تورک لە ئەنجامی ئەو فشارەی کە گەلی کورد دروستی کرد ڕێگەی بە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ خێزانەکەیدا، لەو کاتەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ڕوونمان لەبارەی دۆخی ڕێبەر ئاپۆوە پێنەگەیشتووە، دەوڵەتی تورک بۆ ماوەی ٦ مانگ لەگەڵ پارێزەران و ٣ مانگ لەگەڵ بنەماڵەکە قەدەغەی چاوپێکەوتنی ڕاگەیاند، ئێمە ئاگاداری ئەمە بووین، بەڵام دەوڵەتی تورک بە لێدوانێک سزاکەی بە فەرمی کرد.
سارا وتیشی: ئەم هەڵوێستەی دەوڵەتی تورک تەنگاوی خۆیان نیشان دەدات، چونکە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ ئێستا لە ڕۆژەڤی فەیلەسووف، زانا، چالاکوانان، پارێزەران و جیهاندایە، دەوڵەتی تورک هەوڵ دەدات بڵێت کە هەڵمەتەکە بێ کاریگەرە، بەڵام مەترسییەکانیان لە کردەوەکانیاندا دیارە، لەو چوارچێوەیەدا دەڵێین کە ئازادی جەستەیی ڕێبەری ئاپۆ ئێستا ئەرکی تاک و گەلانی ئازادی جیهانە.
بەتایبەتی وەک ژنان، بە تێکۆشان چی پەیامێک دەدەن و چۆن پێشەنگایەتی دەکەن؟
- ساڵێک بەسەر هەڵمەتەکەدا تێدەپەڕێت، بەڵام چالاکیەکانمان بەردەوامن، ئەگەر چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ بکرێت و گۆشەگیرییش لاببرێت ئێمە ناوەستین، چونکە دەمانەوێت بە ئازادی لەگەڵ ڕێبەرەکەمان بژین، ڕاستە ئێمە لەگەڵ ئایدۆلۆژیاکەیدا دەژین، بەڵام ئەمە بۆ ئێمە بەس نییە، بۆیە ئامادەین رۆح و گیانمان بکەینە قوربانی، بە دەیان ژن و گەلی کورد لەو پێناوەدا ئاگریان لە جەستەیان بەردا، هیوامان ئەوەیە کە ژنانی جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش هەڵمەتی کات کاتی ئازادییە دەستپێبکەن، ڕێبەری ئاپۆ نەک تەنها بۆ ژنانی کورد بەڵکو بۆ ئازادی هەموو ژنان تێدەکۆشێت.
جارێکی تر دەیڵێینەوە کە بە ئاسوودەیی ناژین و ناوەستین تا ئامانجی کەمپینەکەمان بەدەستنەهێنرێت، خەباتی ئێمە لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و سەربازی و یاسایی و مەدەنییەوە بەردەوام دەبێت، لەسەر ئەم بنەمایە داوا لە هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە بۆ ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ تێدەکۆشن، پێویستە ئاستی بەرخۆدان بەرز بکەنەوە.
ت.پ