ئایا هەموو کەس دەتوانێت ببێتە پەرلەمانتار؟

بەپێی مەرجەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، هەر کەس هاوڵاتی عێراقی بێت دەتوانێت ببێتە پەرلەمانتار، لە کاتێکدا هیچ گرنگییەک بە باگراوندی ڕۆشنبیری ئەو کاندیدانە نادرێت، پەرلەمانتارێکی پێشووش ئەمە بە گەمەی سیاسی دەزانێت کە دەسەڵاتی سیاسی نایەوێت کەسانی بە ئەزموون بچنە پەرلەمان، کەسی یەکەمی حزبەکانیش پەرلەمان بە شوێنی خۆیان نازانن، ٪٥٠ کاندیدەکان تەنها مەرجە یاساییەکانیان تێدایە.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- بۆ کاندیدبوونی هەر کەسێک تا ببێتە نوێنەری هاوڵاتیان و بچێتە پەرلەمانی ئەو وڵاتە کۆمەڵێک مەرجی دیاریکراو هەیە، بۆ بوونە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش کۆمەڵێک مەرج هەیە، کە دەکرێت لە هەر کەسێکدا هەبێت.

 

مەرجەکانی بوونە پەرلەمانتار

بەپێی مەرجەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەبێت ئەو کەسەی دەبێتە کاندید کۆمەڵێک مەرجی تێدابێت، ئەوانیش:

-تەمەنی ٢٨ ساڵی تەواو کردبێت.

-بڕوانامەی ئامادەیی یاخود زیاتری هەبێت.

-دەبێت هەڵگری ڕەگەزنامەی عێراقی بێت، لە یەکێک لە بازنەکانی ئەو پارێزگایە لەدایک بووبێت کە خۆی کاندید دەکات.

-نابێت ئەندامی هیچ هێزێکی ئەمنی بێت، هاوکات نابێت ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بێت.

-نابێت یاسای دەستەی لێپرسینەوەی دادپەروەریی یان هەر یاسایەکی دیکە بگیرێتەوە.

-سزادراو نەبێت بە تاوانێک، یان بە شێوەیەکی ناشەرعی دەوڵەمەند بووبێت لەسەر ئەستۆی موڵکی گشتی، یان بە حکومی دادوەری یا لێخۆشبوونێک لەو بابەتە بیگرێتەوە.

 

لەم مەرجانەدا ئاستی ڕۆشنبیری ونە

لە وردبوونەوە لەم مەرجانەدا ئەوە دەردەکەوێت، کە هیچ مەرجێک بۆ ئاستی ڕۆشنبیری و فیکری ئەو کەسانە نییە کە دەبنە پەرلەمانتار، یاخود توانای ئەو کەسە بۆ دەربڕینی بۆچوونەکانی و نوێنەرایەتی کردنی دەنگی هاوڵاتیان و گەل، یان پسپۆڕی و شارەزایی لە یاسادانان و پێشنیازکردندا کە ئەرکی سەرەکی پەرلەمانی هەر وڵاتێکە.

 

هاوکات لە ڕۆژی ١٥ی مانگی حوزەیرانی ڕابردوو خولێک بۆ چۆنیەتی نوسینی ڕاپۆرت بۆ سەرۆکی لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کراوەتەوە، ئەمەش ئەو پرسیارەی لای هاوڵاتیان دروستکرد، کە ئایا پەرلەمانتارەکان نازانن ڕاپۆرتێکیش بنووسن؟.

 

لەبەرامبەردا زۆرینەی جارەکان لەلایەن هاوڵاتیانەوە ڕەخنەی جدی ئاڕاستەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و عێراقیش کراوە، کە ئەو کەسانەی دەبنە نوێنەر بەهۆی پاڵپشتی حزبەوە دەبنە پەرلەمانتار، چەندین جار وەک تەنزێک ئاڕاستەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کراوە کە دەڵێت "ئەگەر ویستت هاوسەرگیری بکەیت، دەتوانیت بچیتە پەرلەمان، مەلا، گۆرانیبێژ و پارێزەر هەیە، هەموو کارەکانت تەواو دەبێت".

 

ئەگەر لە دیدێکی دیکەوە سەیری ئەم تەنزە بکرێت، ئەوە دەبیندرێت کە لە پەرلەمانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیشدا ڕەخنە لەبارەی ئاستی مەعریفی پەرلەمانتارەکان گیراوە.

 

ئەو مەرجەی کاندیدەکانی لەسەر دادەنرێت زۆر لاوازە

نەبوونی ئەم مەرجانە لەو کەسانەی کە دەبنە پەرلەمانتار لای خودی بەشێک لە پەرلەمانتارە بە ئەزموونەکانیش بووەتە جێگەی ڕەخنە، سەرگوڵ قەرەداغی پارێزەر و ئەندامی خولی سێیەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پێی وایە ئەو مەرجەی کە دانراوە بۆ کاندیدەکان لاوازن.

 

ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو خەجت لەوەدەکاتەوە، کە دەبێت ئەو کەسەی دەبێتە پەرلەمانتار لایەنی کەم یاسای خوێندبێت و شارەزایی لە ئەلفوبێی یاسادا هەبێت، چونکە ئەرکی سەرەکی پەرلەمان یاسادانان و پێشنیازکردنی یاسایە، بۆ ئەوەی کاتێک پڕۆژە یاسایەک دێتە بەردەستی بتوانێت لێی تێبگات و زانیاری لەبارەیەوە هەبێت و گفتوگۆی بکات.

 

ئەو ڕەخنە لەو مەرجانە دەگرێت، کە بۆ بوونە پەرلەمانتاری هەیە، کە کۆمەڵە مەرجێک نییە تا کەسانی زۆر بە توانا و پڕۆفیشناڵ ببنە پەرلەمانتار، لە سیاسەت و مێژوودا شارەزاییان هەبێت، ببنە نوێنەری ڕاستەقینەی دەنگی میللەت، ئەمەشی بۆ سیاستەی حزبەکان گەڕاندەووە کە دەیانەوێت پێگەی پەرلەمان لاواز بکەن، دەشڵێت: "ئەوەی لە ڕابردووشدا کە خەڵک پێوەی ناڵاندووەیەتی و دواتر هاوڵاتی باجەکەی دەدات، ئەوەبووە کە دەسەڵاتی سیاسی نەیویستووە کەسانی لێهاتوو و شارەزا و بە ئەزموون بچنە ناو دەسەڵاتەوە".

 

حزبەکان ویستویاتە پەرلەمان دەستەمۆ بکەن

ئەو پێی وایە، کە حزب و دەسەڵاتدارەکان هەمیشە ویستوویانە پەرلەمان وەک دەسەڵاتێکی دەستەمۆ بێت، "ویستوویەتی پەرلەمان وەکو دەسەڵاتێکی دەستەمۆ بێت بەدەست دەسەڵاتی سیاسەوە، چونکە خۆمان دەزانین لەم وڵاتانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەی کە بڕیار دەدات حزبە سیاسییەکانن، دواتر پەرلەمان شەرعیەت دەدات بە بڕیارەکان، بۆیە زۆر جار بۆیان گرنگ نییە لەناو ئەو دەزگایەدا کێ ئەندامە".

 

ئەو ڕەنگدانەوەی ئەم سیاستە لەوەدا دەبینێت، کە لە هەرێمی کوردستاندا سەرۆکی حزبەکان ناچنە پەرلەمان، ئەمەش لەبەر ئەوەی پەرلەمان بڕیار بەدەست نییە، کە زۆرجار بۆ هەر بڕیارێک دەبێت ئەو پەرلەمانتارە بگەڕێتەوە بۆ حزب و سەرکردە سیاسییەکەی تا بزانێت چ بڕیارێک بدات، لە کاتێکدا پێچەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وڵاتانی ئەوروپا لەبەر ئەوەی پەرلەمان شوێنی بڕیاردانە کەسی یەکەمی حزبەکان دەچنە پەرلەمان.

 

یەکێک لەو خاڵانەی کە بەردەوام جێگای سەرنجە ئەوەیە لە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا بەردەوام ئەوانەی دەبنە پەرلەمانتارچ لە عێراق و چ لە هەرێمی کوردستانیشدا کاندیدی حزبەکانن، یاخود حزبێک پاڵپشتی دەکات، لەبەرامبەردا کاندیدانی سەربەخۆ لە کەمترین حاڵەتدا دەتوانن سەرکەووتووبن و ببنە پەرلەمانتار.

 

"دەبێت کاندید خۆی بزانێت دەتوانێت داکۆکیکاری گەل بێت"

سەرگوڵ قەرەداغی لەو بارەیەوە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە دەبێت بوونە پەرلەمانتار تەنها بە پاڵپشتیکردنی حزبێک کۆتایی نەیەت، "دەبێت ئەو کەسە کە خۆی کاندید دەکات خۆی بریار بدات، ئایا ئەو بارگراونە مەعریفەییەی کە هەیەتی، ئەو توانایەی هەیەتی پاڵپشتی دەکات بۆ ئەوەی بچێتە ناو ئەو ئەنجومەنەوە، چونکە کە چووە ئەو شوێنە خەڵک چاوی لە هەڵوێستەکانییەتی".

 

ئەو پەرلەمانتارە، ڕەخنە لەوەش دەگرێت، ئەگەر ئێستا بەشێوەیەکی هەڕەمەکی هەڵسەنگاندن بکرێت دەتوانرێت بووترێت ٪٥٠ کاندیدەکان تەنها مەرجە ئاساییەکانیان تێدایە، بەشێوەیەک ئەگەر دەربچن و بچنە پەرلەمان ناتوانن ٪١٠٠ دەنگی خەڵک بگەیەنن.

 

لە کۆتایشدا هۆکاری نەچوونی کەسی یەکەمی حزبەکانی بۆ پەرلەمان بۆ ئەوە گەڕاندەووە، لە حزبە سیاسییەکان و سەرکردەکان ڕێگری دەکەن لەوەی پەرلەمان شوێنی بڕیاردانب ێت، "حزبە سیاسیەکان و سەردەکان نایەڵن پەرلەمان مەرجەع بێت، خۆیان ڕۆڵی مەرجەعەکە دەبینن، بۆیە خۆیان کاندید ناکەن، هاوکات لەبەر ئەوەی کە لیستیش بووە بە لیستی کراوە، دەبێت کاندید خۆی بچێتە ناو خەڵکەوە و بانگەشە بکات، بۆیە لایان قورسە وەکو کەسایەتی داوای ئەوە بکەن دەنگییان پێبدرێت".

 

ت.پ