ڕووناک مەجید: بایکۆتکردنی هەڵبژاردن لە سودی حزبەکانی دەسەڵاتدایە

ڕووناک مەجید، کاندیدی سەربەخۆ ئاماژە بە بێئومێدی هاوڵاتیان دەکات لە هەڵبژاردنەکان و هۆکارەکەشی بۆ بەڵێنی ناڕاستی پارتە سیاسییەکان دەگەڕێنێتەوە، دەربارەی ژنانیش دەڵێت: حزبە سیاسییەکان ژنان بەکاردەهێنن بۆ بەرژەوەندی خۆیان و ڕێگەنادەن بە فکر و ئیرادەی ژن کاربکەن.

ڕووناک مەجید، کاندیدی سەربەخۆ ئاماژە بە بێئومێدی هاوڵاتیان دەکات لە هەڵبژاردنەکان و هۆکارەکەشی بۆ بەڵێنی ناڕاستی پارتە سیاسییەکان دەگەڕێنێتەوە، دەربارەی ژنانیش دەڵێت: حزبە سیاسییەکان ژنان بەکاردەهێنن بۆ بەرژەوەندی خۆیان و ڕێگەنادەن بە فکر و ئیرادەی ژن کاربکەن.

 

تەوار پێنجوێنی

سلێمانی- ڕووناک مەجید، کاندیدی سەربەخۆ، ژمارە ٢٤ لە بازنەی ٢ی پارێزگای سلێمانی، دەربارەی کار و پڕۆژەکانی بۆ ئاژانسی ژنها دەدوێت و داوا لە هاوڵاتیانیش دەکات بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن و بایکۆت نەکەن، تا چیدیکە حزبە سیاسیەکان باڵادەست نەبن.

 

ڕووناک مەجید، خاوەنی بەکالۆریۆس لە پەروەردەی بنەڕەت، دەربارەی دۆخی سیاسی عێڕاق و هەرێمی کوردستان ئاماژە بە ململانێ حزبییەکان دەکات کە هەر لایەنێک لەپێناو بەرژەوەندی حزبەکەی و شەخسی کاردەکەن و وتی: "ئێمە هەستمان کرد کە پێویستە ئیدی گەل نەبێتە قوربانی بەرژەوەندی و ململانێی لایەنە سیاسییەکان، بەشێک پەرلەمانتارانی نێو پارتە سیاسییەکان بۆ حزبەکەیان هەوڵدەدەن و گەل-یان کردووە بە خاڵی کۆتا، بۆیە لە بەرپرسیارێتیمان بەرامبەر گەل خۆمان بەربژێر کردووە تا بتوانین نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی گەل بکەین".

هاوڵاتی نائومێد کراوە و لە سندوقەکانی دەنگدان دەشێنرێنەوە

 ماوەی ٣٠ ساڵە و دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١، حکومەتی هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە خزمەت بە هاوڵاتیان بکات، وەک ڕووناکیش باسی لێوەدەکات هاوڵاتیانی هەرێم لە پەرلەمان و بەڕێوەبردنی دەسەڵات نائومێد بوون، "پەرلەمانتارانی کورد لە هەرێم و بەغدا نەیاتوانیوە داکۆکی لە مافی گەل بکەن، بەڵکو گوێڕایەڵی حزبەکانیان بوون و ئەمەش بووەتە نائومێدی لە پرۆسەی دەنگدان و هەبوونی حکومەتێک خزمەت بە گەل بکات"

 

ئەو کاندیدە دەربارەی پڕوپاگەندەی دەسەڵات بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردن دەڵێت: دەسەڵات پڕوپاگەندەی بایکۆتکردنی هەڵبژاردن دەکات و دەڵێن کە کارتەکانی دەنگدان تەزویر دەکرێت و کورسییەکانی دیاریکراوە، ئەمە تەنها بۆ ئەوەیە کە هاوڵاتیان لە دەنگدان بکشێنەوە و نەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و نائومێدیان بکەن، بۆیە پێویستە هاوڵاتیان هۆشیارتر بن و بە دەنگدان و هەڵبژاردنی کاندیدی شایستە ببنە وەڵامێک بۆ ئەو پڕوپاگەندانە و دەسەڵات.

 

کاندیدی سەربەخۆ، ڕووناک مەجید، دەربارەی قەیرانەکان دەڵێت: بەهۆی پابەند نەبوونی هەرێمی کوردستان بە دەستوری عیراق کێشەکان تادێت قوڵتر دەبێتەوە و کاریگەری سەرەکیشی لەسەر هاوڵاتیانە، حکومەتی هەرێم نەوت رادەستی بەغدا ناکات و لەبەرامبەریشدا عێراق بودجە و مووچەی هەرێم نانێرێت، ئەم ململانێیانە بوونەتە هۆکارێک بۆ دروستبوونی قەیرانەکان و تا دێت دۆخی هاوڵاتیان بەرەو خراپی دەچێت.

ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دەسەڵاتداری باوەڕی بە توانای ژنان نادەن

ڕووناک مەجید وەک ژنە کاندیدێکی سەربەخۆ باس لەوەدەکات کە کۆمەڵگە بەهۆی ئەوەی خاوەنی ئەقڵیەتی پیاوسالارییە، ناتوانێت باوەڕ بە هێز و ئیرادەی ژن بهێنێت کە دەتوانێت ڕۆڵی راستەقینە لە سیاسەت و بەڕێوەبردندا بگێڕێت، دەشڵێت: حزبە سیاسیەکان هەمان ئەقڵیەتی دەسەڵاتدارییان هەیە و ژنانیش لەسەر ئەوە پەروەردە دەکرێن، ئەمە بووەتە هۆکار کە کاندیدە ژنەکان ڕێژەی دەنگەکانیان تەواو نەکەن چونکە دەوترێت ژن ناتوانێت سیاسەت بکات"، ڕووناک دەشڵێت ئەگەر ژن لە ماڵەکەی خۆیدا سیاسەت و بەڕێوەبردن نەکات، ماڵەکەی بەڕێوەناچێت، هەر شۆڕشێکیش ژن بوونی نەبێت، ئەو شۆڕشە سەرکەوتوو نابێت.

 

سەبارەت بە پلان و پڕۆژەکانی، ڕووناک مەجید، کاندیدی سەربەخۆ، ژمارە ٢٤ لە بازنەی ٢ی سلێمانی دەڵێت: کۆمەڵێک پڕۆژەمان هەیە، بەڵام ئەگەر بچینە پەرلەمان پڕۆژەی دیکەش دەبێت کە ئێمە بەشداری بکەین و دەنگی لەسەر بدەین و لە بەرژەوەندی گەلدابین، بەڵام لە ئێستادا پڕۆژەکەم لە چوارچێوەی پەروەردە و تەندروستیدا خۆی دەبینێتەوە، چونکە دوو بابەتی بنەڕەتین بۆ هەر تاکێک و مافی هەر هاوڵاتییەوە کە خوێندن تەواو بکات و بیمەی تەندروستی هەبێت.

 

یەکێکی دیکە لە پڕۆژەکانی ڕووناک پڕۆژەی ژینگەییە، کە پیشەسازییەکی ژینگەپارێز بەڕێوەبچێت، ئەو کاندیدە داوای لە هاوڵاتیانیش کرد کە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگ بە نوێنەری ڕاستەقینە بدەن کە بتوانێت داکۆکی لە ماف و قوتیان بکات.

ت.پ