ڕووناک هەورامی: دەسەڵات وایکردووە هەورامان لەیەکتر جیابکرێنەوە
دوای پەیماننامەی لۆزان کوردستان کرایە چوار پارچە، هەورامان یەکێکە لەو ناوچانەی بووە دوو بەش، لە ئێستاشدا هەورامانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن یونسکۆوە بە میراسی مێژووی ناسێنرا و هەورامانی باشوریش تادێت بەهۆی حزبایەتییەوە پشتگوێ دەخرێت.
میهرەبان سەلام کاکەیی
هەڵەبجە- دوای دابەشکردنی کوردستان بۆ چوار پارچە لە پەیماننامەی لۆزان لە ساڵی ١٩٢٣دا، زیانێکی گەورە بە کوردستان گەیشت کەوا نزیک بە سەد ساڵە لێکەوتەکانی بەسەر کوردستانەوە ماوە، دابەشکردنی کوردستان و دانانی سنوری دەستکرد، شارێکی کردە دوو شار لە دوو وڵاتی جیاواز و خێزانی کردە دوو بەش و نامۆ بە وڵاتی یەکتر، لە نمونەی ئەو شوێنانەش کە بەهۆی دابەشبوونەوە بووەتە قوربانی هەورامانە، کە خەڵک بە هەورامانی ئەمدیو و ئەودیو، یاخود هەورامانی ئێران و عێراق بەناوی دەکەن.
دابەشکردنی کوردستان زیانی گەورەی بە هەورامان گەیاندووە
هەورامان دوو دیوی ناوچەیەکن بەهۆی داگیرکاری و سیاسەتی هێزە زلهێزەکانەوە وەک سێوێک کرا بە دوو لەتەوە، هەتا ئێستاش ئەو سیاسەتی پارچەکردنە لەسەری بەردەوامە، هەورامان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن یونسکۆوە وەک میراسێکی جیهانی ناسێنرا و بە یەکێک لە شوێنەوارە دێرین و گەشتیارییەکان دانی پێدانرا.
بەڵام ئاخۆ ناوچەیەک (هەورامان لە ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستان) کە بەهۆی سنوری دەستکردەوە کراوەتە دوو بەش بۆ دەبێت جیاوازی لەنێواندا بکرێت، بۆچی هەورامانی باشوری کوردستان بێ خزمەت و پاراستنە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بەڵام هەورامانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن یونسکۆوە لەسەر وڵاتی ئێران بکرێتە میراسێکی مێژووی؟
"بەهۆی حزبایەتییەوە هەورامانی باشور پشتگوێ خراوە"
ڕووناک فەرەج ناسراو بە ڕووناک هەورامی، نووسەر، ئاماژەی بەوەدا کە دەسەڵات وایکردووە کە هەورامانی ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستان لەیەکتر جیاببنەوە، لە ڕۆژهەڵاتدا کلتوری کوردی و بنچینەی هەورامی زیاتر پارێزراوە لەچاو باشوری کوردستان، وتیشی: لە باشوری کوردستان بەهۆی حزبایەتی و دەسەڵاتدارییەوە گرنگی بە هەورامان نەداوە و بەهۆی ناکۆکی و خزمەتنەکردنەوە هەورامییەکان ناوچەکەیان بەجێهێشتووە.
ڕووناک باسی لەوەشکرد کە هەورامییەکان لە باشوری کوردستان هەوڵدەدەن تا کەلتور و فەرهەنگی خۆیان بپارێزن و ئومێدەواریشە کە شێوەزاری هەورامی بکەوێتە ناو پرۆگرامی خوێندنەوە، "یونسکۆ هەورامانی ڕۆژهەڵاتی وەک میراسێکی مێژووی ناساندووە مایەی خۆشحاڵییە، هیوادارم باشوری کوردستانیش زیاتر کار بۆ ناساندن و هێشتنەوەی کلتوری ڕەسەنی خۆیان بکەن"
ئەو نووسەرە وتیشی: دەسەڵات وادەکات کە هەورامان جیابکرێتەوە لەیەکتر، بەڵام لای ئێمە هەورامان یەکێکە، یەک زمان، سروشت، کەلتور و خۆشەویستییە".
ت.پ