وتەبێژی کۆنگرەی ستار: ماف و هەوڵە دێرینەکان لە هەڕەشەدان
پڕۆسەی ئەنتیگراسیۆن لە سووریا گۆڕاوە بۆ بابەتی مانەوە بۆ ژنان، گوڵستان گولۆ، وتەبێژی کۆنگرەی ستار، سەرنجی خەڵک بۆ سنووردارکردنی زمان و ڕۆڵی ژنان ڕادەکێشێت و دەڵێت: سووریا بە یەک بیرکردنەوە بەڕێوە ناچێت.
نەغەم چاچان
قامیشلۆ- دوای کار و تێکۆشانی ژنان بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و پاراستنی مافەکانیان کە ساڵانێکی زۆر بەردەوام بوو، پرۆسەی ئەنتیگراسیۆن لە سووریا چیتر تەنها پرسێکی سیاسی نییە بۆ ژنان، لە هەمان کاتدا ئەم پرۆسەیە ئێستا دەرگایەک بۆ دیاریکردنی داهاتوویان لە بونیادنانی سووریای نوێدا، لەو چوارچێوەیەدا، دوابەدوای لێدوانی قەسەدە کە باس لە کۆتایی هاتنی پڕۆسەی ئەنتیگراسیۆن کراوە، کۆنگرەی ستار سەرنج ڕادەکێشێت بۆ پێویستی پاراستنی دەستکەوتەکان و دەستەبەرکردنی بەشداریی ژنان لە بڕیاردان و بونیادنانی داهاتووی ناوچەکەدا.
گوڵستان گوڵۆ، وتەبێژی کۆنگرەی ستار وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسەکەمانی دایەوە سەبارەت بە پڕۆسەی ئەنتیگراسیۆن و هەڵوێستی تەڤگەریەکانی ژنان و ڕۆڵیانی لە داهاتووی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا.
*کۆنگرەی ستار چۆن پرۆسەی ئەنتیگراسیۆن هەڵدەسەنگێنێت و ئامانجی ئەم پرۆسەیە چییە؟
دوای هاوپەیمانی ٢٩ی کانوونی دووەم، چووینە قۆناغێکی نوێ کە پێویستی بە هەندێک گۆڕانکاری هەبوو، بێگومان ئەم ئاڵوگۆڕە سەرەتای پرۆسەیەکی نوێ بوو بۆ خەڵکی ڕۆژئاوای، لەو چوارچێوەیەشدا، بەشێک لە دەوڵەتانی دەسەڵاتدار بەتایبەتی ئەوانەی کار لەسەر دۆسیەی سووریا دەکەن، ئامانجیان لاوازکردن و نەهێشتنی ئەو بەڕێوبەرییە بوو کە لە ناوچەکەدا دامەزرابوو، لە شێخ مەقسود و ئەشرەفیە شەڕێکی گەورە کرا، لەم پڕۆسەیەدا هاوپەیمانی ٢٩ی کانوونی دووەم بۆ پاراستنی خەڵکی ناوچەکە لە جینۆساید واژۆ کرا، ئەم هاوپەیمانییە خەونی ئەو خەڵکە نەبوو کە ساڵانێک لە شۆڕشدا گەورە بوون و خەباتیان کردبوو، بەڵام ئەگەر ئەم هاوپەیمانییە واژۆ نەکرابا، گەلی کورد جارێکی دیکە ساڵانێک ڕووبەڕووی هەڕەشەی لەناوچوون دەبووەوە، تا ئەمڕۆش خەڵکی ناوچەکە لە ململانێ و گفوگۆدان لەسەر پرۆسەی ئەنتیگراسیۆن.
*دوای ئەوەی قەسەدە ڕایگەیاند کە پرۆسەی ئەنتیگراسیۆن کۆتایی هاتووە، چۆن کۆنگرەی ستار ئەم قۆناغە نوێیە هەڵدەسەنگێنێت؟
لە ڕاگەیاندراوەکەدا، بەڕێز مەزلوم عەبدی ڕایگەیاند، کە پڕۆسەی ئەنتیگراسیۆنی قەسەدە تەواو بووە، بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، دۆسیەی ئەمنی و سەربازییەکانی پەیوەست بە ئەنتیگراسیۆن تەواو بووە، هەروەها سێ لیوا بۆ ناوچە کوردستانییەکان دامەزراون، ماوەیەک لەمەوبەر هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆی سەر بە حکومەتی دیمەشق دەیانویست بچنە ناو پارێزگای حەسەکە و لەوێ ئەرکی ئەمنی ئەنجام بدەن، بەڵام ئەم هەنگاوە بە ناڕەزایی گشتی بەرەوڕوو بووەوە و خەڵک ڕایانگەیاند، کە خۆیان ئاسایشی شار و ناوچەکانیان دەپارێزن، لە لایەکی ترەوە هێشتا پرۆسەی ئەنتیگراسیۆنی دامودەزگاکانی خۆبەڕێوەبەری تەواو نەبووە.
”هەندێک بڕیار و هەنگاوەکانی پرۆسەی ئەنتیگراسیۆن هێشتا بە ناڕەزایی گشتی پێشوازییان لێدەکرێت”
ئێستا پرسی زمانی کوردیش خەریکە دەبێتە یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی بەرنامەی کار، سەرەتا لە بڕیاری ١٣دا ڕاگەیاندرا کە زمانی کوردی دەبێتە زمانێکی نەتەوەیی لە ناوچە کوردنشینەکاندا، بەڵام لە ٢٧ی ئاب بڕیارێک ڕاگەیاندرا کە بەپێی ئەو بڕیارە لە هەفتەیەکدا تەنها سێ کاتژمێر زمانی کوردی دەخوێندرێت، ئەم بڕیارە ناڕەزایی بەرفراوانی لای خوێندکاران و مامۆستایان و گەلی کورد دروست کردووە، کە ماوەی چەند ڕۆژێکە دەنگی خۆیان لە دژی ئەم بڕیارە بەرز دەکەنەوە و داوای پاراستنی مافە زمانەوانییەکانیان دەکەن، ئەم ناڕەزایەتییە هەروەها ئەوە دەردەخات کە هەندێک بڕیار و هەنگاوەکانی پرۆسەی ئەنتیگراسیۆن هێشتا بە ناڕەزایی گشتی بەرەوڕوو دەبنەوە.
”ئێمە وەک تەبگەر و ڕێکخراوەکانی ژنان داوای پاراستنی ناسنامە و ڕۆڵی خۆمان دەکەین”
هەروەها ناڕەزایی زۆر هەیە سەبارەت بە پرۆسەی ئەنتیگراسیۆن لە نێوان ژنان، لەم پڕۆسەیەدا، زۆربەی ئەرک و بەرپرسیارێتی سەرەکی لە لایەن پیاوانەوە دەگیرێتە ئەستۆ و ڕۆڵی ژن لە بەڕێوەبردن و بڕیاردان بە دەگمەن دەبینرێت، لەم دواییانەدا چەندین کۆبوونەوە ئەنجام دراون، دوایینیان لەگەڵ پارێزگاری حەسەکە، لەم دیدارانەدا، ئێمە وەک تەڤگەر و ڕێکخراوەکانی ژنان داوای پاراستنی ناسنامە و ڕۆڵی خۆمان دەکەین، جەختیش لەوە دەکەینەوە، کە دەبێت شوێن و نوێنەرایەتی ژنان لەو دامەزراوانەدا مسۆگەر بکرێت کە لە پڕۆسەی ئەنتیگراسیۆندا یەکدەگرنەوە، هەروەها ناوی ژنان لە بەڕێوەبردن و بڕیارداندا ڕەچاو بکرێت.
*چۆن ماف و ڕۆڵی ژنان لەم پڕۆسەیەدا پارێزراو دەبێت؟
پاراستنی مافی ژنان ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە کە دەکەوێتە سەر شانی ڕێکخراوەکانی ژنان، پێش دەستپێکردنی پڕۆسەی ئەنتیگراسیۆن، ئێمە وەک ڕێکخراوەکانی ژنان پلاتفۆرمی هاوبەشمان هەبوو و هەموو ڕێکخراوەکانی ژنان هەڵوێستێکی هاوبەشمان هەبوو لەسەر پرسەکانی ماف و ئازادی و ڕۆڵی ژنان، دوای ئەوەی پرسی ئەنتیگراسیۆن خرایە بەرنامەی کار، ئەم پرۆسەیە کاریگەری لەسەر پێگە و کاری ڕێکخراوەکانی ژنان هەبووە، هەروەها کۆمەڵێک نیگەرانی و هەڕەشە لە شێوازی پاراستنی ڕێکخراوەکانی ژنان و ناسنامە و مافەکانیان هەیە، بۆیە پرسی سەرەکیمان ئەوەیە کە چۆن بتوانین ڕێکخراوەکانمان و ناسنامەکانیان و دەستکەوتەکانی ژنان لەم پڕۆسەیەدا بپارێزین و ڕۆڵی ژنان لە بەڕێوەبردن و بڕیاردان بەردەوامی پێبدەین.
”پێویستە ئاستی خوێندنی ژنان بەهێزتر بکەین”
ئێمە خەباتێکی گەورەمان کردووە بۆ ئەوەی یەپەژە وەک هێزێکی سەربازی تایبەت بۆ پاراستنی ژنان بمێنێتەوە، پێمان وایە کە زۆرێک لەو دەستکەوتانەی لە ئەنجامی خەبات و شۆڕشی ژنان بەدەست هاتوون، دەکرێت بەهۆی پڕۆسەی ئەنتیگراسیۆنەوە بخرێنە مەترسییەوە، بەتایبەتیش لەبەرئەوەی حکومەتی دیمەشق مافی ژنان وەک پرسێکی بنەڕەتی نابینێت، بۆیە لە پێناو پاراستنی مافەکانی ژنان و دەستەبەرکردنیان لە دەستووردا، ئەمە پرسێکی سەرەکییە و پێویستە گفتوگۆی لەسەر بکرێت، هەروەها بەو پێیەی هێشتا بیرکردنەوەکان هەن کە ڕۆڵی ژنان بە کەم سەیر دەکەن، پێویستە ئاستی پەروەردەی ژنان بەهێز بکەین و ڕێگا بۆ بەشداریکردنیان لە هەموو بوارەکاندا خۆش بکەین، بۆ ئەوەی دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان پارێزراو بن و ڕۆڵی ژنان لە پرۆسەی بونیادنانی کۆمەڵگەدا بەهێزتر بێت.
*کۆنگرەی ستار داوای چی دەکات بۆ ئەوەی ژنان ڕۆڵی پێشەنگیان هەبێت لە بڕیارە سیاسییەکان و بەڕێوبەریدا؟
ئێمە وەک ڕێکخراوەکانی ژنان پێویستە لە هەڵوێستەکانی بڕیاردان و لە نووسینی دەستووری سووریادا جێگەی خۆمان بگرین، ئەمەش تەنها داواکارییەک نییە بۆ حکومەتی کاتی، بەڵکو پەیامێکە بۆ زلهێزە نێودەوڵەتییەکان کە ئێمە یەک دەنگ و یەک بڕیارین، لە پێناو پاراستنی ماف و بوونی ژنان، پێویستە مافەکانی ژنان لە دەستووری سووریادا بە ڕوونی و مسۆگەر بکرێن.
*کۆنگرەی ستار داهاتووی ژنان لەم قۆناغە نوێیەی سووریا چۆن دەبینێت؟
ئێمە داهاتووی ژنان لە حکومەتی کاتیدا بە شێوەیەکی ئەرێنی نابینین، چونکە تا ئێستا هیچ شتێکی پێشکەش بە ژنان نەکردووە کە ماف و ڕۆڵەکانیان مسۆگەر بکات، لە دوای ڕاگەیاندنی ئەم حکومەتەوە تەنها یەک ژن تێیدا بووە و ئەم یەک ژنەش ناتوانێت نوێنەرایەتی هەموو ژنان بکات.
لەم جوگرافیایەدا، هەزاران ژنمان ڕاهێناوە و ڕێکخستووە، هاوکات زۆرێک لە دامودەزگاکانی ژنان خۆبەڕێوەبەرن و ماڵی ژنانیش هەیە کە کێشەی هەزاران ژن چارەسەر دەکات، بەڵام حکومەتی کاتی تەنها دیوێکی ژنان پیشان دەدات و بە جلوبەرگ و ڕەنگێکی تایبەتەوە پێشکەش بە ژنێک دەکات، ئێمە ساڵانێکە خەباتمان کردووە بۆ ئەوەی ژنان بتوانن بە ئازادی بژین و خۆیان بەڕێوەببەن و ڕۆڵی بڕیاردانیان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا هەبێت.
”هێشتا بیرکردنەوەیەک هەیە کە ڕۆڵی ژنان لە پەروەردە و بونیادنانی کۆمەڵگەدا بە کەم دەبینێت”
لەم کاتەدا ڕووداوێکی گرنگ هاتە بەرنامەی کار، لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی سووریا، یەکێک لە پەرلەمانتارەکان بۆچوونی خۆی لەسەر پەروەردەی منداڵان دەربڕی و ڕایگەیاند، کاتێک دەچنە قوتابخانە، دەبینن ژمارەیەکی زۆر لە قوتابخانەکان لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرێن، ئەو ئەمەی وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر منداڵان دەستنیشان دەکات، وتی: پێویستە پیاوان منداڵان پەروەردە بکەن بۆ ئەوەی بەهێزیان بکەن، ئەم بۆچوونە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە هێشتا بیرکردنەوەیەک هەیە کە ڕۆڵی ژنان لە پەروەردە و بونیادنانی کۆمەڵگەدا بە کەم سەیر دەکات و بە هێزێکی لاوازی دەزانێت، بەداخەوە تا ئێستاش ئەوانەی هاوبەشی ئەو بۆچوونانەن، مێژوو و ڕۆڵی ژن لە بونیادنانی کۆمەڵگەدا بە باشی نازانن، چونکە ژنان تەنها پەروەردەکار نین، بەڵکو ژنان بە درێژایی مێژوو کۆمەڵگەیان بونیاد ناوە و پارێزگارییان لێکردووە و بەڕێوەیان بردووە، بۆیە پێویستە تێکۆشانمان بەردەوام بێت بۆ ئەوەی بتوانین لە بەرامبەر ئەو ئەقڵانەدا بوەستین و ڕۆڵی ژنان لە بونیادنانی کۆمەڵگەدا بە شێوەیەکی بەهێز و ڕوون نیشان بدەین.
*چی پێویستە بۆ پڕۆسەی ئەنتیگراسیۆن بۆ پاراستنی مافی هەموو گەلان و ژنان بە شێوەیەکی دیموکراتیک؟
بۆ ئەوەی ئەنتیگراسیۆنی ڕاستەقینە ڕووبدات، پێویستە هاوبەش بین لە بونیادنانی ئەم وڵاتە، چونکە ساڵانێکە لەم ناوچەیەشدا خەباتمان کردووە، خواستی ئێمە ئەوەیە کە ئەو دەستکەوت و ئەزموونانەی لە شۆڕشدا بەدەست هاتوون، ببنە موڵکی هەموو گەلی سووریا.
لە زۆر لایەنی پرۆسەکەدا هێشتا ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتیک نابینین، بۆ ئەوەی ئەنتیگراسیۆنی ڕاستەقینە و دیموکراتیک ڕووبدات، پێویستە بیرکردنەوەی ئەم حکومەتە بگۆڕدرێت، سووریا تەنها بە یەک بیرکردنەوە و یەک میتۆد بەڕێوە ناچێت، هەڵوێستی حکومەت ئەوە دەردەخات کە هێشتا ئاستەنگ لەبەردەم دامەزراندنی سیستمی دیموکراتیک لە هەرێمدا هەیە.