ڕوناک مەجید: هێرشە داگیرکارییەکان کاریگەری ڕاستەوخۆی بۆ ژنانە

ڕوناک مەجید، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادی، دەربارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و کاریگەرییەکانی ئاماژەی بەوەدا: کاریگەری هێرشەکان سەرەتا بۆ ژنانە کە دەکرێنە ئامانج.

 

تەوار پێنجوێنی

سلێمانی- دەوڵەتی تورکیا بە ئامانجی داگیرکردنی کوردستان و فراوانکردنی قەڵەمڕەوی خۆی، بە چەندین شێوەی جیاواز هێرش دەکاتە سەر کوردستان و کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات، ئۆپەراسیۆنەکانی ئەو دەوڵەتە بۆ سەر چوار پارچەی کوردستانە، تێیدا منداڵ، ژن و هاوڵاتی مەدەنی دەبنە قوربانی هێرشەکان، لەوبارەیەوە ڕوناک مەجید ئاماژەی بەوەدا هێرشەکان سەرەتا کاریگەری دەکاتە سەر ژنان و ئەوان دەکرێنە ئامانج.

 

ڕوناک مەجید، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، بۆ ژنها دوا و ئاماژەی بەوەدا هێرشە داگیرکارییەکان کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژنان هەیە، نمونەی ئەنفالی باشوری کوردستان دەهێنێتەوە کە تێیدا ژنان بوونە قوربانی ڕەشە کوژییەکانی ڕژێمی بەعس و لە بازاڕەکانی میسردا فرۆشران و تا ئێستا بێ سەروشوێنن، هەروەها وتیشی: کیمیابارانی هەڵەبجە و هێرشەکانی داعش بۆ سەر شەنگال و ئێزدییەکان تێیدا بە هەزاران ژن کۆیلە کران و لە بازارەکانی سوریادا فرۆشران.

 

دەربارەی ئۆپەراسیۆنی دەوڵەتی تورکیا بۆ ناوچەکانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا، کە لە ٢٤ی حوزەیرانەوە دەستیپێکردووە و تا ئێستا بەردەوامە، ڕوناک وتی: دەوڵەتی تورکیا هێرش دەکاتە سەر گوندنشینان و زەرەرمەندی یەکەم ژنانن، چونکە ژنان لەناو گوندەکاندا بە ماڵداری، کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە خەریکن و هەوڵی ژیان دەدەن، بەڵام دەوڵەتی تورکیا هەموو ئەمانە خاپور دەکات، بۆیە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژنان هەیە.

 

ئەو ئەندامەی تەڤگەری ئازادی بە گرنگی دەزانێت کە ژنان دژ بە داگیرکارییەکان بوەستنەوە، چونکە ئەگەر داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا چڕتر ببێتەوە، تەنها لە ناوچەیەکدا نامێنێتەوە و پەلدەهاوێتە شار و شارۆچکەکان و گوندەکان، دەشڵێت: دەوڵەتی تورکیا جگە لە هێرشی سەربازی، هێرشی ئابوری و ڕاگەیاندنیش دەکات، لە ڕێگەی ئابورییەوە هەرێمی کوردستانی لاواز کردووە و ئابوری ژنانیش لاواز بووە، لەڕێگەی ڕاگەیاندنیشەوە بە پەخشکردنی فیلمە تورکییەکان، کلتور و نەریتی کۆمەڵگەی تێکداوە و جیابوونەوە و کێشەی بۆ ژنان دروستکردووە.

 

پێشی وایە ئەمانە پلانی دەوڵەتی تورکیان بۆ بەکۆیلەکردنی ژنان، تا لەڕێگەیەوە کۆمەڵگەش بە کۆیلە بکات و ژنان زەرەرمەندی هێرش و داگیرکارییەکان بن، دەشڵێت پێویستە ژنان هێزی مرۆیی دروستبکەن تا فشار زیاد ببێت و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بوەستێنرێت.

 

ت.پ