ڕێواز فایەق: لەسەر بڕینەوەی دارستانەکان کونسولی تورکیا دێتە پەرلەمانی کوردستان

ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوەدا کونسوڵی تورکیا دێتە پەرلەمان و ناڕەزایەتییەکان لەسەر بڕینەوەی دارستانەکانی پێڕادەگەیەنین.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە لیدوانێکیدا بۆ تۆڕی میدیای ژیان، ئاماژەی بەوەداوە ئەم هەنگاوەی دەوڵەتی تورکیا تەنها بۆ سەر خاکی کوردستان نییە، بەڵکو زیان گەیاندنە بە ژینگە و سەوزایی، نامەیەکی ناڕەزایەتیش ئاڕاستەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرێت.

 

ڕێواز فایەق داوای یەکڕیزی کرد لەسەر پرسە نیشتمانییەکان و خاڵە هاوبەشەکانی لە بەرژەوەندی خەڵکدایە، بە ناوی پەرلەمانی کوردستانەوە ئێمە داوامانکردووە، ئەمڕۆ کۆنسوڵی تورکیا دێتە پەرلەمان تا نیگەرانییەکانمان لە بەرامبەر بڕینەوەی دار و دارستانەکانی هەرێمی کوردستان بگەیەنینە دەوڵەتی تورکیا.

 

سەرۆکی پەرلەمان وتیشی: نامەیەکی ناڕەزایەتیمان ئامادەکردووە ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکانی دەکەین، چونکە بەپێی ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکان جگە لە سنور بەزاندنی هەرێمی کوردستان، پەلاماری ژینگەش دراوە، ئەمانە ڕێگە پێنەدراون، بەپێی ڕێکەوتنی هەردوو دەوڵەتی تورکیا و عێراقیش پێویستە سنوری نێوان ئەو دوو دەوڵەتە پارێزراو بێت و دەبێت نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئەرکی خۆی هەستێت.

 

ت.پ