توڕەیی هاوڵاتیان بەرامبەر هەڵبژاردنەکان

هاوڵاتیان ئومێدیان بە دەنگدان نییە، زۆرینەیان ئامادەنین بچن بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان، بەشێکیشیان توڕەی خۆیان بە دڕاندنی فلێکسەکان و کۆمێنت بۆ کاندیدەکان دەردەبڕن، کاندیدێکیش هۆکاری ئەو توڕەییە بۆ بێ ئومێدی هاوڵاتیان دەگەڕێنێتەوە.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- هەڵبژاردنەکان نزیک دەبێتەوە و کەمتر لە ٢٠ ڕۆژ بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ماوە، بانگەشەی کاندیدەکانیش بۆ کۆکردنەوەی دەنگ لەو پەڕی هەوڵیاندایە، زۆرینەیان سەرقاڵی بانگەشەکانن.

 

هێندەی دڵ گەرمی کاندیدەکان هاوڵاتیان ساردن لە چوونیان بۆ دەنگدان، وەک خۆیان دەڵێن بێ ئومێدن هیچ هیوایەکیان بە هەڵبژاردن و دەنگدان نییە.

ئیمان فاروق، ژنێکی گەنجی ١٩ ساڵە، هەرچەندە یەکەمجاریەتی مافی دەنگدانی هەیە، بەڵام سورە لەسەر ئەوەی ناچێت بۆ دەنگدان و بێ هیوایە، دەڵێت "لەم وڵاتەدا هەموو شتێک بە پارەیە، خۆیان دەنگەکان پڕ دەکەنەوە، پێویستیان بە هیچ کەس نییە، خۆیان هەموو شتێکیان دیاریکردووە، قسەی ئێمە کاریگەری نییە، ئەمە بێ ئومێدی دروستدەکات".

خەیرییە حامید، تەمەنی نزیکی ٥٥ ساڵە، ئەزموونێکی دوور و درێژی لەگەڵ هەڵبژاردنەکان و بانگەشەدا هەیە، باس لەوە دەکات پێشتر بە هیوایەکی زۆر و دڵخۆشیەوە چوونەتە سەر سندوقەکانی دەنگدان، بەڵام ئێستا خەڵک متمانەی بە دەسەڵات و حزبەکان نەماوە.

ئەو ڕەخنە و گلەیی زۆری هەیە، بی ئومێدی و ئازارەکان بەدوعا دەردەبڕێت، دەڵێت "ئێستا خەڵک سیقەی پێیان نەماوە، کەس ناچێت بۆ دەنگدان، مەگەر بە تەزوویر دەربچن، هیچیان بە کەڵک نایەن، خۆیان دادەمەزرێن، دواتریش هیچ، پارەی ئاو و کارەبا و پارەی خۆڵ وەردەگرن، پارە دەستێنن، خۆیان پارە نادەن بەو خەڵکە، خوا بیانباتەوە، خوا حەقی ئەم میللەتەیان لێبسێنێت".

ئامینە ڕەحیم، ژنێکی ٤٨ ساڵە، ئەو باس لەوەدەکات بە درێژایی تەمەنی بەهۆی ئە دۆخەی کوردی تێدابووە خۆشی نەبینیووە، دەڵێت "خەڵک توڕە و بێزارە لە دەنگدان، هیوامان بەم حزبانە نییە، جاران خەڵک بە حەماسەوە دەچوون بۆ دەنگدان، بەڵام ئێستا وانییە".

ڕەوەز فەرهاد، ژنێکی ٢٩ ساڵە، هۆکاری بێئومێدی هاوڵاتیان دەگەڕێنێتەوە ۆ ئەوەی لە ڕابردوودا لە بانگەشەکاندا چەندین بەڵێن بە هاوڵاتیان دراوە، بەڵام هیچی جێبەجێبەنەکراوە، بۆیە ئیتر هاوڵاتیان بێ هیوان.

دەشڵێت "خەڵک مافی خۆیەتی توڕە بێت، ئەوانەی پێشتر گەواهیدەرن و دەزانن چی کراوە و چی نەکراوە، باوەڕ دەکەن زۆرینەی ئەوانەی لەوێن بە دەنگی خەڵک نەڕۆشتوون، زۆرینەیان بە تەزویر ڕۆشتوون، کە چوونەتە پەرلەمان بەڵێنەکانیان جێبەجێنەکردووە".

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات خەڵک توڕەیە و ئەو ڕقەی کە هەیەتی بە فلێکس و کاغەزەکان دەردەبڕێت، دەیەوێت بەوە توڕەی خۆی بەتاڵ بکاتەوە و زەرەر لە کاندیدەکان بدات.

توڕەیی هاوڵاتیان تەنها لە دڕاندنی فلێکسدا خۆی نابینێتەوە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تەندراون بە کۆمێنت و ڕەخنەی هاوڵاتیان لە کاندید و بانگەشەکان، لە پۆستی هەر کاندید و سیاسییەکدا دەیان کۆمێنت ڕەخنە ئامێز و پڕ گلەیی نوسراون.

بەناز شێخ تاهیر کەسنەزانی، کاندیدێکی سەربەخۆی بازنەی یەکی سلێمانییە، نایشارێتەوە کە ژمارەیەکی بەرچاو لە فلێکسەکانی دڕێندراون، کە زیاتر لە دوو هەزار فلێکسن.

ئەو وەک کاندیدێکی سەربەخۆ هۆکاری ئەمە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو بارە ئابووری و دۆخەی هەرێمی کوردستانی تێدایە، دەڵێت "هۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە بەڵێنێکی یەکجار زۆر دراوە بە خەڵک و جێبەجێنەکراوە، بۆیە من حەقی تەواوی بەو خەڵکە دەدەم کە توڕەن و بێزارن لە بانگەشە".

ت.پ