"ترسمان هەیە تاوانە ئەلیکترۆنییەکان بەرامبەر کاندیدەکان ڕوو لە زیادبوون بکەن"

لەگەڵ نزیکبوونەوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا، ژنانی کاندید ڕووبەڕووی تۆمەت و تاوانە ئەلیکترۆنییەکان بوونەتەوە، ئەندامێکی خولی پێشووی پەرلەمانیش جەخت لەوەدەکاتەوە ئێستا ژنان دەتوانن ڕۆڵی ڕاستەقینە ببین، کاندیدێکیش دەڵێت "دەبێت هەموو کاندیدە ژنەکان پشتی یەکتر بۆ سەرکەوتن بگرن".

 

تەرزە تەها

سلێمانی- لە ڕۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام دەدرێت، بەمەش نزیکەی مانگێکی ماوە، حزبەکان و کاندیدەکان بانگەشەی هەڵبژاردنیان دەستپێکردووە.

 

بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکان دەبێت ڕێژەی بەشداری ژنان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا بەپێی سیستمی کۆتا ٪٢٥ و زیاتربێت، بەمەش زۆرینەی حزب و هاوپەیمانێتییەکان ژنانیان کردووەتە کاندید.

 

هەرێمی کوردستان بەسەر هەر سێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆکدا دابەشکراوە، بۆ هەولێر ١٥ کورسی بۆ ٤ بازنە دانراوە، بۆ سلێمانیش ١٨ کورسی بۆ ٥ بازنە، لە دهۆکیش ١١ کورسی بۆ ٣ بازنە دانراوە.

 

لە کۆی ١٤٦ کاندید لە هەر سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستاندا ٤٧ ژنە، لە هەولێر لە ٥٣ کاندید ١٨ ژنە، لە سلێمانی لە ٦٥ کاندید ٢٤ ژنە، لە دهۆک لە ٢٨ کاندید ٧ ژنە.

 

ژنانی کاندید ئەرکیان قورسترە، لەبەر ئەوەی سەرباری ئەوەی دەبێت بە کاری سیاسی و بانگەشەوە سەرقاڵبن، وەک ژنێک بەردەوام ئەرکی بەڕێوەبردن و چاودێریکردنی خێزانەکانیان لەسەر شانە، ئەمەش جگە لەوەی کە کاندیدانی ژن، بەردەوام ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی جیاواز دەبنەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وشەی نەشیاو بڵاودەکرێتەوە

مرواری محەمەد، کاندید لە بازنەی دووی سلێمانی لە حزبی کۆمەڵی دادگەری کوردستان، ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵە کاری سیاسی دەکات، جەخت لەوە دەکاتەوە، ژنان توانایەکی زۆریان هەیە و دەتوانن لە یەک کاتدا چەند کارێک بکەن، تەنها پێویستی بە ڕێکخستن و پلاندانان هەیە.

 

ئەو کاندیدە باس لەوەدەکات، بە گشتی لە ڕووبەڕوودا کەمتر توشی ڕەخنە دەبنەوە، بەڵام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چەندین کۆمێنت و وشەی نەشیاو بڵاو دەبێتەوە، کە پێیان وایە ژنان ناتوانن کارێک بکەن و شوێنیان ماڵەوەیە، دەڵێت "ئەمە مافێکی خۆمانە، جیاوازی نییە لە نێوان بەشداری ژن و پیاو بۆ کایەی سیاسی، ژن توانایەکی هەیە و پێویستە پاڵپشتی لێبکرێت".

 

وەک کاندیدێکی ژن جەخت لەوەدەکاتەوە، هاوکاریکردن و پاڵپشتی یەکتر لەنێو کاندیدە ژنەکان گرنگە وەک ژنێک شانازی بە پاڵپشتیکردنی یەکتری ژنان دەکات، "ئێمە وەکو ژنان دەبێت لە هەموو شتێکدا پاڵپشتی یەکتر بین و دواجار یەکێک لە ژنەکان دەردەچێت و دەتوانێت پەیامی ئەوانی دیکەش بگەیەنێت".

 

لە ڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هێرش دەکرێتە سەر کاندیدە ژنەکان

ئەگەرچی هێشتا هەڵمەتی بانگەشەکردن لەسەرەتادایە و مانگێک بۆ هەڵبژاردنەکان ماوە، بەڵام بەشێک لە ژنانی کاندید ڕووبەڕووی تۆمەت و هەڕەشە بوونەتەوە، لە کۆمێنتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕووبەڕووی ڕەخنە و تۆمەتی کۆمەڵایەتی دەبنەوە.

"تۆمەت بۆ ژنە کاندیدەکان دروستدەکرێت"

هانا شوان، چالاکوانێکی مەدەنی و بواری ژنانە، باس لەوەدەکات کە تاوانا ئەلیکترۆنییەکان ڕوویان لە زیادبوون کردووە، بەتایبەت ڕووبەڕووی ژنانی کاندید و چالاکوان دەبێتەوە.

ئاشکرای دەکات، کە کاندیدی ژن هەیە لە ئێستاوە لە تۆڕي کۆمەڵایەتییەکانەوە هێرشی دەکرێتە سەر، هەڕەشەی لێکراوە و نامەی بۆ هاتووە، یاخود تۆمەتی لە ڕووە کۆمەڵایەتیەکەوە بۆ دروستدەکرێت، لە ڕێگای لایەنی پەیوەندیدارەوە داوای هاوکاری کردووە، مەترسی ئەوەش هەیە ئەو دۆخە ڕووبەڕووی کاندیدەکانی دیکەش ببێتەوە.

لەبارەی هۆکاری ئەو تۆمەت و هێرشانەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەکرێتە سەر ژنان دەشڵێت: "ئەقڵیەتی کۆمەڵگای کوردی بەو جۆرەیە، کە ژنان لە بواری سیاسییەوە نابێت بێنە پێشەوە و بواری سیاسی لەلایەن پیاوانەوە قۆرغ کراوە، بەڵام ژنان بەردەوام هەوڵ دەدەن، ڕابردووش ئەوەی پێ وتین، کە جگە لە کۆتا ژنان بە دەنگی خۆیان توانیویانە سەرکەوتن بەدەستبهێنن".

"ئێستا ژنان دەتوانن بەبێ سیستمی کۆتا بچنە پەرلەمان"

بەپێی یاسای هەڵبژاردنی عێراق، دەبێت بەشداری ژنان ٪٢٥ کەمتر نەبێت، ئەمەش بۆ بەشداریکردنی ژنان لە کایەی سیاسیدا، بەپێی یاساکەش دەبێت لە هەر بازنەیەکیشدا بەشداری ٪٢٥ کەمتر نەبێت، ئەم یاسایە سیستمی کۆتایە بۆ بەشداری ژنان.

تەلار لەتیف، بەرپرسی بەشی یاسایی لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان باس لەوەدەکات، ئەم خولەی هەڵبژاردنەکان جیاوازترە، چونکە بازنە هەیە و کاندید پشت بە تواناکانی خۆیان دەبەستن.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، ئێستا پشتگیری بۆ ژنان زیاترە، ژنانیش لە پەرلەماندا ڕۆڵیان هەیە، بە دەنگی خۆیان دەردەچن، حزبەکانیش ئێستا پاڵپشتی ژنان دەکەن، پێویستیشە حزبەکان پاڵپشتی کاندیدە ژنەکانیان بکەن و کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا دروستبکەن.

ت.پ