سەقامگیری و ئاشتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانە و هاوڵاتی مەدەنیش تیرۆر دەکرێت

یەکێک لە دروشمە هەرە دیارەکانی کاتی بانگەشە، ئاشتی و سەقامگیرییە، بەڵام وەک ژنان باسی دەکەن بە ڕۆژی ڕووناک هاوڵاتی تیرۆر دەکرێت، پێیان وایە ئەو سەقامگیرییەی بانگەشە بۆ دەکەن تەنها ڕووکەشە.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- بانگەشەکانی حزب و پارتەکان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تا دێت گەرم تردەبێت، حزبەکان چەندین دروشمی وەک مووچە، هەلی کار و سەقامگیرییەکان کردووەتە وێردی سەر زمانیان، باس لە خۆشگوزەرانی و سەقامگیری سلێمانی و هەرێمی کوردستان دەکەن.

 

بەڵام لە ڕۆژی ١٦ ئەم مانگەدا هاوڵاتیەکی باکوری کوردستان بە ناوی "فەرهاد بارش" لە گەڕەکی شەکرەکەی شاری سلێمانی لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە هەوڵی تیرۆرکردنی دەدرێت و بریندار دەبێت، ڕۆژێک دواتر لە گەڕەکی چوارچرای شاری سلێمانی یاسین بولوت ناسراو بە "شوکری سەرحەد"، ئەندامی کۆمیتەی بنەماڵەی شەهیدانی پەکەکە تیرۆرکرا.

 

ئەم ڕووداوانە سەقامگیری و ئاسایشی سلێمانی خستووەتە ژێر پرسیارەوە، ژنانیش پێیان وایە ئەو سەقامگیرییەی باس دەکرێت تەنها ڕووکەش و بانگەشەی هەڵبژاردنەکانە.

زارا ئەحمەد، ژنێکی شاری سلێمانی باس لەوە دەکات ئەو ئاسایشەی هاوڵاتیان بپارێزێت لە باشوری کوردستاندا نییە، ئەگەر ئاسایش لەم هەرێمەدا بێت چۆن کەسێکی بێ تاوان دەکوژرێت، ئەگەر سیاسییەکان ئاقڵانە مامەڵە بکەن، هیچ کات ڕێگانادەن کە خوێنی کەسێک بڕژێت و میت وئیتڵاعات لە باشوری کوردستاندا بە ئاسانی بگەڕێن.

مهاباد ئیبراهیم، ژنێکی شاری سلێمانییە و خوشکی شەهید ڕێدوورە، باس لەوەدەکات لە کاتێکدا بانگەشەی ئارامی و ئاسایش دەکەن، بەڵام لە هەمان کاتدا کەسێکی مەدەنی خەڵکی باکوری کوردستان تیرۆر دەکرێت، ئێستا کوردستان نە زەوی و نە ئاسمانیشی پارێزراو نییە، دوژمن لە هەموو لایەکەوە هەیە، دەڵێت "پێویستە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان ئەم نا سەقامگیرییە بوەستێنن، خەڵکانێک لە پەنای ئاسایشی ئەوانەوە نەبنە قوربانی، وەک چۆن براکەی من بە فۆڕکەی بێ فڕۆکەوان شەهید کرا بە دەستی سیخوڕی".

 

مهاباد بە پێویستیشی زانی کە سەرجەم لایەنە سیاسیەکان و ڕێکخراوە دیموکراتییەکان، پیاوانی ئاینی و ژنان بەیەکەوە بە ئاشتی بژین، کەسانیک لە ژێر ناوی خاوەنی ئاڵادا نەبنە قوربانی و کەسانێکی دیکەش ببنە خاوەن هێز و دەسەڵات.

ساکار عەبدوڵا، ڕۆژنامەنووس، لای وایە ئەمن و ئاسایش لەم هەرێمەدا تەنها ڕووکەشە و بۆ ڕاگەیاندنەکانە، تەنها لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا هێرش کراوەتە سەر دوو کەس، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە هیچ ئەمن و ئاسایشێک بۆ ئازادیخوازان لەم هەرێمەدا نییە.

ئەو وەک ژنێک پێی وایە، ئەگەرهەموو حزبەکانی باشوری کوردستان یەکدەنگ و یەک هەڵوێست بن، ئەوا هیچ وڵاتێکی داگیرکەر ناتوانێت بێتە ناو شارەکە و کەسێک تیرۆر بکات.

لیدا ویتریس، هاوڵاتیەکی نەرویجییە، باس لەوەدەکات لە پێشتردا هەمووان بە چاوی ئەمن و ئاسایشەوە لە سلێمانییان ڕوانییوە، سلێمانی بەردەوام بانگەشەی ئاشتی و دیموکراسی کردووە، بەڵام ئیتر ئاشتی لە کوردستاندا نەماوە، هاوڵاتیان چیتر هەست بە پارێزراوی ناکەن.

ت.پ