شیرین عەبدوڵا: لە سۆنگەی بەرپرسیاریەتی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەوە خۆم بەربژێر کردووە
شیرین عەبدوڵا، کاندیدی سەربەخۆ بە ژمارە ٣٣ لە بازنەی ١ی پارێزگای کەرکوک، لە چاوپێکەوتنێکیدا بۆ ئاژانسی ژنها ئاماژەی بەوەدا کە لە سۆنگەی بەرپرسیارییەتی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەوە خۆی کاندید کردووە و ئامانجییەتی لە پەرلەمانی عێراقدا لە پێناو گەنجان و ژنان کار بکات.
تەوار پێنجوێنی
کەرکوک- هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق کە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوە دەچێت بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠٢٠، هەر ١٨ پارێزگاکەی عێراق بەسەر ٨٣ بازنەی دەنگداندان دابەشکراوە، لە هەڵبژاردنی ئەمجارەشدا کاندیدان بە شێوەی سەربەخۆ دەتوانن خۆیان بەربژێر بکەن بۆ بوون بە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
لە بازنەی ١ی پارێزگای کەرکوک، شیرین عەبدوڵا، پاریزەر، وەک کاندیدی سەربەخۆ ژمارە ٣٣ بەربژێرە، ئاژانسی ژنها ڕۆژێک لە شاری کەرکوک لەگەڵ شیرین عەبدوڵادا بوو تا کار و پرۆژەکانی ڕوون بکاتەوە و دەربارەی بارودۆخی شاری کەرکوک دوا.
شیرین عەبدوڵا، پارێزەر و کاندیدی سەربەخۆ دەربارەی بارودۆخی کەرکوک دەڵێت: لە ئێستا کەرکوک لە دۆخێکی سەختدایە، قەیرانە ئابوری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان تەنگی بە هاوڵاتیان هەڵچنیوە، بۆیە وەک کەسێکی شارەکە خۆم بەرپرسیار دەبینم لە ئاست بێ خزمەتی و کەموکورتییەکان، باوەڕم وایە کە دەتوانمم نوێنەری ڕاستەقینەی شارەکە بم.
"لە ڕابردوودا هەوڵ بۆ بەرژەوەندی حزبی دراوە"
شیرین ئاماژەی بەوەدا کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و ئازادبوونی عێراق هاوڵاتیان دڵخۆشبوون، بەڵام پاش ماوەیەکی کەم دەرکەوت کە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم نەیانتوانی خزمەت بە شاری کەرکوک بکەن، وتیشی: ئێستا کێشەی ئاو و کارەبا و بێکاری و چەندانی دیکە کاریگەری کردووەتە سەر هاوڵاتیان، هەڵبژاردنەکانیش دەتوانێت وەرچەرخانێک بێت بۆ بەڕێوەبردن و باشترکردنی خزمەتی کەرکوک، چونکە بینیمان لە ڕابردوودا سوود لە پێگەی کورد نەبینرا بۆ خزمەتی شارەکە خۆی، هەموو ئەو پرۆژانەشی کە هەبوو بۆ بەرژەوەندی و دەستکەوتی حزبەکانی دەسەڵات بوو، بۆیە پێویستە هاوڵاتیان بە وریاییەوە نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن.
کاندیدانی ژنی سەربەخۆ ئەرکێکی قورس دەکەوێتە سەر شانیان
پرسیار لە کاندیدان دەکرێت کە ئایا چییان پێیە بۆ هاوڵاتی و چییان بۆ دەکەن، شیرین دەڵێت لە پێشتردا ئەوەندە بەڵێنی ناڕاست لەلایەن کاندیدانی حزبە سیاسییەکانەوە دراوە، ئێستا هاوڵاتی باوەڕیان بە هەڵبژاردن و بەڵێنی کاندید نەماوە، ئەو کاندیدە ژنانەشی کە چوونەتە پەرلەمان نەیانتوانیوە ڕۆڵی ڕاستەقینەی ژن بگێڕن و بە ئیرادەی ژنانەی سەربەخۆی خۆیانەوە بڕیار بدەن، بۆیە دووجار باوەڕی بە کاندید و ژن نەماوە، دەشڵێت: "وەک کاندیدی سەربەخۆ دوور لە بەرژەوەندی حزبی لە پەرلەماندا بە ئیرادەی ڕاستەقینەی ژنەوە کار دەکەم تا خزمەت بە گەل و شارەکەم بکەم".
کۆمەڵگەی کوردی بەهۆی ئەوەی بە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالار دەناسرێت ناتوانێت پێگەی ژن وەک خۆی بدات، ئەو کاندیدە باس لەوەدەکات کە ڕێگە بە ژنان نادرێت وەک هەبوون و ناسنامەی خۆیان کار بکەن، بە ئەرکی خۆی و ژنانیشی دەزانێت کە کار بکەن تا ژن بە ڕەنج، ئیرادە و ناسنامەی خۆی بتوانن گۆڕانکاری بنەڕەتی بۆ پێشخستنی کۆمەڵگە دروستبکەن.
دەنگ بدەن و نوێنەری ڕاستەقینەی خۆتان هەڵبژێرن
ئەو کاندیدە بە گرنگی دەزانێت و یەکێک لە کارە سەرەکییەکانیشی وەک یاساناس و ژنێک کارکردن دەبێت بۆ ژنان و گەنجان، دەشڵێت پێویستە وەک کاندیدانی سەربەخۆ لە پەرلەماندا بە یەکدەنگ تۆڕێک دروستبکەین بۆ کارکردن لەسەر ئەو یاسایانەی مافی ژنانی تێدا پێشێلکراوە و پرۆژەی خزمەت بە ژنان بخەینەڕوو.
لە کۆتایشدا دەڵێت: "بە پشتیوانی دەنگدەرانم لە پەرلەماندا بەو بەرنامەیەی دامڕشتووە، کاردەکەم بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی شارێک کە فرە نەتەوە و فرە ئاینە"، بانگەوازی بۆ هاوڵاتیانیش کرد کە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و بە لەبەرچاو گرتنی دۆخی پێشوو نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن کە لە ئاست دەنگ و بەرپرسیاریەتیەکان بێت.
ت.پ