شەهێن تاڵەبانی یەکڕیزی بە بنەمای سەرەکی وەستان بەرامبەر دوژمنان دەزانێت
لەبارەی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ خاکی هەرێمی کوردستان و ئەو هێرشە بەردەوامانەی دەکرێتە سەر باشوری کوردستان، شەهێن تاڵەبانی بەهەڵەی کورد خۆی دەزانێت، پێی وایە ئەگەر کورد یەکڕیزبێت هیچ کەس ناتوانێت ئازاری بدات.
تەرزە تەها
سلێمانی- داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کورستان لەلایەن سەرجەم توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگاوە ناڕەزایەتی لێکەوتەوە، بەردەوام چەندین چالاکی جیاواز دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا ئەنجامدەدرێت، لەنێویشیاندا هونەرمەندان دەنگیان لەگەڵ دەنگی هاوڵاتیاندایە.
شەهێن تاڵەبانی، هونەرمەند و گۆرانیبێژی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هاوشێوەی بەشێکی زۆری هونەرمەندان دەنگی خۆی دەخاتە پاڵ دەنگی گەل، بەرامبەر داگیرکارییەکان بۆ سەر باشوری کوردستان ناڕازییە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە ژنها شەهێن تاڵەبانی ڕایگەیاند، هونەرمەندان بەشێکن لە خەڵک و نوێنەری خەڵکن، ئەگەر کاری هونەری بۆ خاک و نەتەوەکەیان بکەن ئەوا ٪١٠٠ کاریگەری هەیە، ئەگەریش هونەرمەندان لەگەڵ خەڵکدا داوای چاککردنی دۆخی باشوری کوردستان بکەن، ئەوا کاریگەری تەواوی دەبێت.
ئەو هونەرمەندە یەکڕیزی گەلی کورد بە بنەمای سەرەکی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکەران دەزانێت، ئەوەی کە داگیرکەران هێرش دەکەنە سەر باشوری کوردستان بە هەڵەی کورد خۆی دەزانێت کە تا ئێستا یەکڕیز نەبوون، دەشڵێت: " ئەگەر هەموو کورد دەست بدەینە دەستی یەک، هەمووان بەیەکەوە بین هیچ وەختێک هیچ کەسێک ناتوانێت ئەو ئازارەی ئێستا پێمان دەدەن، پێمان بدرێت".
شەهێن تاڵەبانی ڕەخنەی ئەوەش دەگرێت، لەم دۆخەدا کە پێویستە کورد یەکڕیز بێت، یەکڕیز و یەک هەڵوێست نییە بەرامبەر داگیرکارییەکان، هاوکات خۆیشی ئەندامی شاندی هونەرمەندانی چوار پارچەی کوردستانە، کە سەردانی باشوری کوردستانیان کردووە لەپێناو نیشاندانی هەڵویست دژی داگیرکاری و لە شاری هەولێر بوون.
ت.پ