دڵسۆز زەنگەنە: بە یەکگرتنی ژنانی چوار پارچەی کوردستان دەتوانین دژی داگیرکارییەکان بوەستینەوە

ژنان کاتێک هێزی خۆیان دەکەن بە یەک، لە توانایاندا هەیە بەسەر هەموو داگیرکارییەکدا زاڵببن، بۆ کۆتایهێنان بە داگیرکاریی دەوڵەتی تورک و ڕێگریکردن ژنانی چوارپارچەی کوردستان بە پێویستیان زانی دەنگیان بکەن بەیەک و بە ڕووی داگیرکاراندا بوەستنەوە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- لە بوونی هەر جەنگ و داگیرکارییەکدا، داگیرکەران ئەوەی چاویان دەچێتە سەر و دەیانەوێت ڕاستەوخۆ داگیریبکەن و بیکەنە موڵکی خۆیان ژنانن، ژن دەبێتە زەرەرمەندی یەکەم، لێدەدرێت، داگیردەکرێت و دەستدرێژی دەکرێتەسەر، لە هەندێک کاتدا دەکرێتە کۆیلە و کەنیزەک، لە ناوچە داگیرکراوەکانی ڕۆژئاوای کوردستانیش ژنانی کورد لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە بە دیل دەگیرێن.

 

هۆکاری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ژنان پێشەنگایەتی تێکۆشان دەکەن لە دژی فاشیزم و داگیرکاری بۆ بونیادنانی ژیانێکی ئازاد و شکۆدار، هەروەها ئەقڵیەتی داگیرکاری بەو شێوەیەیە کە پێیوایە دەتوانێت ژن داگیربکات، بەو پێیەی لە ئێستادا داگیرکارییەکان لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانییەوە بەردەوامن بۆسەر ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان ژنان زیاتر دۆخیان کەوتووەتە مەترسییەوە، لە دژی ئەم داگیرکاری و مەترسییەی بۆسەر ژنان بوونی هەیە ژنانی چوارپارچەی کوردستان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی بە یەکگرتنیان دەتوانن دژی داگیرکارییەکان بوەستنەوە و بە هێزی ژن کوردستان بپارێزن.

 

بۆیە دەستپێشخەریی ژنان بۆ پاراستنی کوردستان لە دژی داگیرکاری دامەزراندنی خۆی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەدا لەپێناو وەستانەوە دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا پێویستە ژنان یەکدەنگ بن.

 

ژنان لە داگیرکارییەکاندا دەکرێنە ئامانج

دڵسۆز زەنگەنە وەک چالاکوانێک لە باشووری کوردستان بەشداری ئەو دەستپێشخەرییەی کردووە و تایبەت بە نوژنها ئاماژەی بەوەدا، ئەو هێرش و داگیرکاریانەی لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا ڕوویدا سەلماندی کە داگیرکەران هەمیشە چاویان لەسەر ژنان و منداڵانە، وەک هێرشەکانی داعش کە دەبینرا ژنان کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرا، بە تایبەت ئەو هێرشانەی لەسەر شەنگال بوون و تیایدا ژنان کرانە ئامانج، بە جۆرێک ژنان بەکاردەهێندرێن کە لە ڕۆژێکدا لەلایەن چەند پیاوێکەوە دەستدرێژیان دەکرایە سەر، هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ بوونی ئەقڵیەتی نێرسالاری کە پێیانوایە دەتوانرێت ژن داگیربکرێت و ببێتە کۆیلە.

 

"بەهۆی ئەوەی ژنان ئەرکی جیاوازیان هەیە لە کۆمەڵگەدا کە بەردەوام هۆکارن بۆ پەروەردەکردنی کۆمەڵگە، منداڵ هەروەها کار دەکەن و لە جەنگدا لە دژی داگیرکاری دەوەستنەوە، هێمان بۆ ئاشتی و بەرخۆدان و ئازادی، لە خێزانەوە بیگرە تا دەگاتە کۆمەڵگە و جەنگەکانیش، چونکە ژنە کە دەتوانێت بەرگەی قورساییەکان بگرێت و گۆڕانکارییەکان دروست بکات، بۆیە داگیرکاران ژنان دەکەنە ئامانج چونکە پێیانوایە ئەگەر ڕێگری لە ژن نەکرێت ئەوە بە ڕوویاندا دەوەستنەوە.

 

"ژنان دەتوانن بە یەکڕیزی گۆڕانکاری بکەن"

ئەو چالاکوانە ئاماژەی بەوەشدا پێویستە داگیرکاران لەوە تێبگەن بە گرتن و ئەشکەنجەدانی ژنان ناتوانن تەواوی کوردستان داگیربکەن، ناتوانن دەستبگرن بەسەر تەواوی ژناندا بەڵکو لە بوونی داگیرکاری ژنان زیاتر بەرخۆدان دەکەن و چەک هەڵدەگرن لە پێناو پاراستنی خاکەکەیاندا.

 

دەربارەی دەستپێشخەری ژنانی چوارپارچەی کوردستان بۆ وەستاندنەوە بە ڕووی داگیرکاراندا وتی "ئەم دەستپێشخەرییە بۆ ژنانی چوارپارچەی کوردستانە بە گشتی و تایبەت ژنانی چالاکە، بۆ ئەوەی دەست لەناو دەست بتوانن بە ڕووی داگیرکاراندا بوەستنەوە، چونکە داگیرکارییەکان لە ئێستادا بەرەو هەڵکشان چوون و گرنگە ڕێگریان لێبکەین".

 

"دەتوانین لە ڕێگای ئەم دەستپێشخەرییە دەنگی ژنان بگەیەنین بە جیهان"

دڵسۆز زەنگەکە باسی لەوەشکرد ژن پێویستە درک بەوە بکات ئەو کەمپەینانەی دژی داگیرکارین تەنها بۆ کەسێک و دوان نییە، بەڵکو بۆ ژنان هەموویانە، چونکە لە مێژووەوە کورد پەرت دەکرێت و هەوڵی لەناوبردنی دەدرێت، "ژنانی باشوور ئەگەر بە چەکیش پێشەنگایەتیان نەکردبێت لە ڕووی فکر و قەڵەمەوە بەرخۆدانیان کردووە، بەڵام ئەوە بەس نییە و پێویستە بگەنە ئەو بڕوایەی بە چەک وەک ڕۆژئاوای کوردستان و بەرخۆدانی ژنانی ئەوێ تێکۆشان بکەن، ئەو ژنانەی لە دەسەڵاتدان دەتوانن لە ڕێگای دەسەڵاتەکەیانەوە زیاتر پەرە بە کەمپەینەکە بدەن، دوور لە کاری حیزبی وەک خودی خۆیان بەشداری یەکڕیزی ژنان ببن و دەنگی ئەم کەمپەینە بگەیەنێتە ئاستی جیهان".