پەیامەکانی نەورۆز ئاگری لە دەوڵەتی تورکیا بەرداوە
نەورۆزی ملیۆنی کوردان و پەیامی یەکگرتووی و بڵندکردنی تێکۆشان کە لە ڕۆژی نەورۆزدا درا، ئاگری لە دەوڵەتی تورکیا بەرداوە و بە ئۆپەراسیۆنێک کە پەدەکە تێیدا هاوکارە، دەیەوێت هێزی کوردان لەناوببات، سیاسەتمەداریكیش دەڵێت: دەبێت هەمووان دژی داگیرکارییەکان بین.
تەوار پێنجوێنی
سلێمانی- نەورۆز، جەژنی نەتەوەیی کورد و ڕۆژێک بۆ دووپاتکردنەوەی تێکۆشان و خەباتە دژ بە زوڵم و ستەم و داگیرکاری، نەورۆزی ملیۆنی ئەمساڵ لە ئامەدی باکوری کوردستان، نەورۆزی هەزارانی قەندیل و ئاگری کوردانی ئەوروپا و ئەمریکا و ئەو پشکۆیەی نەورۆزی کوردان کە ئەمساڵ جیهانی گەرم کردووە، پەیامی هێز و ئیرادەی گەلی کوردی هەڵگرتبوو، پەیامی یەکگرتووی دژی داگیرکاری دا بە گوێی داگیرکەراندا.
٢٦ی ئاداری ئەمساڵ، پاش کۆتاییهاتن بە ئاهەنگەکانی نەورۆز، پیلانی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر باشوری کوردستان بە هاوکاری پەدەکە ئاشکرابوو، پیلانەکەش وەک خۆی لە ١٥ی مانگی نیسانەوە بە بۆردومان و لە ١٧ی مانگەوە بە هێرشی ڕاستەوخۆ بەڕێوەبرا، بەهێزی نەورۆزی ئەمساڵ ئاگری لە دەوڵەتی تورکیا بەردا و بە قبوڵنەکردنی شکستەکانی ئۆپراسیۆنی مانگی شوباتی پارساڵی گارە و مانگی نیسان لە ئاڤاشین، زاپ و مەتینا، ئەوەندەی دیکە دەوڵەتی تورکیا و ئەردۆغانی توڕە کرد، کە ئەگەرچی پیلانەکەشی ئاشکرا ببوو، بەڵام نەوەستا و دەستی بە جێبەجێکردنی پیلان و ئۆپەراسیۆنەکانی کرد.
شەهلا حەفید، جێگری هاوسەرۆکانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، ئاماژەی بەوەدا تەیب ئەردۆغان لەناو شکست و قەیرانێکی سیاسی گەورەدایە، بۆ شاردنەوەی ئەوەش پەلاماری ناوچە جیاوازەکانی کوردستان دەدات بەڵام هێرشەکانی شکست دەهێنیت، لەبارەی هاوکاریکردنی هێزە ناوخۆییەکانی هەرێمەوە دەڵێت: "تورکیا لە زاری خۆیانەوە دەڵێن بە هاوکاری دۆستەکانمان توانیمان بچینە ناو خاکی کوردستانەوە، بەڵام دۆستەکانی ئەردۆغان دەبێت بزانن ئەم هێرش و پەلامارانە بۆ داگیرکاری و نەهێشتنی کوردە، بۆیە دەبێت بزانن کاتێک سوپای تورکیا هاتە ناو باشوری کوردستانەوە، هەریەک لە کوردستانی باکور، باشور و ڕۆژهەڵات دەکەونە مەترسییەوە و لێک دادەبڕێن".
"دەوڵەتی تورکیا بیانووەکەی پەکەکەیە و ئامانجەکەی داگیرکاری باشورە"
شەهلا حەفید، باس لە هێزی نەورۆزی ئەمساڵ دەکات کە پەیامی یەکگرتووی گەلی کوردی هەڵگرتبوو، وتی: نەورۆزی ئەمساڵ پەیامی گەورەی هەڵگرتبوو لەوەی کوردان دژی زوڵم و زۆر بە یەکگرتووی دەمێننەوە، ئەمەش دەوڵەتی تورکیای توڕە کرد و بۆ شکاندنی ئەم یەکگرتنەی گەلی کورد، بۆ داگیرکاری و کورد قڕان، ئەم هەڵمەتەی دەستپێکرد، هەر هێرشێک بە ناوی پەکەکەوە تەنها بیانووە و هەموو جیهان دەزانێت پەکەکە ڕێکخراوێکە بەرگری لە بوونی کورد و ئازادی دەکات، پەلاماردانەکانیش شکاندنی سنور و یاسا نێودەوڵەتییەکانە، ئەردۆغان بەناوی ئیسلامەوە شەرعیەت بە هێرش و کوشتنەکان دەدات، بەڵام لە قورئاندا چوار مانگ شەڕی تێدا قەدەغە کراوە یەکێکیان ڕەمەزانە و ئەردۆغانیش لە ڕەمەزاندا هێرشەکانی دەستپێکرد".
ئەو ئەندامەی کەنەکە، ئاماژەی بەوەدا کە دۆستەکانی دەوڵەتی تورکیا دەبێت بزانن هاوکاریکردن مەترسییە بۆسەر کوردستان، جەخت لەوەش دەکاتەوە کە بێدەنگی کەمتەرخەمی نییە بەڵکو خیانەتە، "چونکە قبوڵکردن و بیدەنگی سەرەتای شەڕی نەمانمانە، ئەگەر وەک نەتەوە و مرۆڤ بمانەوێت بمێنین، دەبێت هەڵوێستمان هەبێت و بێدەنگ نەبین و نەبینە کەوا سوری بەر لەشکر، ژنان دەبێت ڕۆڵیان هەبێت، بەتایبەت ئەو دایکانەی ڕۆڵەکانیان، هاوژین و کەسەکانیان بەشداری لەشکری ڕۆژن، هەڵوێستیان هەبێت و ڕێگری بکەن لە بەشداریکردن لەو تاوان و ڕوو ڕەشییە مێژووییە".
لە کۆتایشدا شەهلا حەفید، جێگری هاوسەرۆکانی کەنەکە، وتی: دەبێت هەمووان خۆیان بەڕێکخستن بکەن، هەموو توێژەکان بە ڕۆژنامەنووسان، کەسایەتییەکان، کەسانی ئاینی لە جێی خۆیان و بەپێی پیشەکانیان بێدەنگ نەبن و هەڵوێستیان هەبێت، ژنان لە مێژوودا ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە، بەتایبەت ژنانی کورد، لە ڕۆژئاوا شەڕیان کرد و لە باکور وەک گەریلا دەجەنگن و پارێزگاری لە شەنگال و لە چیاکانەوە بەرگری لە خاک و نەتەوە دەکەن".