پەیمان عزەدین، تیرۆرکردنی ئازادیخوازان، بێدەسەڵاتی حکومەت دەسەلمێنێت
دەسەڵاتدارانی هەرێم، لە پای بێدەسەڵاتیان و کەوتنە ژێر کاریگەری دەوڵەتانی داگیرکەر ڕێگە خۆشدەکەن بۆ تیرۆرکردنی ئازادایخوازان و ژنانی تێکۆشەر.
سلێمانی
پارێزەر پەیمان عزەدین، وەک پارێزەرێک و چالاکوانێکی ژنان دەربارەی تیرۆرکردنی شەهید "ناگیهان ئاکارسەل"، کە دوێنێ بەرواری ٤ی تشرینی یەکەم لە نزیکی ماڵەکەی خۆیدا لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی بە دەستڕێژیی گولە شەهید کرا، ئاماژەی بەوەکرد:
دووبارەبوونەوەی تیرۆرکردن لە شاری سلێمانی و هەرێمی کوردستاندا بۆ خۆی کارەساتە، بە تەنها کوشتن و تیرۆرکردنەکان کارەسات نین بەڵکو پێشەنگایەتی و ڕێخۆشکردن بۆ ئەنجامدانی ڕووداوەکان و کارەساتەکان، ئەمەش بێ باکی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بەتایبەت ئەو دەسەڵاتەی لە سلێمانیدا حکوم دەکات کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە.
"حیزب و دەسەڵاتدارانی سلێمانی، ناتوانن ئەمنیەتی سلێمانی ڕابگرن"
ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەدا، ئەم ڕووداوانە دەیسەلمێنێت کە حیزبی دەسەڵاتی ناو شاری سلێمانی ناتوانێت ڕێگە لە تیرۆر بگرێت و ئەمنیەت بۆ هاوڵاتیانی خۆی دابین بکات، چونکە کوردێک لە هەر پارچەیەکی کوردستان بێت کاتیک گیانی پارێزراو نەبێت واتە گیانی هاوڵاتیان پارێزراو نییە بێ جیاوازی، بۆیە بەرپرسیارێتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، دەریدەخات شکستی ئەو پارتەیە بۆ پارێزگاریکردنی ناوچەکە.
"ژنان جگە لە لایەنی کۆمەڵایەتی بەهۆی سیاسەتەوە زیاتر توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت"
ڕوونیکردەوە، تیرۆرکردنی هەڤاڵ زیلان، کوشتنێکی ئاسای ژنان نییە بەڵکو دۆسیەیەکی سیاسییە، تیرۆرێکە دەرهەق بە فکر و کوردێک کراوە لە پای کوردبوون و ئەو شۆڕشەی کردوویەتی، کوشتنی ژنان لە باشووری کوردستان تەنها لە چوارچێوەی سیاسەتدا خۆی نەبینیوەتەوە بەڵکو ژنان بەردەوام کە دەکوژرێن و توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت هۆکاری دیکەشی هەیە کە پەیوەندیدارە بە کلتوور و دابونەریتی چەند ساڵەی کۆمەڵگای کوردییەوە هەیە.