"پێویستە ژنان لە باشوری کوردستان ئەم دۆخەی ئێستای دەسەڵات قبوڵ نەکەن"

هەدلە حەسەن، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار لە هەرێمی فورات، سیاسەتەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە باشوری کوردستان بە خزمەتکردن بە دەوڵەتی تورک ناودەبات و داوا لە ژنانیش دەکات خاوەن پێگە و ڕۆڵ بن.

 

بەرچەم جودی

کۆبانێ- دەوڵەتی تورک چەند ساڵێکە بە فەرمی خۆی لە باشوری کوردستان دەیان بنکەی سەربازیی دامەزراندووە، بوونی دەوڵەتی تورک لەسەر خاکی باشور بە هەر شێوەیەک بێت داهاتووی یەکڕیزیی کورد دەخاتە مەترسییەوە، بەتایبەتی هاوکارییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکە لەگەڵ تورکیا، کە ڕازییە بە هەبوونی دەوڵەتی تورک لە خاکەکەیاندا، هەدلە حەسەن، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستاری هەرێمی فورات، دەربارەی بارودۆخی باشوری کوردستان بۆ ئاژانسەکەمان دوا.

 

"گەلی کورد وەکو ٢٠ ساڵی ڕابردوو نییە"

هەدلە پلانەکانی دەوڵەتی تورکی هەڵسەنگاند و وتی: بوونی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە باشوری کوردستان بە مۆڵەت و هاوکاری پەدەکەیە، دەوڵەتی تورک هەڵمەتێکی دژی شەڕڤانانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان دەستپێکردووە و پێی وایە ئەگەر تەڤگەری ئازادی تێکبشکێت، گەلی کورد نامێنێتەوە، کاتێک دەوڵەتی تورک ڕێبەری ئاپۆی گرت و گۆشەگیریی کرد، وتیان ئێستا بوونی کورد و کوردستان لەناودەبرێت، بەڵام ئێمە دەڵێین هەر وەک چۆن گەلی کورد بە دەستگیرکردنی ڕێبەر ئاپۆ هێز و ئیرادەیەکی گەورەتری بۆ دروستبوو، بە ئامانجگرتنی شەڕڤانانی تەڤگەری ئازادیش بەرخۆدانی ئێمە بەهێزتر دەبێت، گەلی کوردیش وەکو ٢٠ ساڵی ڕابردوو نییە.

 

"دەوڵەتی تورک دەیەوێت پلانی عوسمانی جێبەجێ بکات"

هەدلە ڕێکەوتی لۆزانی هێنایە بەرباس و وتی: دەوڵەتی تورک لە کەسایەتی چەتەکانی داعش لە رۆژئاوای کوردستان-باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا شکستیان هێنا، بۆیە ڕووی لە باشوری کوردستان کرد و پەدەکەش لەسەر حسابی گەلەکەی بەرژەوەندییەکانی تورکیا جێبەجێ دەکات، ئەوا کەسانەی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بە هاوکاری پەدەکە هێرش دەکرێتە سەریان، منداڵ و ڕۆڵەکانیان لە چیاکانی کوردستاندا دەژین، بەڵام دەوڵەتی تورک دەیەوێت مێژوو دووبارە بکاتەوە تا ساڵی ٢٠٢٣ کە هاوپەیمانی لۆزان کۆتایی پێدێت.

 

ئەو ئەندامی کۆنگرەی ستار ئاماژە بە پلانی عوسمانییەکان دەکات کە دەوڵەتی تورک دەیانەوێت لەڕێی پەدەکەوە جێبەجێ بکات.

 

"پێویستە ژنانی باشوری کوردستان هەڵوێستی خۆیان نیشان بدەن"

هەدلە ئاماژە بەوە دەدات کە باشور پارچەیەکە لە کوردستان و مافی هەر کوردێکە کە تێیدا بژی، وتیشی: بەڵام پەدەکە هەمان پلانی دەوڵەتی تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستان بەسەر باشوری کوردستانیشدا جێبەجێدەکات، دەوڵەتی تورک چەندەها سیاسەتمەدار و ئازادیخوازی لە ڕۆژئاوا بەئامانج گرت وەک هەڤرین خەلەف، دەخوازێت لە ڕێگەی پەدەکەوە هەمان شت لە باشوری کوردستانیشدا بەڕێوەببات، نمونەی ئەوەش ئەو سیخوڕی و کەمینانەیە کە پەدەکە بۆ شەڕڤانانی ئازادی دەکات و دەستگیرکردنی سێ سیاسەتمەداری ڕێوەبەری خۆسەر و سێ چالاکوانی ڕژاک ئەو پلانانەن کە پەدەکە بۆ دەوڵەتی تورکیای جێبەجێ دەکات.

 

ئەو ئەندامەی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار، داوا لە ژنانی باشوری کوردستان دەکات کە خاوەن هەڵویست و ڕۆڵ بن و ئەو سیاسەتانەی پەدەکە و پلانەکانی دەوڵەتی تورکیا قبوڵ نەکەن.

 

ت.پ