"پڕۆسەی ئاشتی و دیموکراتیک لە بژاردەیەکی نمونەییەوە بۆ پێویستییەکی ستراتیژی دەگۆڕدرێت"
شیلان ئەحمەد، هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لەپەیوەندی نێودەوڵەتی و دبلۆماسی، ئاماژەی بەوەکرد: کۆنگرەی پەکەکە خاڵێکی وەچەرخانی بەدوای خۆیدا هێنا، پڕۆسەی ئاشتی و دیموکراتیک لە بژاردەیەکی نمونەییەوە، بۆ پێویستییەکی ستراتیژی دەگۆڕدرێت.
					هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ پرسی ئاشتی، لە باکووری کوردستان ئاڵۆزترین پرس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە لەخۆگرتنی چەندین لایەنی سیاسیی نەتەوەی و ئەمنی، کە دەیان ساڵە بەبێ چارەسەرکردن ماوەتەوە و بەردەوامە، هەبوونی ئەو ململانێ سیاسیی و بەرگریکردن لە مافی کورد لە لایەن گەریلایانی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە، و دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، تەنها ناکۆکییەکی چەکداری نەبووە، بەڵکو ناکۆکییەکە لەسەر ناسنامەی بەشێک لە کورد، لەسەر بەشێکی جوگرافی گەورە کە لە ناو دەوڵەتی تورکیادا ژیان دەکەن، دەرکەوت ئەم ململانێیانە لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێکدا نابێت، پاسان پڕۆسەی ئاشتی لە بژاردەیەکی نمونەییەوە بۆ پێویستیەکی ستراتیجی دەگۆڕێت، سەرهەڵدانی پڕۆسەی ئاشتی پاش ئەنجامدانی جەنگی چەندین ساڵە دەهێندرێتە بوون، سەرەڕای جەنگەکان و هەبوونی پڕۆسەی ئاشتی لە لایەن پارتی کرێکارانی کوردستانەوە، ئیدی تورکیا لە ڕووی ئابووری و چەکدارییەوە زەبری توندی لە لایەن گەریلایانەوە بەرکەوت، لێرەدا پرسی ئاشتی گۆڕانکاری بەسەردا هات، دەستپێشخەری ئاشتی گۆڕدرا بۆ هەوڵیک بۆ پێناسەکردن پەیوەندی نێوان دەوڵەت تورکیا و کورد، لەچوارچێوەیەکی سیاسیی نوێدا، کە هاوسەنگی لە نێوان یەکێتی تورکیا و مافەکانی پێکهاتەی کورددا دروست بکات، ئەم قۆناغە چەندین ئاڵانگاری و هەڵای لە تورکیادا لێکەوتەوە، لەگەڵ دەستپێکی قۆناغی چاکسازی دەوڵەتی تورکیا و پەڕەوکردنی وتاری کراوەتر لە لایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە، پرسی ئاشتی دەستی بەگەشەکردن کرد، پاشان دەستپێشخەرییەکانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان، بۆ پرسی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەستکەوتێکی مێژووی گرنگ بوو بۆ گەلی کورد، هەبوونی پرسی ئاشتی و سەلماندنی پڕۆسەی ئاشتی و دیموکراتیک لە لایەن گەریلاکانی پەکەکەوە دەنگدانەوەی جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا، بۆ تەواوی جیهانی پشتڕاستکردەوە، کە گەلی کورد هەردەم ئاشتیخواز بووە.
"کۆنگرەی پەکەکە خاڵێکی وەچەرخانی بەدوای خۆیدا هێنا"
شیلان ئەحمەد، هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لەپەیوەندی نێودەوڵەتی و دبلۆماسی، ئاماژەی بەوەکرد: کۆنگرەی پەکەکە کە لەدوای ٥ بۆ ٧ی ئادار دا بەسترا، خاڵێکی وەچەرخانی بەدوای خۆیدا هێنا، کە لەم کۆنگرەیە پەیامەکانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، کە لەزیندانەوە دەینارد گفتوگۆ کران و تێیدا داوای گۆڕانکاری لە خەباتی چەکدارییەوە بۆ خەباتی سیاسی دیمکراتیک کردبوو، ئەم پەیامانە لەناو پارتەکەدا ڕەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو، کە ئارەزووی گواستنەوەیان لە ڕووبەڕوو بوونەوە و بەشداریکردن نیشان دا لە ١١ تەمووزدا، کە ئەم ئاراستەیە لە ڕووی کردارییەوە سووتاندنی چەکەکان بەرجەستبوو کە جووڵەیەکی هێمای بوو، لەهەمانکاتدا واتایەکی سیایسی قوڵی هەبوو، لەململانێ درێژخایەنەکاندا هەندێکجار گۆڕانکاری لە شێوازی خەبات لەکردە سەربازییەکانەوە بەهێزترێکە چونکە دەرگا بۆ گۆڕانارییەکی دەروونی و کۆمەڵایەتی لە هۆشیاری بەلایەنگرانی هەردوولا دەکاتەوە، ئەم هەنگاوە وەک ڕاگەیاندنی خواستیان ئامادەی پارتەکەی لەبەرامبەر مافە سیاسی و کولووریەکان دووپاتکردەوە.
"کشانەوەی گەریلا لە سنووری تورکیا بۆ بڕینی بیانووی تورکیا بوو"
شیلان ئەحمەد ڕوونیکردەوە، کە ڕاگەیاندنی کشانەوەی گەریلا لەسنوورەکانی تورکیا لە ٢٦ی تشرینی یەکەم، وەک هەنگاوی دەووەم لە دروستکردنی متمانە نرا لە ڕووی سیاسیەوە ئەم بڕیارە بەواتایە بوو، کە بیانووی دەوڵەتی تورکیا ببڕێت و بیسەلمێنێت کە چیتر ئامانجی ململانێی چەکدار نییە، بەڵکو ئامانجی گفتوگۆی سیاسیە، هەروەها کشانەوەی گەریلاکان بەرەو باکووری کوردستان تەنها جوڵەیەکی مەیدانی نییە، بەڵام گۆڕانکاریە لە ستراژیدا کە ئامانجی گۆڕینی پارتەکەیە لە ئەکتەرێکی سەربازیەوە بۆ ئەکتەرێکی سیاسی کۆمەڵایەتی، دەبینین کە حکومەتی تۆرکیا خۆی پاراست، چونکە کشانەوەکەی بە مانۆڕێکی تاکتیکی زانی وەک لەوەی کە گۆڕانکاریەکی بنەڕەتی بێت،.
" بەتایبەتی لە ناو پەکەکە ژن ڕۆڵی یەجگار گەورەی گێراوە لە مێژووی خەباتیادا"
وتیشی: سپاردنی ئەرکی بەهێزکردنی پڕۆسەی ئاشتی بە ژنان تیگەیشتنێکی نوێ بوو لەم قۆناغە، چونکە زۆر جار دروستکردنی ئاشتی تەنها بە دانوستانی سیاسی نابەسترێتەوە بەتایبەتی لە ناو پارتێکی وەک پەکەکە کە ژن ڕۆڵی یەجگار گەورەی گێراوە لە مێژووی خەباتیادا، بەڵکو پێویستی بە گۆڕانکاری کۆمەڵایەتییە هەر بۆیە دەبینین کە ژنی کورد هێمای خەبات بوو لە گۆڕەپانی جەنگدا، ئێستا بووەتە هێمای دروستکردنی داهاتوو، بوونی ژنان لەم پڕۆسەیە ڕەهەندێکی مرۆیی و ئەخلاقی زیاد دەکات، چونکە ژنان زیاتر گرنگی بە پرسەکانی دادپوەروەری و ئاشتەوایی و پێکەوەژیان دەدەن، وەک لە ملململانێی دەستکەوتی سیاسی، کە ئەمەش یاساییەکی کۆمەڵایەتی گەورە دەبەخشێت.
شیلان ئەحمەد، جەختی لەوە کردەوە لەڕووی سیاسیەوە، ئێستا بەرپرسیارێتی لەسەر حکومەتی تورکیایە بۆیە چەند هەنگاوێک پێویستە کە بەکرداری بیکات، وەک وەستاندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، بۆ نیشاندانی خواستی پاکی خۆی بۆ پرۆسەکە، دەستکاری کردن یان چاکسازیکردنی یاساکانی پەیوەندیدار بە تیرۆر کە زۆرجار بە هۆی پشتبەستن بەو چالاکییانە چالاکییە سیاسیەکانی کوردی سەرکوت کردووە، هەروەها دەستپێکردنی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ لایەنی بەرامبەر چ ئەو گفتوگۆیانە لە ناو کادرانی پارتەکە بێت یان لە ناو خەڵکی مەدەنیدا بێت، لەگەڵیشیدا گرنگیدان بە مافە کولتووری و سەرەتاییەکانی کورد وەک ناساندنی زمانی کوردی وەکو زمانی فێرکردن کە ئەمە سەرەتایترین مافە، پێداچوونەوەی دۆسیەی زیندانییە سیاسیەکان جارێکی دیکە، گرنگیدان بە ناوچە کوردنشینەکان لە ڕووی ئابوورییەوە کە لەچاو ناوچەکانی دیکە پەراوێز خراون.
" گەیشتن بە ئاشتی لە باکووری کوردستان پێویستی بە ئیرادەیەکی سیاسی ڕاستگۆیانە هەیە"
شیلان ئەحمەد، لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد گەیشتن بە ئاشتی لە باکووری کوردستان پێویستی بە ئیرادەیەکی سیاسی ڕاستگۆیانە هەیە لەلایەن هەردوولاوە، ئاشتی ڕاستەقینە تەنها بە واژووکردنی ڕێککەوتننامەیەک بەدەست نایەت، بەڵکو لە درووست بوونی متمانە لە نێوان هەردوولاوەوە یەتە دی، ئەگەرحکو مەت و دەسەڵات دارانی تورکیا بنوانن مامەڵە لەگەڵ پرسی کوردا بکەن، وەک پرسێلی مرۆڤی وە دانیشتوانی زۆری ئەو خاکە، کە مافیان هەیە وەک هەموو مرۆڤێک نەک وەک پرسێکی ئاسایشی ئەوا نەک تەنها ئاشتی لەناو وڵاتەکی خۆی بەدەست دەهێنێت، بەڵکو لە ناوچەکەشدا دەبێتە هێزێکی ئاشتیخواز، وە پەکەکە گۆيڕێنی لە هێزێکی چەکداری بۆ هێزێکی ئاشتیخواز یاساییەکی پێدەبەخشێت کە بەشدار بێت لە بونیادنانەوەی داهاتووی گەلەکەی لەناو تورکیادا، ئەمەش دەکرێت وەک تاقیکردنەوەیەکیش ببیندرێت لە نێوان ئەوانەی کە ئاشتی نێوان ئەو دوولایەنە بە فریادڕەسێک دەبینن کە بەرەو ڕزگارکردنی گەلێکە کە چەندین ساڵە دەچەوسێندرێتەوە و مافەکانی زەوت دەکرێت لگەڵ ئەوانەی بە مەترسی و هەڕەشەی دەزانن بۆ زیاتر سەرکوتکردنی کورد.