پەرێز سابیر: میدیا ئەوەندەی گرنگی بە وتاری حزبی دەدات، گرنگی بە بەرژوەندی نەتەوەیی نادات
لە ئێستادا داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا تا بێت بەرفراوان دەبێت، لە تازەترین داگیرکارییشدا دارەکانی دەڤەری بادینان دەبڕێتەوە، ڕۆژنامەنووسێکیش ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، ئەوەندەی گرنگی بە گوتاری حزبی دەدرێت، گرنگی بە پرسە نەتەوەییەکان نادرێت.
تەرزە تەها
ناوەندی هەواڵ- داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا تا بێت زیاتر دەبێت، بەردەوام تۆپبارانی ناوچە سنورییەکان دەکات، هاوکات لە نوێترین کاریشیدا، دارستانەکانی دەڤەری بادینان لەناودەبات، درەختەکانی دەبڕێتەوە، ئەمەش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ناڕەزایەتی زۆری لێکەوتووەتەوە.
داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بە تایبەتی لەم ماوەییەی دوایدا بووەتە جێگەی ڕەخنەی زۆرینەی هاوڵاتیان، کەسایەتی سیاسی و هونەرمەندان، لەبەرامبەریشدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە زاری وتەبێژەکەیەوە، جوتیار عادل تەنها بەیاننامەیەکی شەرمەزارانەی بڵاوکردووەتەوە، کە خودی ئەم بەیاننامەیەش بووەتە جێگەی ڕەخنەی هاوڵاتیان، بە بەیاننامەیەکی (ترسنۆکانە) وەسفیان کردووە.
پەرێز سابیر، ڕۆژنامەنووس ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، کە کوردەکان لەگەڵ داگیرکارییدا ئەزموونێکی دورودرێژییان هەیە، بەرپەرسیارێتیەکەشی دەخاتە ئەستۆی پارت و حزبە سیاسییەکان، کە کەمتەرخەمن و هیچ هەڵوێستێک نانوێنن.
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، دەڵێت "حزبە سیاسییەکانمان خۆیان بە بەرپرسیار نازانن بەرامبەر ئەو داگیرکارییانە، بەڵام دەبینین لە دەرئەنجامدا بۆ هەرێمی کوردستان و کورد خراپ دەشکێتەوە"، هەروەها هیوای خواست بەرپرسەکان لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیاررێتی نەتەوەییەوە لە بابەتەکە بڕوانن، تا بە زیان بەسەر هەرێمی کوردستاندا نەشکێتەوە.
دەربارەی ڕۆڵی ڕاگەیاندن لەم دۆخەدا، باسی لەوەکرد ڕۆڵی میدیا لەسەر کۆمەڵگای کوردی لە کاتی شەڕ و داگیرکارییەکاندا، گوتاری حزبی زاڵبووە بەسەر بەرژەوەندی گۆمەڵگا و پرس و کێشەکانی هاوڵاتیدا، ئومێدەوارە میدیای کوردی جارێکی دیکە بە خۆیدا بچێتەوە و گرنگی بە پرسە کۆمەڵایەتی و نەتەوەییەکانیش بدات.
ت.پ