پەرلەمانتارێک: بێدەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق هۆکاری لەشکرکێشی دەوڵەتی تورکیایە

پەرلەمانتارێکی عێراق ڕایدەگەیەنێت دەوڵەتی تورکیا لە ساڵانی ڕابردووشدا دارەکانی باشوری کوردستانی دەبڕییەوە و دەیگواستەوە بۆ تورکیا، داواشمان کردووە کە "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بێتە پەرلەمانی عێراق بۆ گفتوگۆ لەو بارەیەوە.

 

تەوار پێنجوێنی

ناوەندی هەواڵ- بڕینەوەی دارەکانی باشوری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە و گواستنەوەی بۆ تورکیا دەنگدانەوەی گەورەی لەناو هاوڵاتیانی باشوری کوردستاندا لێکەوتەوە، هاوڵاتیان بێدەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بە هۆکاری لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورکیا و بە تاڵانبردنی دارستانەکانی دەزانن.

 

لەو بارەیەوە ئارەزوو مەحمود، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە ئاژانسی ژنهای ڕاگەیاند کە داوامان کردووە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەسەر لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورکیا و بە تاڵانبردنی خاکی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ بکرێت.

 

ئارەزوو مەحمود ئاماژەی بەوەدا پێویستە لیژنەیەک بچێتە ناوچەکە تا بەڵگەی تەواومان لەبەردەستتدا بێت و کاری جدیشی لەسەر دەکەین، هەروەها وتیشی: من وەک پەرلەمانتارێک و فراکسیۆنەکەشم داوامان کردووە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بێتە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان، ئێمە هەڵوێست و داواکاری خۆمان دەخەینە ڕوو کە لیژنەیەکی تایبەت پێکبهێنرێت بۆ بەدواداچوونی بابەتەکە و هەڵوێستی دەوڵەتی عێراق بە فەرمی ڕابگەیەندرێت، چونکە ئەو لەشکرکێشییە پێشێلکردنی سەروەری دەوڵەتی عێراق و وێرانکردنی ژینگەیە و هیچ وڵات و کەسێک ئەمە پەسەند ناکات.

 

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشدا: ئاگادارین لە چەند ساڵی ڕابردوودا دەوڵەتی تورکیا داری دارستانەکانی سنوری پارێزگای دهۆکی دەبڕییەوە و دەیگواستەوە بۆ تورکیا، بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراقی فیدراڵ و سەرۆکایەتی کۆمار لەم بارەیەوە بێنە دەنگ چونکە ئەم کردەوانە پێشێلکردنی سیادەی دەوڵەت و وێرانکردنی ژینگەیە، لە پێشتردا دەوڵەتی تورکیا لەشکرکێشی کردووە خاکی عێراق و باخ و بێستانەکانی ناوچە سنورییەکان سوتێنراون و زیانی زۆر بە جوتیارانی ناوچە سنورییەکان کەوتووە.

 

پەرلەمانتار ئارەزوو مەحمود هۆکاری ئەو کارەساتانە بۆ بێدەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دەگەڕێنێتەوە و ڕاشیگەیاند کە داوایان کردووە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بچێتە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گفتوگۆ کردن لەو بارەیەوە.

 

ت.پ